دەنگدان لەسەر ئێمی بارێت بۆ رۆژی 22ی مانگ دواخرا

ليست هناك تعليقات


 
لیژنەی دادی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رۆژی 22ی ئەم مانگەی وەکو رۆژی دەنگدان لەسەر پەسندکردن یان رەتکردنەوەی ئێمی بارێت بە ئەندامی دادگای باڵای ئەمریکا دیاریکرد.

دیموکراتەکان داوایان دەکرد ئەو بابەتە بۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دوابخرێت، بەڵام کۆمارییەکان رایانگەیاند، ناکرێت چیدیکە کورسییەکی دادگای باڵا چۆڵبێت.

لیندزی گراهام، ئەندامی لیژنەی دادی ئەنجوومەنی پیران رایگەیاند "ئەوەی پەیوەندیی بە پرۆسەکەوە هەیە، لەمڕۆوە تاوەکو کاتی دەنگدانەکە حەوت رۆژمان دەبێت. لە 50 ساڵی رابردوودا 676 جار ئەوە کراوە کە ئەمڕۆ دەمانەوێت بیکەین. زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانەی لەلایەن سەرۆکەوە بەربژێر کراون، لە ماوەی 16 رۆژ دوای بەربژێرکردنیان گوێیان بۆ گیراوە و پرسیاریان لێکراوە، ئەمە لەکاتێکدایە 33 رۆژە گینسبێرگ کۆچی دوایی کردووە. هەربۆیە ئەوەی دەیکەین پێچەوانەی هیچ نەریتێک نییە".

لە سێ رۆژی رابردوودا چەندین دانیشتن لە ئەنجوومەنی پیران ئەنجامدران و پرسیار لە بەربژێرەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەندامی دادگای باڵای وڵات کرا.

بارێت ئاماژەی بەوە کرد، پابەندی بۆچوونەکانی رابردووی نابێت، ئەوەش وایکردووە ژمارەیەکی زۆر لە دیموکراتەکان هەڵوێستیان بەرامبەری بگۆڕێت.

ئێمی بارێت، بەربژێری دادوەری دادگای باڵای ئەمریکا رایگەیاند "ئەگەر کەیسێک هاتە بەردەمم، سوود لە یاساکانی پەیوەندیدار بەو بابەتە وەردەگرم. ئەگەر یاسا ئەوەی لێ خواستم کە دوای بخەم، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو کارە دەکەم. هەربۆیە یاسا جێبەجێ دەکەم و کاتێکیش یاسا رێگە بە دواخستنی کەیسێک دەدات، منیش ئەو کارە دەکەم".

وەڵامەکانی بارێت بوونە هۆی دڵخۆشکردنی سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکەی پارتی کۆماری.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "زۆر لەو کەسانە زیرەکترە کە مەبەستی خراپیان هەیە. گوێ لە هەندێک لە پرسیارەکان بگرە لێیان کردووە و هەموو شتت بۆ رووندەبێتەوە. ئەوان یاریزانی باش نین. ئەوان زۆر خراپن، بەڵام ئێمی زۆر زیرەکە".

متمانە بەخشین بە ئێمی بارێت دەبێتە هۆی ئەوەی شەش کەس لە دادگای باڵا کۆنسێرڤاتیڤ بن و سێ کەسیشیان لیبراڵ بن. ئەمەش بەو جۆرە لێکدەدرێتەوە کە پێگەی کۆمارییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی هەندێک پرس لە دادگاکە بەهێز دەبێت.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif