نەتەنیاهۆ و بن زاید، داوا لەیەك دەكەن سەردانی وڵاتەكانیان بكەن

ليست هناك تعليقات



هەریەکە لە بنیامین نەتەنیاهوو و محەممەد بن زاید بانگهێشتی یەکدی دەکەن، نەتەنیاهوو دەڵێت "محەممەد بن زایدم بانگهێشتکرد بۆ ئیسرائی، ئەویش منی بۆ ئەبوزەبی بانگهێشتکرد".

دوای دروستکردنی پەیوەندیی ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەکەم بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بەمزووانە کۆببنەوە.

هاوکات شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی رایگەیاندووە، لەگەڵ نەتەنیاهوو تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پرسی ئاشتییان لە ناوچەکە کردووە.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە وەزیرەکانی کابینەکەیی راگەیاندووە "کۆتایی هەفتە [ی رابردوو] قسەم لەگەڵ هاوڕێکەم، شێخ محەممەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئیمارات کرد، بانگهێشتم کرد و ئەویش بانگهێشتی کردم".

وەزیرانی کابینەکەی نەتەنیاهوو تێکڕا دەنگیان دا لەسەر ئەوەی رێککەوتنی ئاشتی ببرێتە پەرلەمان [کنیسێت] بەمەبەستی دەنگدان لەسەری. بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2020 پەرلەمانی ئیسرائیل دەنگ لەسەر رێککەوتنەکە بدات.

بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، سەرۆکوەزیرانەکەیان بە شازادەی جێنشینی ئیماراتی گوتووە، رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیمارات "بەبێ دواکەوتن" لە کنیسێت دەنگی لەسەر دەدرێت و قبووڵ دەکرێت.

رۆژی 13ی ئابی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رێککەوتنی ئیسرائیل و ئیماراتی بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات راگەیاند.

دوای رێککەوتنەکەی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتیش، فڕۆکەیەکی سڤیلی ئیسرائیلی یەکەم گەشتی راستەوخۆ لەنێوان تەلئەڤیڤ و ئەبوزەبیدا کرد. هەنگاوی داهاتووی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، کردنەوەی باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەکان دەبێت.

رۆژی 28-1-2020 سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلانی ئاشتی، ناسراو بە رێککەوتنی سەدەی بۆ چارەسەری کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین خستەڕوو و رایگەیاند، ئامانجی لە پرۆژە پێشنیازکراوەکە بەدیهێنانی ئاشتیی راستەقینەیە و گوتیشی "کاتی ئەوە هاتووە جیهانی ئیسلامی جارێکی دیکە هەڵە نەکات و دان بە ئیسرائیلدا بنێت".

بەشێکی پلانی رێککەوتنی سەدە ئابوورییە، سەرۆکی ئەمریکا لەو بارەیەوە گوتی "پێشنیازەکەی ئێمە ملیۆنێک هەلی کار لە فەڵەستین دەڕەخسێنێت.. ئەگەر ئەو وڵاتە ئاشتی هەڵبژێرێت، بە بڕی 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە فەڵەستین دەکرێت".

بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوکات سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ راگەیاندنی پلانەکە و بە "باشترین هاوڕێی ئیسرائیل کە تاوەکو ئێستا لە کۆشکی سپی هەیبووبێت" ناویبرد، هاوکات گوتیشی کە کاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی دان بە "دەوڵەتی ئیسرائیل وەکو دەوڵەتێکی جوولەکە" بنرێت.

مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستین لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی رێککەوتنی سەدە رایگەیاند، دەوڵەتی فەڵەستین لە پلانەکەی دۆناڵد ترەمپدا هاوشێوەی پەنیرەکەی تۆم و جێرییە.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif