تکایە ئاگاداری هاوژینەکەتان بن

ليست هناك تعليقات

دێرین عیزەدین
-
دیاردەیەک کە تا دێت پەرە دەستێنێت، ئەویش دیاردەی خیانەتی زەوجیە ! 

دیاردەیەک کە پێشی پێنەگیرێت لە چەند ساڵی داهاتوو کارەسات و ماڵوێرانی گەورە دەخوڵقێنێت لە کۆمەڵگا.

کۆمەڵگای کوردی تەنها لە ڕووە سیاسی و ئابووریەکەی گەندەڵ و گەنیو نەبووە، بەڵکو لە ڕووە ئەخلاقیەکەشی خەریکە بەرەو لاربوونەوەو تەپین و کەوتن دەچێت.

ڕۆژانە جگە لەوەی لە میدیاوە گوێبیستی دەبین لە دەوروبەری خۆشمان شایەتحاڵی چەندین دیاردەی قێزەو ن ناپاکی خێزانی دەبین.

من نازانم هۆکاری سەرەکی ئەم دیاردەیە چیە بەڵام ئەوە دەزانم میدیای کوردی ،دەورێکی شەیتانی دەبینێت، بۆ ڕێخۆشکردن بۆ ئەم جۆرە دیاردانە!

سەیرکە شاعیرێک یان نوسەرێک دێنێ دەڵێت من بە بەیبی بانگی خێزانەکەم دەکەم ،یان درامایەک نمایش دەکات کە ئەکتەرەکان دنیایەکی خەیاڵی و ڕۆمانسی بۆ بینەر درووست دەکەن ! 

بینەری ئێمەش وا دەزانێت ئەم نمایشانە هەقیقەتی ژیانی ئەو شاعیرو ئەکتەرانەن، ئیتر دەکەوێتەوە جەنگەوە لەگەڵ هاوبەشەکەی بەوەی نەیتوانیوە، ئەم جۆره شانۆیە کە لای ئەووی هەقیقەتە بۆی درووست بکات.

پیاوی کورد وادەزانێت، ژیان تەنها بریتیە لە نان پەیداکردن، ژنیش کوردش دەیەوێت پیاوەکەی وەکو ئەکتەرەکانی نێو دراما تورکیەکان بێت !

تکایە پیاوان لای ژنان، سۆز و خۆشەویستی زۆر لە پارە گرنگترە، تکایە لایەنی ڕۆحی ژنەکانتان ئیھمال مەکەن، ژنەکەت بیست ساڵە لەلاتە، لە ژیانتدا جارێک پێت نەوتووە،گیان، قوربان. 

هیچ خۆشەویستیت پێنەداوە، تۆ ماڵێکی ساردت دروست کردووە ،ماڵێک پڕیەتی لە کەلێن بۆ خیانەت ! 

بۆ هاتنە ژوورەوەی گەنجە شەڕواڵ پیسەکان ! 

تۆ بەو هەموو ساردی و مامەڵە ناشرینەوە، لەولاشەوە گەنجە برسیەکان بەوپەڕی زمان لووسی و ڕۆمانسیەوە باوەش بۆ ژنەکەت دەکەن، ژنەکەش هەناوی دەسووتێ بۆ خۆشەویستی، ئیدی چۆن خیانەت دروست نابێت !

تکایە بۆ ژنانیش نیوەی ئەوەندەی لە بازاڕ و دەرەوە نمایشی جەستەو جوانیتان دەکەن لەماڵەوەش بۆ پیاوەکانتان بیکەن !

تکایە ئەوەندە ساردو سڕ مەبن تکایە پیاو ناتوانێت لەگەڵ بۆنی پیاز وڕشانەی منداڵ بخەوێت ! 

تکایە پیاوەکەت له دەرەوە جۆرەها جەستەی نمایشکراو دەبینێت ، تکایە هەوڵدە وابکەیت پێویستی بە دەرەوە نەبێت ! 

تکایە بەشێک لەو مەیکئەپەی بۆ دائیرەکەت دەیکەیت، هەڵیگرە بۆ ماڵەوە !

ئەوەی گرنگە، هەم پیاو، هەم ژن بزانێت ئەوەیە ژیانی فیلمەکان و شاعیرەکان ژیانێکی ساختەو درۆیه ژیانێکە بۆ ئەوە نووسراوەتەوە ، تا ژیانی تۆ تێک بدات وە ئەگەرنا زۆربەیان فاشیل و فشۆڵن لە ژیانی هەقیقەتدا .

پیاوی کورد بە شێوازێکە ،گەر لەتەنیشتیدا بیت ماڵەوە تەلەفۆنی بۆ بکەن، بێ هیچ شتێک هەست دەکەیت، ئەوە خێزانەکەیەتی ،چوونکە قسەکانی پڕن لە خۆ گڤکردن و خۆ توڕەکردن، وە تەلەفۆنەکەش بێ هیج ماڵئاواییەک دادەخاتەوە ! 

ئەی نازانی ئەم ساردی و خۆگڤکردنەوەیەت، هۆکارە کەسێکی تر دڵی ژنەکەت گەرم بکاتەوە!

ئەمە کێشەی بەشێک لە پیاوان بوو، بەڵام جۆرە پیاوێکی ترمان هەیە، کێشەیەکی تریان هەیە ئەویش کێشەی ئیهمالکردن و چوونە دەرەوەی شەوانە !

زۆربەی پیاوان بە ڕۆژ لە کارکردنن، ئێوارەش دێننەوە وەک، مەتعەم نان دەخۆن و یەکسەر بەرەو ماڵی برادەر، بەرەو شەوچەراکانی کۆنکان و تاوڵەو دۆمینە، بەرەو چایخانەکان و دیداری برادەر تا دوازدەی شە و زۆر لە پیاوان یاریکردنی کۆنکان و دۆمینەیان زۆر لە مەجلیسی ژنەکانیان پێخۆشترە، بێئاگان ئەم بێئاگاییەیان دەرگای حەوشەیان دەکاتەوە بۆ خیانەت، یان وا لە ژنەکانیان دەکات پەنجەرەی ماڵ بکەنەوە، بۆ بازدان و هاتنە ژوورەوەی گەنجە برسی و شەڕواڵ پیسەکان!

دیاردەیەکی تر لای پیاوان باوە، کە خراپترین ڕەفتارە بۆ لەداردان و کوشتنی ڕۆحیەتی ئافرەت، ئەویش پیاهەڵدان و باسکردنی جوانی ئافرەتی ترە! 

زۆر لە پیاوان نەزانانەنە لای خێزانەکانینەوە باس لە جسم وجوانی و ئافرەتی تر دەکەن، کە ئەمەش دیسان هۆکارێکە تا ژن بەسەر خۆیدا بشکێتەوەو، ساردی لەماڵ درووست بێت!

پیاوی ئازیز تکایە، ئەو وشە جوانانەی بە ئافرەتی خەڵکی دەڵێیت، بە خێزانەکەی خۆتی بڵێ، چوونکە تۆ بەخێزانەکەت نەڵێت جوان ئەوە گەنجەکان لە فیسبووک و سەر شەقام پێی دەڵێن جوان!

ئەم ئیهماڵ کردن و تێکشاندنی ڕۆحیەی تۆش وا دەکات خۆت بەدەستی خۆت، فیزای هاتنە ماڵەوە بدەیت بە گەنجەکانی کۆڵان و فسبووک.

باسی پیاو و لایەنە ناشرینیەکانی پیاومان کرد، بەڵام بابزانین ژنی کورد چ ڕۆڵێکیان هەیە لە خولقاندنی ساردو سڕی ماڵ، با بزانین ئەوان چۆن هۆکارن تا ماڵ لە پیاوەکانیان بکەن بە دۆزەخ !

خراپترین شت لای ئافرەت و ژنانی کورد هەیە تەقلیدە ژنی کورد هێندە حەز لە تەقلید و دنیای تەقلیدە بە شێوەیەک حەز دەکات، هەرچی خزم و ماڵە خوشکەکانی دەیکەن ئەم کۆپی بکات بۆ ماڵی خۆی !

سەیرکە دادەی بەڕێز، ژیانی ماڵە خوشکەکەت و ماڵە برادەرەکانت هیچ پەیوەندی بەتۆوە نیه ئەوان هەمو هەفتەیەک دەچنە گەڕان و گەشت پێویست ناکات تۆش بچیت، چوونکە لەوەیە گیرفانی پیاوەکەت ئەوە نەتوانێت، پیاوەکەی تۆ جیاوازە، ئەو تەنها مووچەیەکی کەم، یان دەستمایەیەکی ژێرکەمی ڕۆژانەی هەیە ،ناتوانێت هەموو نازێکی تۆهەڵبگرێت!

تکایە دادەی بەڕێز، هەست ناکەیت ئەم ڕەفتارە منداڵایە پیاوەکەت بێزار دەکات ؟ 

هەست ناکەیت ئەم شتانە، ماڵەوە دەکات بە کوێستانێک کە هەرگیز تیشکی خۆشەویستی لێ هەڵنەیەت!

زۆربەی لەم ژنە گەنجانەی ئێستا وا دەزانن خۆشەویستی واتا ڕەسمی سناپ چات و پۆستی فیسبووک ئەوان کە دەبینن ژنە هاوڕێکەی ئەمڕۆ چووەتە دەرەوە و سناپێکی کردووە لەگەڵ مێردەکەی ،یان دەبینن مێردی هاوڕێکەی لە ئەکاونتی خۆی ڕسمێکی خۆی و خێزانەکەی داگرتووەو نووسیویەتی( لەگەڵ نیوە ڕۆحەکەی ژیانم ) ئیتر ئەم ژنە شێت دەبێت ،دەڵێت بۆ پیاوەکەی منیش واناکات ! 

بێئاگا لەوەی ئەم ژیانە پڕیەتی لە درۆ و ساختەکاری، پڕیەتی لە نمایش و شانۆی درۆ!

بێئاگا لەوەی ئەم پیاوەی لە فیسبوکدا بە خێزانەکەی دەڵێت ڕۆحەکەم، لە چات و نامەش بە دەیانی تر دەڵێت!

تکایە ژنان واز لە تەزویرکردنی خۆشبخەتی و خۆشەویستی بێنن...

تێبینی : هۆکار زۆرن بەڵام نەمویست لەوە زیاتر درێژ بێتەوە ...









ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif