دینی پرۆسەو دینی شوناس

ليست هناك تعليقات


پەیكار عوسمان
-
کەماڵی ئینسان، ئینسانبوونە. کەماڵی خودا، خودابوونە. خودابوون جێگیرەو خودا بۆیە خودایە، چونکە لە کەماڵی خۆیدا وەستاوە. ئینسانبوون جوڵاوەو تۆ بۆیە ئینسانیت، بۆئەوەی بەردەوام لە جوڵەدابیت و هەڵکشێ ی بەرەو کەماڵی خۆت، کە ئینسانیەتێکی زیاترە.

خودا کەماڵی خۆشەویستییەو مرۆڤ نوقسانی خۆشەویستییە. ئەو نوقسانییەش بە بەردەوام خۆشەویستی زیاتر، ئاشتی زیاتر، پێکەوەژیانی زیاتر، پڕئەبێتەوەو بەمەش جوڵەکە ئەبێتە پرۆسەی هەڵکشان، دین و فەلسەفەو عیرفانیش، یارمەتیدەرو وزەیەکی باشی ئەو هەڵکشانەن. 

بەڵام لە ڕقدا، جوڵەکە بۆ خوارەوەیەو شتەکە ئەبێتە ڕۆچوون و داکشان، ئیتر نە دین خۆیەتی و نە فەلسەفەو نە شتەکانی تر، نە خوداش خودایەو نە تۆش خۆتیت و ئینسانیت، بەڵکو تەواوی شتەکان پێچەوانە ئەبنەوەو هەموویان لەناو ڕاستەقینەی خۆیاندا نامێنن و ئەکەونە ناو موزەییەفەوە.

دین نە شتێکە لە سەرو ئینسانبوون، نە شتێکە بەدیلی ئینسانبوون، بەڵکو شتێکە بۆ زیاتر ئینسانبوون. ئەگەر واشنەبێ، ئیتر ئەوە دین خۆی نیەو شتێکە بۆ دروستکردنی سێکوچکەی سوڵتەو کەهەنەو مێگەل، لەکاتێکا دین خۆی، سێکوچکەی ئینسان و خوداو ئازادییە!

باڵایی تۆ ئینسانبوونەو ئینسانبوونیش پرۆسەیە نەك شوناس، دینیش کەرەستەیەکی یارمەتیدەرە لەو جوڵەو پرۆسەیەدا، نەك ئەوەی شوناس و شەهادەی ئینسانبوون بێت و بەدەستی بێنیت و ئیتر تۆ لەوێدا بوەستیت و پاڵی لێبەیتەوە!




لە پرۆسەکەدا هەموومان یەکسان و هاوتاو ئینسانین و ئەکەوینە ناو خۆشەویستی و ئاشتی و پێکەوەژیان و چاکبوونەوە. لە شوناسەکەدا دابەشکاری و جیاکاری دێتە گۆڕێ و "خۆبەچاکزانین" جێگای "چاکبوون" ئەگرێتەوەو ئەکەوینە ناو ڕق و شەڕو خراپبوونەوە.



تەواوی حەکیم و پێغەمبەرانیش بۆ ئەوە هاتوون، کە دین بەشێکبێت لە "پرۆسە"ی ئینسانبوون، چاکبوون، ئازادبوون، پاكبوونەوەی عالەمی ناوەوەی تاك،، بەڵام دواتر کەهەنەو سوڵتە، شتەکەیان کرد بە "شوناس" بۆ دروستکردنی مێگەل، لەپێناو سەرداریکردنی عالەمی دەرەوە!

مرۆڤی دیندار بە دینی ڕاستەقینە، بە زەرورەت کەسێکی ئەخلاقییە، چونکە ئیتر ئەو تێگەیشتووە لەوەی، کە ئەخلاقیبوون، وەکو هەناسەدان، پرۆسەیەو ئەبێ بەردەوام تیایبیت، دینیش تەنیا هاوکارێکە لەو پرۆسەیەدا. 

بەپێچەوانەوە مرۆڤی دیندار بە دینی موزەییەف، بە زەرەورەت کەسێکی نائەخلاقییە، چونکە ئەو ئیتر پێیوانیە کە ئەخلاقیبوون پرۆسەیەکی بەردەوام بێت، بەڵکو پێیوایە شەهادەیەو ئەویش هەر بەونەی کە دیندارە، شەهادەکەی وەرگرتووەو لێرەشەوە ئەکەوێتە دەرەوەی پرۆسەکە!

ئا لێرەوەیە کە ئەبینی، کابرا زۆر دیندارە، کەچی زۆر جنێوفرۆشە! زۆر دیندارە کەچی ڕق بە سەر ئەوانیتردا ئەبارێنێ! زۆر دیندارە کەچی هەمیشە لە شەڕدایە لەگەڵ دەرەوەی خۆی! لەکاتێکا ئەو هەر بەوەی کە مرۆڤە، پێویستە لە پرۆسەیەکی پێچەوانەدابێت و ئەگەر لەگەڵیشیا دینداربیت، ئەوە ئەبێ زیاتر وابێت، کەچی وا نیە!

چونکە لە ئەساسەوە، ئەو لەسەر دینی وەستاوی جیاکاری و شوناسە، نەك لەسەر دینی جوڵاوی پرۆسەی ئینسانبوون و ئەخلاقیبوون. 

دەی یەکەمیشیان خودی شەڕەو لێرەدا تۆ لە شەڕدایت لەگەڵ دەرەوەی خۆت، لەکاتێکا دین بۆ ئاشتییەو ئەگەر شەڕێکی تێدابێت، ناوەکییەو لەگەڵ خۆتدایە، نەك لەگەڵ "ئەو". دین ئەگەر شەڕێکی لەگەڵ دەرەوەو ئەودا هەبێت، لەسەر ئەساسی ستەم و فەسادە، نەك لەسەر ئەساسی شوناس. کەچی تۆی دیندار، لەبەر شوناسی دینی، دۆستی ئەردۆگانێکی ستەمکاریت و نەفرەت لە بابەشێخێکی بێوەی ئەکەیت! لەکاتێکا لە دینی ڕاستەقینەدا، شتەکە پێچەوانەیەو تۆ لەگەڵ ئەمیان، ئەبێ پێکەوەژیان بکەیت سەرەڕای جیاوازی شوناس، چونکە ستەمێکی نەکردوە. لەگەڵ ئەویشیان ئەبێ نەیاربیت سەرەڕای هاوبەشی شوناس، چونکە ستەمکارێکی عەیارە بیستوچوارە.

تۆ ئەبێ پرۆسەی ئینسانبوون سەرخەیت بەسەر هەموو شوناسەکاندا، چونکە شوناسەکان هەرچەنێك تۆبن، هەر ئینسانبوون زیاتر تۆیە. ئاخر تۆ پێش هەر شتێك ئینسانیت و دوای هەر شتێکیش هەر ئەبێ هەر ئینسان بیت. پێش دین تۆ ئینسانیت و دوای دینیش هەر ئەبێ ئینسان بیت، خۆ دین بۆئەوەنیە کە بتکا بە شتێکی تری جیا لە ئینسان.

تۆ بەوە ڕێزلێگیراویت، کە ئینسانیت و قابیلیەتی جوڵەو هەڵکشانت تێدایە بۆ باڵایی خۆت. خۆ ئەگەر ئەو قابیلیەتە نەبووایە، دینیش نەئەبوو، چونکە تۆ دینت بەوێ وەرگرتووەو شتەکە بۆ ئەوێ ی تۆ هاتووە، نەك ئەوەی تۆ ئەوێت نەبێ و دین هاتبێ بۆت دروستکات. جا کاتێك دین یان هەر ئایدۆلۆژیاو شت و شوناسێك بخەیتە جێگای ئەوێ ی خۆت، ئیتر تۆ ئەوێ کاول ئەکەیت و قابیلیەتی هەڵکشان لەدەست ئەدەیت و ئەکەویتە ناو گرگنی و داکشانەوە.

شەڕی شوناس نەك هەر شەڕی خوا نیە، بەڵکو تەنانەت شەڕی ئینسانیش نیە لە دۆخی باڵایی و هەڵکشاندا. تۆ تەنیا لە دۆخی گرگنی و داکشاندا ئەکەویتە ناو شەڕی شوناسەوە، ئەگینا خوایەکی گەورەو گران، کە کەماڵی ئەخلاق و ئاگاییە، کاری بەو کەرێتی و نائەخلاقییەی منو تۆ نیە. ئینسانیش لە دۆخی باڵاییدا، ڕێك لە پرۆسەی خۆ تەکاندندایە لەو کەرێتی و نائەخلاقییانە، بۆیە شتەکە باڵاییە! 

لە باڵاییدا تۆ ئازادیت لە شوناس و لێرەدا هیچ شتێك چاك نیە، جگە لە چاکە خۆی. ئیتر من لە خۆمدا ئەکەومە ناو چاکەو لەگەڵ تۆدا ئەکەومە ناو ئاشتی. بەڵام لە داکشان و گرگنیدا، چاکە شوناسی هەیەو شوناسەکان چاکن نەك چاکە خۆی. ئیتر ئێمە ئەبینە دیلی شوناسەکان و لەناو خۆماندا خراپ ئەبین و لەگەڵ یەکیشدا ئەکەوینە شەڕ. ئەوەشی کە ڕەبتی بە خوداوە هەیە، باڵایی و چاکەو ئازادی و ئاشتییە، نەك گرگنی و شوناس و شەڕو دیلێتی!





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif