جیاوازییەکانی ترامپ و بایدن لە سیاسەتی دەرەوەییدا

ليست هناك تعليقات



لە کاتێکدا هەردوو کاندیدی پارتە بەرهەڵستەکان، سەرۆک دانۆڵد ترامپ و جێگری سەرۆکی پێشوو جۆو بایدن ڕوانینی جیاوازیان هەیە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ باقی جیهاندا، لە ئاستێکی بنەڕەتیدا ئەو جیاوازییە دەکرێت لە ڕێبازی "یەکەم ئەمەریکا" ی ترامپەوە لەگەڵ پشتیوانی بایدن بۆ هاوکاری زیاتری نێونەتەوەیی بەدی بکرێت.

لێرەدا باس لە هەندێک لەو ناوچە سەرەکییانە دەکەین کە جیاوازییەکانی هەردوو کاندید لە بواری سیاسەتی دەرەوەییان دەخەنە ڕوو.

ناتۆ

لە دەمی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2016 یدا ترامپ دەستبەجێ هاوپەیمانی ناتۆی کردە ئامانج و داوای کرد ئەندامانی تری ڕێکخراوەکە خەرجییەکانی بەرگرییان زیاد بکەن. ژمارەیەک لە وڵاتان گەیشتبوون بەو ئاستەی کە لە ساڵی 2014 ناتۆ بۆی دیاری کردبوون بەرلەوەی ترامپ ببێت بە سەرۆکی ئەمەریکا، بەڵام بەشێکی زۆریش نەگەیشتبوون بەو ئاستەیان. لە سەرەتای ئەم ساڵدا ترامپ 12 هەزار سەربازی لە ئەڵمانیا کشاندەوە لە کاتێکدا تۆمەتباری کرد بە سودوەرگرتن لە ئەمەریکا.

بایدن لە میانەی دیبەیتێکی مانگی شەشی ساڵی 2019 ناتۆی بە " تاکە هاوپەیمانی هەرە گرنگ لە مێژووی ئەمەریکا" ناودێر کرد و هۆشداری دا ئەو هاوپەیمانییە " هەڵدەوەشێتەوە" ئەگەر ترامپ هەڵبژێردرێتەوە. جێگری سەرۆکی پێشو دەخوازێت تیشک بخاتە سەر چاککردنەوەی هاوبەشی نێونەتەوەیی لەو جۆرە.

ڕوسیا

بایدن بەڵێنی داوە ڕووبەڕووی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادمێر پوتن سەبارەت بە دەستێوەردانەکانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا و چالاکییەکانی تردا ببێتەوە.

بایدن دەڵێت " من تێناگەم بۆ ئەم سەرۆکە (ترامپ) ناخوازێت ڕووبەڕووی پوتن ببێتەوە لە کاتێکدا ئەو پارە دەدات بۆ کوشتنی سەربازانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، کاتێک دەستی هەیە لە چالاکییەکانی کە هەوڵدەدات هەمو ناتۆ ناسەقامگیر بکات."

ترامپ هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگیریەکانی ئەمەریکای ڕەتکردەوە سەبارەت بەوەی ڕوسیا دەستی هەبووە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 بۆ بەرژەوەندی سەرکەوتنی، ئەو بابەتەی کە بووە مایەی ئیمپیچکردنی بە " ساختە" و " شتێک کە بوونی نییە" وەسف کرد. ئەو ئاماژەی بە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ڕوسیا کرد وەکو بەڵگەیەکی بەهێزی بەڕێوەبەرایەتییەکەی.

گوتی " هیچ کەس لە دانۆڵد ترامپ زیاتر توند نەبووە لەگەڵ ڕوسیادا."

چین

ڕێبازی ترامپ بۆ چین بە درێژایی ماوەی سەرۆکایەتی ئەو گۆڕانکاری تێدا ڕوویداوە. پاش میوانداری کردنی سەرۆکی چین شی ژینپینگ لە یەکەم مانگی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ کۆبونەوەیەکی لوتکەیی، پەیوەندییەکانی نێوانیان بەرەو جەنگێکی بازرگانی و دانانی گومرگ لەسەر یەکتر ڕۆشت، بەرلەوەی دوواجار لە مانگی یەک گەیشتن بە یەکەم قۆناغی ڕێککەوتنی بازرگانییان.

لە کاتێکدا پەتاکە لە ساڵی 2020 دا زیادی کرد ترامپ چینی تاوانبارکرد بۆ پەتای کۆرۆنا لە هەمان کاتێکدا هەوڵی دا بەرنامەکانی تیکتۆک و WeChat ی بنکە لە چین قەدەغە بکات.

جێگری سەرۆک مایک پێنس لە میانەی دیبەیتەکەی مانگی 10 گوتی " هەڵوێستی توندی سەرۆک ترامپ دژ بە چین بەردەوام بەهێز دەبێت."

بایدن پشتیوانی لەوە دەکات هەڵوێستی توندتر لەسەر مافەکانی مرۆڤ لە چین و بارودۆخی هۆنگ کۆنگ بگیرێتەبەر لە کاتێکدا فشاریش بۆ چین ببرێت لەبەر هەڵوێستە بازرگانییەکانی.

جێگری بایدن سیناتۆر کامڵا هێرس لە میانەی دیبەیتەکەیدا لەگەڵ مایک پێنس گوتی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ " ئەو شەڕە بازرگانییەی دۆڕاندووە".

هێرس گوتیشی " بەهۆی ئەوەوە جوتیاران دووچاری مایەپوچی بوون. لەبەر ئەوە ئێمە لە داڕمانی پیشەسازیداین."

ئێران

بایدن جێگری سەرۆک بوو کاتێک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ پێنج وڵاتی تری زلهێزی جیهاندا ئەو ڕێککەوتنەی ساڵی 2015یان مۆر کرد کە بەرنامەی ناوکی ئێران سنوردار دەکات بەرامبەر سوککردنی سزاکان. ترامپ لەو ڕێککەوتنە کشایەوەو بە " خراپترین ڕێککەوتن " ناودێری کرد و سزای نوێی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا کە زیانی بە ئابوری ئێران گەیاندووە و فشاری بۆ برد چالاکییە ناوکییەکانی زیاد بکاتەوە.

بایدن دەڵێت ئەو هەوڵ دەدات بگەڕێتەوە نێو ڕێککەوتنەکە و ئێرانیش بگەڕێتەوە بۆ وابەستەبوونی خۆی پێوەی.

ئیسرائیل

هەردوو کاندید پشتیوانی لە چارەسەری دوودەوڵەتی دەکەن لە هەوڵی درێژدەمی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا.

ترامپ پشتیوانێکی ئاشکرا بووە بۆ سەرۆک وەزیری ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ و باڵیۆزخانەی ئەمەریکای لە ئیسرائیل لە تێل ئەڤیڤەوە گواستەوە بۆ ئورشەلیم.

بایدن ڕەخنەی لەو هەنگاوە گرت، بەڵام لەبەرنامەیدا نییە هەڵیبوەشێنێتەوە. ئەو پێشنیازی ئەوەی کردووە کۆنسۆڵخانەیەکی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ئورشەلیم بکرێتەوە بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ فەلەستینییەکاندا.

کاندیدی دیموکراتەکان دەستخۆشی لە کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ کردووە بۆ ڕێککەوتنەکانی ئەم داوییانە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ بەحرەین و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب. بەڵام بایدن دەڵێت ترامپ هێشتا " هیچ پلانێکی ڕوونی نەبووە بۆ ڕێبازی دەرەوەیی" بێجگە لە بایەخدان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا."

ئەفغانستان

بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لەگەڵ تالیباندا گەیشتە ڕێککەوتنێک کە بەپێی ئەوە دەبێت هێزەکانی ئەمەریکا هەتا ناوەڕاستی ساڵی 2021 لەو وڵاتە بکشێنەوە، و لە مانگی 10 لە تویتێکدا ڕایگەیاند دەخوازێت هەتا کۆتایی ساڵی 2020 کشانەوەکە تەواوبێت.

هەڵوێستی بایدن ئەوەیە بە وریاییەوە مامەڵە بکرێت لەسەر بنەمای بارودۆخەکە لەسەر عەرزی واقیق.

کۆریای باکور

ترامپ دوو خولی وتووێژی لەگەڵ ڕێبەری کۆریای باکور کیم جۆنگ ئۆن ئەنجام دا و سێهەم جار لە سنوری هاوبەشی نێوان هەردوو کۆریا کۆبونەوە وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی چەکداماڵینی نیمچە دورگەی کۆریا. ئەو وتووێژانە هیچ بەڵێنێکی بەرهەم نەهێنا، بەڵام پیونگیانگ لەوەتای ساڵی 2017وە هیچ تاقیکردنەوەیەکی چەکی ناوکی یان ICBMی ئەنجام نەداوە. ترامپ دەڵێت لەگەڵ کیمدا " پەیوەندییەکی زۆرباشیان دروستکردووە" و بەڕێوەبەرایەتیەکەی هیوای کۆبونەوەیەکی لوتکەیی تری دەربڕیوە."

هەڵوێستی بایدن ئەوەیە لەگەڵ کیم کۆنابێتەوە بەبێ مەرجی پێشوەخت. ستراتیژی بەڕێوەبەرایەتی بایدن بەکارهێنانی سزاکان دەبێت تا فشار بۆ کیم ببات بکەوێتە وتووێژ.

ئافریکا

بایدن پێشنیازی کردووە ئەو ڕاگرتنی گەشتەکانی کە ترامپ لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەنجامیدا هەڵبوەشێنێتەوە، لە ناویاندا ئەوانەی کە بە توندی کاریکردۆتە سەر چەندین وڵاتی زۆرینە موسوڵمانی وەکو نایجیریا و سودان و سۆماڵیا. ترامپ بەرگری لەو قەدەغەکردنانە دەکات وەکو پێویستی بۆ ئاسایشی نیشمانی ناودێری دەکات.

هەردوو کاندید بەشێک لە ستراتیژییان بۆ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئافریکا ئەوەیە هەوڵ بدەن بۆ بەرەوپێشبردنی ئابوری، هەروەها کارکردن لەگەڵ ڕێبەرە گەنجەکانی ئەو کیشوەرەو ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین.

ئەمەریکای ناوەڕاست

بەڕێوەبەرایەتی ترامپ لە ساڵی 2019 ڕێککەوتنێکی لەگەڵ گواتیمالا، ئیل سالڤادۆر و هۆندوراس ئەنجام دا کە تیایدا دەبێت کۆچبەران سەرەتا هەوڵی بەدەستهێنانی مافی پەنابەرێتی لەم وڵاتانەدا بدەن. ئەگەر بەبێ ئەوەی ئەو کارەیان کردبێت بگەنە سنوری نێوان مەکسیک و ئەمەریکا ئەوا دەگێڕدرێنەوە. ڕاوێژکار ستیڤن میلەر دەڵێت ڕێککەوتنێکی هاوشێوە لەگەڵ وڵاتانی تریش ئامانجی خولی دووهەمی سەرۆکایەتی ترامپ دەبێت.

بایدن ڕەخنەی لەم سیاسەتەی ترامپ گرتووەو بە " ڕێبازی کۆچبەری دراکۆنیەن ناودێری کردووە کە هەوڵ دەدات یاساکانی کۆچبەری و پەنابەریمان هەڵبوەشێنێتەوە" و دەڵێت ئەو هەندێک لە هاوکارییەکان بۆ ئەو ناوچانە نۆژەنگدەکاتەوە لە هەوڵێکدا بۆ فشارخستنە سەر حکومەتەکان تا ژمارەی کۆچبەران بەرەو باکور کەم بکەنەوە.

لە ژێر بەڕێوەبەرایەتی ترامپدا، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە سەرانسەری جیهانەوە هاتونەتە ناو ئەمەریکاوە لە 85 هەزاری کۆتا ساڵی تێرمی ئۆباماوە کەمبۆتەوە بۆ 1500 لەم ساڵدا. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت ئەو سنورە پێویستە بۆ " سەلامەتی و خۆشگوزەرانی ئەمەریکاییەکان، بەتایبەتی بەلەبەرچاوگرتنی بەردەوامی پەتای کۆڤد19."

بایدن بەڵێنیداوە دەستبەجێ ئەو سنورە بەکاتەوە بە 125 هەزار.

هەوڵەکانی فرەلایەنە

سیاسەتی ئەمەریکا یەکەمی ترامپ، بوو بەهۆی دوورکەوتنەوە لە چەندین هەوڵی نێونەتەوەیی لە ناویاندا بڕیارەکەی بۆ کشانەوە لە ڕێککەوتنی ژینگەیی پاریس، بڕینی بودجەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لەسەر شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەرچوونی لە ڕێککەوتنی بازرگانی هاوبەندی هەردووبەری ئۆقیانوس.

بایدن پشتیوانی لە ڕیککەوتنی پاریس و ڕێککەوتنی بازرگانی هاوبەندی هەردووبەری ئۆقیانوس کردبوو لە دەمێکدا کە جێگری سەرۆک بوو و هەوڵ دەدات بگەڕێتەوە ناویان، لە کاتێکدا بودجەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش نوێ دەگەڕێنێتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif