بورهان شێخ ڕەوف
ئەگەر چاوێكی خێرا بە لیستی كڕیارانی چەكدا بگێڕین لە سەرئاستی جیهان لە دەیەی رابردوودا، ئەوا وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین خاوەنی قەبەترین و گەورەترین بودجەی تەرخانكراون بۆ كڕینی چەك و تەقەمەنی و كەرەسەی جەنگی، بە بەراورد لەگەڵ هەموو شوێنێكی تری جیهاندا.
وردتر و روونتر، وڵاتانی ئەم ناوچە قەیراناوییە «رۆژهەڵاتی ناوین»، زیاتر لە 289 ملیار دۆلاریان تەرخانكردووە بۆ پێداویستییەكانی بەرگری بەگوێرەی خواستەكانی كڕین و ئەو بۆندانەی ئیمزایان كردووە لە نێوان ساڵەكانی 2010 تاكو 2019، تەنانەت بایی 66 ملیار دۆلار تەنها لە بەریتانیا كڕدراوە.
پلەی دووەمیش لە دوای رۆژهەڵاتی ناوین، وڵاتانی ئاسیا و ئۆقیانووسی ئارامە، ئەوانیش تێكڕا بایی 208 ملیار دۆلاریان چەك و پێداویستی بەرگری كڕیوە.
پلەی سێیەمیش وڵاتانی ئەوروپان، ئەوانیش 111 ملیار دۆلاریان تەرخانكردووە بۆ پێداویستییە جەنگییەكانی بەرگری.
لە هەمان كات و لە بەرامبەریشدا، ویلاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و بەریتانیا لە لیستی یەكەمی وڵاتانی فرۆشیاری چەك و كەرەستەی بەرگریدا دێن.
با بێینەوە سەر ئەسڵی مەبەست و ناوچە وێرانەكەی رۆژهەڵاتی ناوینی چەقی ململانێ و ناكۆكییەكان، كە لە دێر زەمانەوە تاكو ئێستا، لەم ناوچەیەشداو بە دیاریكراوی وڵاتانی عەرەبی لە پێشەوەی لیستی كڕیارانی چەكدان، نەك لە ناوچەكە، بگرە لەسەر ئاستی جیهانیشدا.
لە نێو وڵاتانی عەرەبی و بگرە جیهانیشدا، عەرەبستانی سعودیە لە پلەی یەكەمدا دێت بۆ تەرخانكردنی بوودجە بۆ كڕینی چەك و كەرەستەی جەنگی و بەرگری، كە بە گوێرەی پێگەی Middle East Eye بەریتانی، بڕی 116 ملیار دۆلاری خەرجكردووە، لە كاتێكدا لە ساڵی رابردوودا نەیانتوانی بەر بە هێرشی میلیشیا حوسییەكانی یەمەن بگرن، كە پەلاماری ریاز و زۆرێك لە شارەكانی وڵاتەكە و كۆمپانیای زەبەلاحی ئارامكۆیان دا و چەند رۆژێك پڕۆسەی نەوت فرۆشتنیان وەستاند.
وڵاتی هندستانیش بە پلەی دووەم دێت لە دوای عەرەبستانی سعودییە، كە بڕی 60 ملیار دۆلاری خەرجكردووە.
دەوڵەتی قەتەریش كە وڵاتێكی بچكۆلەی كەنداوی عەرەبیە و ركابەری عەرەبستانی سعودییە دەكات، لە ساڵانی رابردوودا رۆڵێكی خراپی گێڕا لە رووداوەكانی بەهاری عەرەبی، ئەویش بە پلەی سێیەم دێت كە لە 10 ساڵی رابردوودا 57 ملیار دۆلاری خەرجكردووە.
بۆیە دەبێژین رۆژهەڵاتی ناوین گەورەترین كڕیاری چەك لە جیهاندا، چونكە پێنج وڵاتی ئەم ناوچەیە لە لیستی دەهەمینی وڵاتانی جیهاندان بۆ كڕین و تەرخانكردنی بودجە بۆ بەرگری و چەك. ئەوانیش ئیماراتی عەرەبی یەكگرتوو، میسر و كوەیت چوونەتە پاڵ سعودییە و قەتەر بۆ چەك كڕین، بە جۆرێك لە دەیەی رابردوودا، ئەبوزەبی 24 ملیار دۆلار و قاهیرە 22 ملیار دۆلار و كوێت 18 ملیار دۆلاریان تەرخانكردووە.
لە كاتێكدا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوین لە لیستی یەكەمەكانی كڕین و هاوردەكردنی چەكدان، دەوڵەتی ئیسرائیلیش لە لیستی 10 گەورەترین وڵاتانی بازرگانییە بۆ فرۆشتن و هەناردەكردنی چەك لە ساڵی رابردوودا. ئەگەر ئەمریكا لەسەر عەرشی یەكەم بێت لە سەرئاستی جیهان بۆ فرۆشتنی چەك كە بایی 341 ملیار دۆلارە و بەریتانیای مەزن بە پلەی دووەم بێت كە بایی 125 ملیار دۆلار و دوای ئەویش روسیای فیدراڵ بایی 98 ملیار دۆلاری فرۆشتبێت، ئەوا ئیسرائیلیش پلەی حەوتەم داگیر دەكات، كە بایی 16 ملیار دۆلاری فرۆشتووە.
لە كۆتاییدا، دەكرێت بپرسین كە ئایا كڕین و مۆڵدانی ئەم هەموو چەكە لەم ناوچەیەدا كە هیچ شەڕێكی وا لە ئاردا نییە و بە تایبەتی عەرەب و ئیسرائیل، لە هەموو كات ئێستا زیاتر لە یەك نزیكبوونەتەوە و پەیوەندییەكانیان ئاسایی دەكەنەوە، بۆ چییە؟ مەترسیی ئێرانیش بە هێز و پێگەی ئەمریكا دەڕەوێتەوە، پێدەچێت ئەم هەموو چەك و تفاقە جەنگییە هەر بۆ پاراستنی كورسییەكانی دەسەڵاتداران بێت، لەگەڵ سەركوتكردنی هەر دەنگێكی ناڕازی!
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق