تا کۆتایی ساڵی داهاتوو ڤاکسین بەردەست نیە

ليست هناك تعليقات



دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی، پسپۆڕی گەورەی نەخۆشییە گوازراوەکانی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر لە پایز و زستان بە پراکتیکی هەنگاو نەنرێت، تاوەکو 400 هەزار ئەمریکی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەمرن. پێشبینیش دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو ڤاکسین بۆ ڤایرۆسەکە بەردەستنەبێت.

فاوچی لە ڤیدیۆ کۆنفرانسێک کە لەلایەن زانکۆی ئامێریکان رێکخرابوو، گوتی "ئەگەری زۆرە ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا تاوەکو 400 هەزار کەس بڕوات".

تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تشرینی یەکەم، 215 هەزار کەس لە ئەمریکا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە حەوت ملیۆن و 700 هەزار تووشبووی ڤایرۆسەکەش دەستنیشانکراون.

فاوچی هەواڵێکی ناخۆشی بە ئامادەبووانی زانکۆکە و خەڵکی ئەمریکا راگەیاند و گوتی "ئەگەری زۆرە ڤاکسین تاوەکو هاوینی داهاتوو یاخود پاییز نەگاتە دەستی ئەمریکییەکان"، ئەوەشی خستەڕوو، لەوانەیە تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو ژیان ئاسایی نەبێتەوە.

ئەو پزیشکە ئەمریکییە دەشڵێت، "لەوانەیە 50%ی خەڵکی رقیان لێمبێت و وابزانن هەوڵی تێکدانی وڵاتەکەم دەدەم، بەڵام ئەگەر بۆ تەنیا شەش هەفتە گوێ لە من راگرن، تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا کەمدەبێتەوە".

ئامۆژگارییەکانی فاوچی پێشتر بۆ خەڵک بریتی بوون لە:

1- پۆشینی ماسک لە شوێنە گشتییەکان.

2- دورەپەرێزیی کۆمەڵایەتی کە لانیکەم لە شەش پێ کەمتر نەبێت.

3- خۆبەدوورگرتن لە شوێنی داخراو، وەکو باڕەکان.

4- خۆبەدوورگرتن لە هەر جۆرە گردبوونەوەیەکی گەورە لە شوێنی داخراو و کراوە.

5- شووشتنی دەستەکان.

ئەنتۆنی فاوچی پێشتر ئەوەی راگەیاندبوو کە پێویست بە راگەیاندنەوەی قەدەخەی هاتووچۆ ناکات بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

قسەکانی فاوچی دوای ئەوەدێن هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، سێ شەوی لە نەخۆشخانەی والتەر رید بەسەربرد، رۆژی دووشەممەش گەڕایەوە کۆشکی سپی.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif