لەبەردەم دادگادا ملنادات

ليست هناك تعليقات


حکومەتی ئەمریکا، کەیسێکی دژی کۆمپانیای گۆگڵ جوڵاندوە و ئەم دێوە زەبەلاحە ئینتەرنێتیەی تۆمەتبارکردووە بە ژێرپێخستنی یاسای چاودێری، دەستبەسەرداگرتنی گەڕان و ریکلامی ئینتەرنێتی و بەوە تۆمەتباری دەکات پێی خۆی زیاتر لە بەڕەکەی ڕاکێشاوە و بە شێک لە تۆمەتەکانیش تۆمەتی سیاسین و بەدەست وەردان لە هەڵبژاردنەکان، سرینەوەی لێدوانی کۆمارییەکان و یارمەتیدانی حکومەتی چین تۆمەتباریان کردوە. 
یاداشتی تۆمەتبارکردنەکە گەورەترین ئاڵنگارە
ئەم یاداشتی تۆمەتبارکردنە گەورەترین ئاڵنگارە تاوەکو ئێستا حکومەتی ئەمریکا دژی کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتی گرتبێتیە بەر، لەپاش تەمێکردنی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە بسیت ساڵی ڕبردوودا.
یاداشتەکە لەلایەن یاسا ناسانەوە پێشوازی لێکراو و ئەوان ئەم کۆمپانیایە بە "ئەژدیها" ناودەبەن. بەگوتەی جێف ڕۆزن، جێگری داواکاری گشتی ئەمریکا " گۆگڵ لە ڕێگەی گرتنەبەری هەنگاوی بێبەشکەرەوە، کەبۆتە هۆی بێبەشکردنی رکابەرەکانی، هێزی ئێستای خۆی پاراستووە."

رەخنەگرانی گۆگڵ داوای سزادانی دەکەن
رەخنەگرانی ئەم کۆمپانیا زەبەلاحەش دەڵێن "ئەو چەند ملیار دۆلارەی دامەزراوە یاسایەکانی ئەوروپا سزای گۆگڵیان داوە و ئەو گۆڕانکاریە ناچاریانەی پێیکراوە، بەپێی پێویست نەبووە، گۆگڵ بۆ گۆڕینی مامەڵەی خۆی پێویستی بە چاکسازی بونیادی هەیە"

ترەمپ و کۆمارییەکان گۆگڵ تۆمەتبار دەکەن
نوسینگەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەمێکە چاودێری گۆگڵ دەکات. یەکێک لە ڕاوێژکارە پلەباڵاکانی ترەمپ لە بواری ئابوریدا، دوساڵ لەمەوپێش گوتی "سەرقاڵی لێکۆێنەوەن لەوەی ئایا خزمەتگوزاری گەڕانی گۆگڵ دەبێت لە ژێر یاسای حکومەتدا بێت یان نا"، ترەمپ چەندین جار رەخنەی لە گۆگڵ گرتووە کە بانگەشەی بێبنەما بڵاودەکاتەوە، هەندێک لە کۆماریەکانیش بانگەشەی ئەوە دەکەن گۆگڵ دژایەتی کۆماریەکان دەکات و بۆچونەکانیان دەسرێتەوە، دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و هاوکاریی حکومەتی چینی کردوە لە بری حکومەتی ئەمریکا.

زیاتر لە ساڵێکە خەریکی لێکۆڵینەوەکان لەدژی ئەم کۆمپانیا زەبەلاحەی تەکنەلۆجیا بەردەوامە و لەئێستادا ڕووبەڕووی گەورەترین ئاڵنگاری بۆتەوە لە ناوخۆ و دەرەوە ئەمریکادا.

گۆگڵ تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە
کۆمپانیای گۆگڵ وەڵامی ئەم یاداشتەی داوەتەوە و تۆمەتەکانی بە ناراست لە قەڵەمداوە. لەم بارەیەوە لە تویتێکیدا نوسیویەتی ئەم سکاڵایە بە "تەواوی ناڕاستە"ە.
گۆگڵ ئاماژە بەوە دەکات، بەپێچەوانەی ئەوەی کە دەزگای چاودێری حکومەت بانگەشەی بۆدەکەن، شانۆی ریکلامی ئینتەرنێتی بە تەواوی لە چاودێری دایە و ئەم کۆمپانیایە لە پێش هەموو کەسێکەوە، لە خەمی کڕیارەکانیدایە.

بە گوتەی ئەم کۆمپانیایە، خەڵک " بەدەست خۆیانە گۆگڵ بەکاردەهێنن، نەک ئەوەی ناچارکرابن یا مافی هەڵبژاردنێکی تریان نەبێت."

قۆڕخکارییەکانی گۆگڵ
تۆمەتەکان دژی گۆگڵ لە دادگای فیدراڵی واشنگتۆن تۆمارکراوە. یاداشتی تۆمەتبارکردنەکەش لەلایەن دەزگای دادوەری ئەمریکی و 11 ویلایەتی ترەوە نوسراوە. تەرکیزی یاداشتەکە لەسەر ملیاران دۆلار پارەیە، کە گۆگڵ دەستیدەکەوێت لە ڕیگەی ریکلامەکانیەوە و پارە دەدات بە کۆمپانیاکانی دروستکردنی مۆبایل، تاوەکو گۆگڵ وەک براوزەری سەرەکەی "default browser"و ئۆتۆماتکی گەڕان لە ئینتەرنێتدا دابنێن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی داواکاری گشتی، ئەمکارەی گۆگڵ وایکردوە، گۆگڵ وەک "دەروازەی چوونە ناوەوەی ئینتەرنێت" بناسرێت. بەهۆی ئەمەشەوە تەنها لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکادا، لە سەدا هەشتای گەڕانەکان لە ڕێگەی ئەمەوە بکرێت.

لە یاداشتەکەدا هاتووە، وەک ئەوەیە گۆگڵ "گەڕانی ئینتەرنێتی" کردبێت بەناوی خۆیەوە. بەمەش کۆمپانیاکانی تر ناتوانن ڕکابەری بکەن لە بڵاوکردنە و ناساندندا.
لە درێژەی یاداشتەکەدا، ئاماژە بە خاڵیکی زمانناسیش دراوە و ئاماژە بەوە دەکات " گۆگڵ ئەوەندە گەمارۆی بازاڕی داوە، کە ناوی گۆگڵ، جگە لەوەی بووە بە ناونیشانی کۆمپانیا و ماتۆڕی گەڕان، وەکو کرداریش بەکاردێت و بەمانای گەڕانی ئینتەرنێتیە"
داواکاری گشتی نوسیویەتی، شێوەی کارکردنی گۆگڵ بۆتەهۆی زیانگەیاندن بە خەڵک. زانیاریەکانی پەیوەندیدار بە گەڕانی خەڵکی بە گوتەی داواکاری گشتی ئیتر تایبەت نیە و مافی هەڵبژاردنیان لەبەرچاو ناگیرێت.

لێکۆڵەرانی کۆمپانیا تەکنەلۆجییەکان خۆشحاڵن
سالی هابارد، لە یەکێک لە دامەزراوە فیکریەکانی پایتەختی ئەمریکادا، لێکۆڵینەوە دەکات لەبارەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆجیاوە، لە تویتەرەکەی خۆیدا کاردانەوەی نیشاندا و خۆشحاڵی خۆی دەبڕی بۆ ئەم یاداشتە، ئەوەشی بەبیر هێنایەوە کە چاودێریکردنی ماتۆری گەڕانی گۆگڵ، سادەترین کارە حکومەت دەیتوانی ئەنجامیبدات.

زۆرێک لە ویلایەتەکانی ناڕازین
زۆرێک لە ویلایەتەکانی تر نارەزایەتی خۆیان دەربڕیوە دژی ئەم سکاڵایە. داواکاری گشتی نیویۆرک، کۆلۆرادۆ، ئایاوا، نەبراسکا، کارۆلینای باکوور، تێنسی و یوتا بە باڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند، لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر گۆگڵ هێشتا کۆتای پێنەهاتوە و ئەگەر بڕیاریاندا، ئەوانیش سکالاکەیان لەگەڵ ویلایەتەکانی تردا دەکەنە یەک سکاڵا.
فابیان لێڤی، وتەبێژی فەرمانگەی داواکاری گشتی ویلایەتی نیویۆرک گوتی "ئەم بایاننامەیە بە ڕێکەوتنی هەردوو حیزبەکە بڵاوکراوەتەوە، هەندێک بابەتی بنەرەتی ماون، هێشتا دەبێت لێکۆڵینەوەیان لێبکرێت"

سیاسەتمەداران پشتگیری سکاڵاکە دەکەن
سیاسەتمەدارانی ئەمریکا لە زۆرترینی کەیسەکاندا، بیرورای جیاوازیان هەیە، بەڵام لەم کەیسەدا هەموویان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە حکومەت چاودێریەکی زیاتری هەبێت لەسەر کۆمپانیا گەورەکانی ئینتەرنێت وەک ئەمازۆن، ئەپڵ ، فەیسبووک و گۆگڵ.

گۆگڵ بە توندی دژی سکاڵاکان دەوەستێتەوە
90٪ ی گەرانەکانی ئینتەرنێت لە جیهاندا لە ڕێگەی گۆگڵەوە دەکرێت، لە ئەوروپاشدا ڕووبەڕووی دادگایەکی لەم شێوەیە بۆتەوە، لە ئەوروپا و ئەمریکاشدا، ئەم کۆمپانیایە لە دادگا بەرگری لە خۆی دەکات و چاوەرواندەکرێت بە توندی دژی هەر هەنگاوێک بێت، ناچاریبکات بە هاوبەشی پێکردنی خزمەتگوزاریەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تر.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif