ئیسرائیل و بەحرەین حەوت رێککەوتنیان لە بواری جیاواز واژۆکرد

ليست هناك تعليقات




ئیسرائیل و بەحرەین رۆژی یەکشەممە بەفەرمی دەستیان بە پەیوەندیی دیپلۆماسی کرد و، لە حەوت بواری جیاوازدا رێککەوتنیان واژۆکرد.

موئیر بن شەبات، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل دوێنێ بە سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی چووە پایتەختی بەحرەین، بە فڕۆکەیەکی بازرگانی کە لە تەلئەڤیڤەوە بە ئاسمانی سعودیە بەرەو مەنامە بەڕێکەوتبوو، ئەمەش یەکەم هەنگاوی هاوشێوەیە لەنێوان هەردوو وڵات.

شاندە ئیسرایلییەکە، شاندێکی ئەمەریکییان لەگەڵدابوو بەسەرۆکایەتیی ستیڤن مەنوشن، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا.

لە ئاهەنگێکدا کە بەرپرسانی باڵای هەردوو وڵات ئامادەی بوون، رێککەوتن لەنێوان ئیسرائیل و بەحرەین واژۆکرا. بەهۆی ئەو رێککەوتنە دەست بە پەیوەندیی دیپلۆماسیی تەواو دەکرێت لەنێوان هەردوو وڵات، هەردووکیان باڵیۆزخانە لە وڵاتی یەکتر دەکەنەوە، گەشتی ئاسمانی لەنێوان هەردوو وڵات دەستپێدەکات، ئەمانەش جگە لە حەوت لێکتێگەیشتن لە چەندین بواری جیاواز لەنێوان هەردوو وڵات.



وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، دوێنێ (یەکشەممە، 18-10-2020) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هەردوو وڵات رێککەوتووین لەسەر پەیوەندیی دیپلۆماسی و هاوکاریکردنی یەکتر لە بوارەکانی: ئابووری، فڕۆکەوانی مەدەنی، ئابووری، پەیوەندییەکان و کشتووکاڵ.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە؛ ئیسرائیل ئیدی هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین دەکات. ئاماژەی بەوەش داوە هەردوو وڵات رێککەوتوون لەسەر ئەوەی دیپلۆماسییەکانیان پێویستییان بە ڤیزا نەبێت بۆ سەردانیکردنی ئیسرائیل و بەحرەین.

بەحرەین، شانشینێکی بچووکە لە بەرامبەر سعودیە و دووەم وڵاتی کەنداوە لەدوای ئیمارات، کە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ببەستێت.



بەگشتی ئێستا چوار وڵاتی عەرەبی بە ئاشکرا پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە. ئیمارات مانگی رابردوو دەستی بە ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی کرد لەگەڵ ئیسرائیل، هەریەک لە ئوردن و میسریش لەوەتەی ساڵانی 1994 و 1979ـەوە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە.

بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەیەکی حکومەت لەبارەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر رایگەیاندووە "هیوادارم بەمزووانە لەبارەی ژمارەیەکی زیاتری وڵاتان قسەتان بۆ بکەم، کە دوای 25 ساڵ لە کاری جیدی، دەستمان بە پێشکەشکردنی ئاشتی کردووە لەبەرامبەر ئاشتی".

شارەزایانی سیاسی باس لەوە دەکەن؛ یەکێک لە هۆکارەکانی نزیکبوونەوەی وڵاتانی کەنداو لە ئیسرائیل، کە پێشتر بە دوژمنی هەموو وڵاتانی عەرەبی لەقەڵەمیان دەدا، لەپێناو کەمکردنەوەی هەژموونی ئێرانە لەسەر ناوچەکە.

ئەو رێککەوتنەی ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسرائیل بە گۆڕان لە یەکێتیی سیاسەتی عەرەبی لەدژی ئیسرائیل لەقەڵەم دەدرێت، کە ماوەی چەندین دەیە بەرامبەر ئیسرائیل بەردەوام بوو، بەهۆی کێشە و شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین.

دەگوترێت ژمارەیەکی زۆر وڵاتی عەرەبی، ئەوانەی نەوت سەرچاوەی سەرەکیی داهاتییانە، بە نهێنی چەند ساڵێکە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، بەڵام ئاساییکردنی ئاشکرای پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، سوودی زۆری بۆیان دەبێت، بەتایبتی لەڕووی ئابوورییەوە.



نەتانیاهۆ جەخت دەکاتەوە لەوەی چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی، دەیانەوێت پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ببەستن و دەڵێ "ئیدی ئەو وڵاتانە دەیانەوێت بازرگانی بکەنە ئەولەویەت".

هەفتەی رابردوو مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای کرد سعودیەش هاوشێوەی ئیمارات و بەحرەین پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکات.

چالاکوانانی سیاسی باس لەوە دەکەن، رێککەوتنی بەحرەین و ئیسرائل بەبێ رێپێدان و پیرۆزبایی پێشوەختە سعودیە ناکرێت، لەکاتێکدا سعودیە هەژموونێکی گەورەی سیاسی و بازرگانی بەسەر دراوسێ بچووکەکەیەوە هەیە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق