بەختیار علی و قسەیەكی جدی لەسەر توندوتیژی

ليست هناك تعليقات


بەختیار علی
-
سەبارەت بە توندوتیژی دەمەوێت قسەیەکی ڕۆشن بکەم. پرسیارێکی بێمانایە بپرسین: ئایا خەڵک توندوتیژی بەکاربهێنێت یان نا ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لە پشتییەوە هەندێک خۆیان دەکەن بە قارەمان و دەڵێن بەڵێ کاتی ئەوەیە خەڵک دەستبداتە چەک و پەلاماربدات. ئەوانەی وادەڵێن زۆربەیان خەڵکی موزەیەف و ڕۆشنبیری پۆپۆلیستن کە خۆیان هیچ شتێک ناکەن. هەندێکیش خۆیان دەکەن بە کۆتری ئاشتی و دەڵێن خۆپیشاندانی هێمنانە بکەن و ئارام بن. هەر دوو ئەم وەڵامە لای من بە ئەندازەی یەک هەڵەن، لەبەرئەوەی خەڵک لە بنەڕەتدا هەر ناتوانن توندوتیژ بن.

توندوتیژی ئەکتێکی سیستماتیکە، توندوتیژی لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا وەک توندوتیژی سەردەمی شۆڕشی فەرەنسی و ڕوسی نییە. شۆڕشی سوریا گەورەترین بەڵگەیە کە خەڵک ناتوانێت توندوتیژ بێت، هێندەی توندوتیژی هات دەبێت خەڵک ماڵەکانیان چۆڵبکەن و منداڵەکانیان هەڵبگرن و ڕابکەن. توندوتیژی ئێستا دەموچاوێکی ترسناکی هەیە، کە دەموچاوی سەردەمی شۆڕشگێڕە ڕۆمانسییەکان نییە.

قسەکردن لەسەر گۆڕینی دونیا بانگەواز نییە بۆ توندوتیژیی، بەڵکو ئەکتێکە بەرنامە و هوشیاریی و ڕوئیای دەوێت. مەرج نییە تۆ بەردەوام توندوتیژ بیت تا هەستبکەیت، کەسێکی ڕادیکالی یان کەسێکی بیر لە جیهانێکی نوێ، یان بیر لە کۆمەڵگایەکی تر دەکەیتەوە. توندوتیژی لە ئێستا کردارێکە تەنیا سیستم دەتوانێت پێی هەستێت، ئێمە لە عەسرێکدا دەژین خەڵک بە هیچ جۆرێک ناتوانێت پڕ چەک بێت، کە چەکی هەڵگرت دەبێتە بچێتە ناو فۆرمێکی نیزامییەوە و بەوەش لەوە دەکەوێت خەڵک بێت. توندوتیژی لە ئێستادا لەوە دەرچووە بکرێت بە چاوی گیڤارا یان بە چاوی شۆڕشگێڕانی کلاسیک سەیربکرێت.

ئێستا ئەوەی مێژوو دەگۆڕێت هوشیارییە نەوەک توندوتیژیی. مێژووی خۆرهەڵات هەر هەمووی توندوتیژییە و هیچیش نەگۆڕاوە. گەر من باوەڕم بە توندوتیژیی بووایە نەدەبووم بە نوسەر و دەبووم بە چەکدار. من سەرسامم بە هەندێک خەڵک کە تەنیا کاتێک بیری ئەکتی شۆڕشگێڕیان دەکەوێتەوە، کە هەندێک گەنج دەڕژێنە سەر جادە. ئەوانە ساڵ دوانزەی مانگ لیبراڵ و ئاشتیخوازن تا هەندێک گەنج دەبینن لەسەر شەقامەکان، من گەر باوەڕم بە توندوتیژی بێت بۆ گۆرینی دونیا ئەوا دەبێت هەمیشە باوەڕم پێی بێت، گەر باوەڕیشم پێی نەبێت ئەوا دەبێت هەرگیز باوەڕم پێی نەبێت.

توندوتیژیی خۆی هەیە، توندوتیژی شتێک نییە داوای بکەین، توندوتیژی بەشێکی ڕۆژانەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیمانە، هەموو ژیان و کولتوور و فەرهەنگی ئێمە توندوتیژی لێ دەتکێت. بە پێچەوانەوە تاکە شتێک لە ئێستادا هیچ ناگۆرێت توندوتیژییە. گەر دەتەوێت هەموو شتەکان وەک خۆیان بن توندوتیژی بەکاربهێنە. سوریا و تورکیای ئێستا باشترین بەڵگەن. بۆئەوەی هیچ نەگۆڕێت ئۆردوگان لە تورکیا جەنگی هەستان، توندوتیژی هەمیشە زامنی یەکەمی مانەوەی سیستمی سیاسییە وەک خۆی.

تراژیدیای ئێمە لەوەدایە کە دەڵێین یان پەرلەمان یان چەک، یان ئیشکردن وەک حیزب یان فەوزا. لە کاتێکدا دەیان ڕێگای تری ئیشکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبوو، کە هەموو پشتگوێ خرا و تاقی نەکرایەوە و ئیفلیجکرا. بە بڕوای من، تەنیا هوشیارییەکی ئەکتیڤ دەتوانێت جیهان بە کەمترین بڕ لە توندوتیژیی بگۆڕێت، وەک لە ڕوخانی دیکتاتۆرییەتی کۆمۆنیستیدا بینیمان.

ئەوەی دەتوانێت ئەم گۆڕانکارییە «بێ ـ خوێنە» دروستبکات هوشیارییەکی دەستەجەمعییە کە لەسەر عەشقی ژیان و مرۆڤ دروست بووبێت «دوو خاڵ کە تەواو لە کولتووری ئێمەدا غائیبن و دەبوو دروستبکرێن».

ئەوەی کە من چەند وەختە بە فاشیزمی خۆرهەڵاتی ناوی دەبەم، تێکشکاندنی ئەو هوشیارییە دەستەجەمعییەی نێوان مرۆڤەکانە، ئەوەی کە من بە فاشیزم ناوم بردوە لەدایکبوونی کۆمەڵێک هێزی بچوک بچوک و شوناسی لۆکاڵی بچوک بچوکە کە هەموویان لەسەر ترس و تۆقاندن و فۆبیا دروستبوون و لە ترسدا دەژین و لە ترس و کینەدا گەورەدەبن، ئێستا ئێمە لە کوردستان پێمان ناوەتە ئەو قۆناغەوە، سەردەمی ترسی هەمووان لە هەمووان، هەر شارە و هەر ناوچەیە و هەر خێڵە و هەر حیزبە شوناسێکی سیاسی تایبەتی دروستکردوە، بێئەوەی هیچ هێزێک یان هیچ گووتارێک هەبێت پەیوەندی و پرد لە نێوان ئەم دابەشبوونانەدا دروستبکات. مەترسی گەورە و حەتمی ئەوەیە کە ململانێکان دواجار لە ململانێی خەڵک و دەسەڵاتەوە وەردەگەڕێت بۆ ململانێی نێوان دوو هێزی سیاسی، دوو شار، دوو ناوچە ... لێرەدایە هەم سیستم سەلامەتە و هەم فاشیزم ماشێنەکەی خۆی ئیش پێدەکات. من دە ساڵە لەسەر ئەم ترسە ئیشدەکەم و ئاگاداری دەدەم.

فاشیزم بریتییە لە نەمانی خاڵی هاوبەشی ئینسانی و ئەخلاقی لە فەزای سیاسیدا، ڕۆحی فاشیزم تەواو لەو ڕستەیەدا گوزارشت لە خۆی دەکات کە ڕۆژانە دەیخوێنینەوە و دەڵێت «ئێستا کاتی قسە نییە». فاشیزم نەمانی مانای قسە و بیرکردنەوەیە، نەمانی زاکیرەی هاوبەشە. بە داخەوە لە مێژە ئێمە پێمان ناوەتە ئەو قۆناغەوە، ئەوەی ئێستا جڵەوی عاتیفەی سیاسیمان دەکات هوشیارییەکی گۆڕانکار و رادیکال نییە، هاشەوهوشەیەکی پۆپۆلیستی ترسناکە، کە پەیوەندییەکی بە سەرهەڵدانی هوشیارییەکی دەستەجەمعی نوێوە نییە.

ئێستا ئەوەی کە غائیبە، هوشیارییە نەوەک کردار. هوشیاریی بەبێ توندوتیژیش دەتوانێت ئیشی خۆی بکات، بەڵام توندوتیژی ناتوانێت بە بێ هوشیاریی هیچ بکات. گەر توندوتیژی جیهانی بگۆڕیایە، ئەوا خۆرهەڵات دەبوو لە مێژە بگۆڕایە، خۆرهەڵات چەندین ساڵە، بێ پەروا و بێ سنوور سەرتاپای نوقمی توندوتیژییە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif