لە کوێی بە کردار کردنی سوێندو پرەنسیپەکانداین؟

ليست هناك تعليقات


فارس نەورۆڵی 
-
کۆمەڵگا پێکدێت لە کۆمەڵێ چین و توێژی جیا جیا، لە کۆمەڵێ کایەی جیاوازی سیاسی و پەروەردەیی و تەندروستی و ئاینی و ئەندازیاری و مەعریفی دواجار حکومەت و دەوڵەتداری ئیدارەی کۆمەڵگا دەکات. لە ڕێگای ئەم کایانەوە، تاک بزوێنەری ئەم کایانەیە.

ئەگەر کۆی ئەم کایانە بەشێوەیەکی دروست و دڵسۆزانە و ڕاستگۆیانە پرەنسیپ و سوێندەکانیان بکەنە کردار، کۆمەڵگایەکی هاوسەنگ و دروست بەرهەم دەهێنین. چونکە هەریەک لەم کایانە سوێندو پرەنسیپ و ئەخلاقی خۆی هەیە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سوێندەکەی هیپۆکراتیس (Hippocrates)، حەکیمی یۆنانی کۆن، کە بە باوکی پزیشکی دادەنرێت ئەم حەکیمە سوێندێکی خواردووە، کە دواتر لە کایەی پزیشکیدا بووە بە نەریت و هەتا ئێستا ئەو سوێندە دەخورێت. دەکرێ ئەم سوێندە بە شێوازێکی دیکە بۆ هەموو کایەکانی دیکە بگشتێنین وەک پرنسیپ و ئامانج و ئەخلاقی هەرکایەکی دیکە، بەراوردی هەر یەکێک لەو کایانە لەتەک سوێندو پەیام و ئەخلاقیاتی کایەکەیدا بەراورد بکەین بزانین بۆ ئاستی کردار جێبەجێی کردووە، دواتر دەبێ ئەو پرسیارە بکەین ئێمەی کورد بۆ گەیشتوینەتە ئەم دۆخە؟ بۆچی لەم قەیرانە قوڵەداین و ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو داڕزان دەڕوات؟ بۆیە دەبێت کۆی پێکهاتە و چین و توێژەکان ئەم پرسیارانە لە خۆیان بکەن.

ئایا حزبەکان و سیاسییەکان توانیویانە لەتەک پەیام و ئامانج و دروشمەکانی خۆیاندا ڕاستگۆبن و بیکەن بە کردار؟

ئایا هەڵگرانی بیری ئیسلامی سیاسی توانیویانە پەیامی ئاینی بکەنە کردار؟

هەڵگرانی ئاینە جیا جیاکان، کە تێکەڵ بە کایەی سیاسییان کردووە هەتا چەند پەیامەکانیان بۆ خزمەتی گشتی بەکارهێناوە؟

ئایا پزیشکەکان سوێندەکەی هیپۆکراتیس (Hippocrates)یان وەک خۆی جێبەجێ کردووە؟ یاخود کردویانە بە بازرگانی و بێ تێگەشتن لە حاڵی نەخۆش تەنها پارە پەیدادەکەن

ئایا ئەندازیارەکان پەیامی بنیاتنانیان جێبەجێ کردووە؟ 
ئایا دادوەرەکان داد دەچەسپێنن یان بەرژەوەندی بۆ خۆیان دروستدەکەن؟
مامۆستا توانیویەتی پەیامی پەروەردەیی وەک خۆی بگەیەنێت؟ زانکۆ توانیویەتی ئەقڵ بەرهەمبهێنێت؟
بزنسمان و بازرگانەکان بۆ نیشتمان سودیان هەبووە یاخود بە هەر ڕێگایەک بووبێت تەنها ئامانجیان قازانج بووە؟ 
ئایا میدیا پەیامی گەیاندنی ڕاستییەکان بووە یان چەواشەکاری؟
ڕۆشنبیرەکان فکریان بەرهەمهێناوە یان بە دوای بە دەسهێنانی ئیمتیازەوە بوون و زیاتر شیرازەکەیان تێکداوە؟
دامەزراوەکانی حکومەت لەچی ئاستێکی فەرمانڕەوایدان؟ 
لەسەر ئاستی تاک بۆ چاکەی گشتی کارمان کردووە یاخود خودپەرستانە؟

دواجار ئەگەر ئەم کایانە ئەم چین و توێژانە هەریەکە و ئەو پرسیارانە لە خۆیان بکەن تێدەگەین بۆچی گەشتوینەتە ئەم دۆخە و ئەم مەئزەقە. تەنهاچارەش گەڕانەوەیەبۆپرنسیپەکان وڕاستگۆیانەجێبەجێ کردنی سوێندەکان وەک خۆی ،سەبارەت بەم پرسیارانە و بە کردارکردنیان دەتوانم بڵێم، تەنها پێشمەرگە و کرێکاران و جوتیاران ئەرک و پەیامی خۆیان کردووە بە کردار، ئەگەر هەڵەشم کردبێت لەم وتارەدا، خوێنەران دەتوانن بە وتارێک بۆم ڕاستبکەنەوە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif