دوایین دیبەیتی سەرۆکایەتی رای ئەمریکییەکانی گۆڕیوە

ليست هناك تعليقات



ژمارەیەک دەنگدەرەی دوودڵی ئەمریکی، لەدوای دیبەیتی کۆتایی نێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن، ئاستی سەرۆکی ئەمریکایان لە دیبەیتەکەدا بە 'سەرکەوتوو' ناوبرد، لەکاتێکدا سەرپەرشتیارانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەو گوتیان، گەورەترین بڕە پارەیان لەشەوی دیبەیتەکەدا، کۆکردووەتەوە.

ماڵپەری 'زە هێل'ی ئەمریکی ئاشکرایکرد، ئەو دەنگدەرە دوودڵانە، کە پێش دوایین دیبەیتی سەرۆکایەتی، لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری پارتی کۆماری و جۆ بایدن، بەربژێری پارتی دیموکرات، خۆیان بۆ دەنگدان بە یەکێک لەوان یەکلانەکردبووەوە، گوتوویانە، بایدن 'تەمومژاوی' دەرکەوتووە.

فرانک لۆنتز، سەرپەرشتیاری راپرسییەکان لە بەرژەوەندی پارتی کۆماری، کۆمەڵەیەکی لە 14 دەنگدەر دروستکرد، کە پێشتر بڕیاریان نەدابوو دەنگ بە بایدن یان ترەمپ بدەن. ئەو 14 کەسە تەماشای دوایین دیبەیتی سەرۆکایەتی نێوان هەردوو بەربژێرەکەیان کرد، کە بەرەبەیانی هەینی لە شاری ناشڤیلی ویلایەتی تینیسی بەڕێوەچوو.

زۆرینەی بەشداربووەکان، ئاستی دیبەیتەکەیان لە نێوان هەردوولادا بە'گونجاو' ناوبرد، لە کاتێکدا دیبەتی یەکەمی نێوانیان بەهۆی دەمەقاڵە و گوێنەگرتنەوە لە یەکتری، بەخراپ ناوبرابوو.

یەکێک لە بەشداربووەکان، گوتوویەتی "ئێستا من مەیلم زیاتر بەلای ترەمپدایە، بەڵام پێموایە لەبابەتی رەگەزپەرستیدا وەڵامی باشی پێ نییە، لە کاتێکدا ئەمە بابەتێکی گرنگە بۆ ئێستای وڵاتەکە".

هەندێکی دیکە لە بەشداربووەکان وایان داناوە کە بایدن 'کەسایەتییەکی باشتر'ی هەیە لە ترەمپ، یەکێک لەوان دەڵێ "ئەمە هەڵبژاردنە لە نێوان کەسایەتی و سیاسەتدا".

بەرنامەی 'سکواک بۆکس' کە لە کەناڵی CNBC پەخشدەکرێت، لەبارەی ئەو دەنگدەرە دوودڵانەوە گوتی، "ترەمپ مێشکی ئەو دەنگدەرانەی بەدەستهێنا کە هێشتا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە، بەڵام بەجیاوازییەکی زۆر سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە".

بەشداربووەکان بەهەندێک وشە گوزارشتیان لە ترەمپ کردووە، وەک 'خۆپارێز'، هاوسەنگ' و 'سەرۆکایەتیی نایاب'، لە کاتێکدا بۆ بایدن وشەکانی وەک 'نادیار'، 'یاریکەر' و 'بەرگریکار' یان بەکارهێناوە.

لەدوای دیبەیتەکە، سەرپەرشتیارانی هەڵمەتی دۆناڵد ترەمپ و لیژنەی نیشتمانیی پارتی کۆماری، بەڕێکردنی 'گەورەترین' رۆژیان لە کۆکردنەوەی کۆمەکەکان لەرێگەی ئینتەرنێتەوە راگەیاند.

بەپێی راگەیێندراوی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ، لە دوای دیبەیتەکە، بڕی 26 ملیۆن دۆلار کۆمەک بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی ئەمریکا کۆکراوەتەوە، کە بێوێنەیە لە مێژوودا.

بیل ستیپین، بەڕێوەبەری هەڵمەتەکانی ترەمپ، لە رێگەی پەیوەندییەوە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "سەرۆک براوە بوو، ئێمە لە شەوی دیبەیتەکەدا بەرزترین و گەورەترین کۆکردنەوەی کۆمەکمان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە تۆمارکرد، زۆر باشتر لە هەر رۆژێکی ساڵی 2016 و ئەمساڵیش، بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک، بۆ هەڵبژاردنەوەی ترەمپ".

سەرپەرشتیارانی هەڵمەتی دۆناڵد ترەمپ و لیژنەی نیشتمانیی کۆماری، لە بڵاوکراوەیەکی تایبەتدا ئاشکرایانکرد، هەڵمەتی کۆمەک کۆکردنەوەی سەر ئینتەرنێت نەک تەنیا 30 لەسەد زیادیکردووە، بەڵکو 20 لەسەد کۆمەکبەخشانی پێشتریش جارێکی دیکە کۆمەکیان بەخشیوەتەوە.

گاری کوبی، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی هەڵبژاردنەوەی ترەمپ رایگەیاند، "لەکۆتا رۆژەکانی بەر لە هەڵبژاردنی ساڵی 2016، زیادبوونی بەرچاوی کۆمەکەکانمان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بینی، کە بووە بەرزبوونەوەی رادەی دەنگدانی گشتی بۆ ترەمپ و بەوەش ترەمپ لە هەڵبژاردندا بردییەوە.. ئەو زیادەیە جارێکی دیکە روویداوە، بەڵام ئەمجارە سێ هێندەی پێشوو، بەشێوەیەک کە ترەمپ لە کاتی دیبەیتەکەدا گوتی، پێویستی بەکۆمەکی زیاتر نییە بۆ ئەوەی لە جۆ بایدنی جێگری سەرۆکی پێشوو بباتەوە".

ترەمپ لە دیبەیتەکەدا زیاتر گوتبووی، "پێویستمان بەپارەی زیاتر نییە، لە راستیدا بەپارەیەکی زۆرکەم لەچاو ئەو بڕەدا کە کۆیکردبووەوە، سەرکەوتنمان بەسەر هیلاریدا بەدەستهێنا".




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif