عیزەت دووری ، 17 ساڵ خۆشاردنەوە لە ئەمریکا

ليست هناك تعليقات


بۆ ئەوانەی لەسەردەمی سەدام حوسێندا لە عێراق ژیاون، عیزەت دووری ناوێکی نامۆ نییە. ئەو زۆرینەی کات لەپاڵ سەرۆکەکەیدا وەک وەفادارترین پیاو دەردەکەوت و هەمان ئەو ترس و تۆقینەی بەبیری خەڵک دەهێنایەوە، کە دەسەڵاتی بەعس دەیان ساڵ بوو لە عێراقدا، پەیڕەوی دەکرد.

عیزەت دووری، پیاوی دووەمی رژێمی بەعسی عێراق و ئەمینداری حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە، رۆژی دووشەممە 26ی ئۆکتۆبەری 2020 مردنی راگەیێندرا، ئەو راگەیاندنە کۆتایی بە چیرۆکی 17 ساڵ راوەدوونانی لەلایەن ئەمریکییانەوە هێنا، ئەوەی هەواڵگری ئەمریکا پێینەکرا، شێرپەنجە ئەنجامیدا و کۆتایی پێهێنا.

گیانلەدەستدان و کوژرانی عیزەت دووری، ساڵانی پێشوو چەندینجار و لە چەندین بۆنەی جیاوازدا وەک هەواڵ بڵاوکراونەتەوە، بەڵام هەموو جارێک حیزبی بەعسی قەدەخەکراو لە عێراق، ئەو هەواڵەی رەتدەکردەوە، بەڵام ئەمجارە حیزبی بەعس خۆی هەواڵی گیانلەدەستدانی سەرکردەکەی راگەیاند.

لە هۆڵەکەی بەغداوە بۆ حەشارگەکانی بیابان

عیزەت دووری هەمیشە بەباڵا باریک و سەروسیما بێدەنگەکەی و پرچە سوورەکەی لای عێراقییەکان دەناسرایەوە. لەوانەیە بەکارهێنانی وشەی 'وەفادارترین' بۆ ئەو، دەستەواژەیەکی گونجاو بێت لە بەرامبەر ئەو خزمەتانەدا کە پێشکێشی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووی عێراقی کردووە. چونکە دوا سەرکردەی ئەو حیزبە بوو لەپاش رووخانی رژێمەکەوە، نەکەوتە بەردەستی هێزەکانی ئەمریکا و عێراقیش. ئەو هێشتنەوەی حیزبەکەی لە دوای شکستە گەورەکەی 2003ەوە لەکۆڵ نا.

ئەوانەی لە عێراقدا بەر شەپۆلە بەردەوامەکانی تووندوتیژی دەسەڵاتی بەعس کەوتوون، دووری بە بەرپرس لە کوشتن و لەسێدارەدانی هەزاران کەس تۆمەتبار دەکەن. دووری لە 2006 و پاش لەسێدارەدانی سەدام حوسێن، بووە ئەمینداری حیزبی بەعس و لە پۆستەکەی تاوەکو ساتی مردنی بەردەوام بوو.

دووری سەرتۆپی پیاوە وەفادارەکانی سەدام حوسێن بوو، بەشداری هەڵمەتەکانی پاکتاوی ناو حیزبی بەعس بوو، کە تێیدا دەیان هاوبیر و هاوخەباتی سەدام و دووری لە کۆمەڵکوژییەکەی ناو هۆڵی 'خولد' لە ساڵی 1979دا کرانە قوربانی. ئەوکات سەدام حوسێن تازە ببووە پیاوی یەکەمی بەعس لەدوای ئەحمەد حەسەن بەکر.

تۆمارێکی ڤیدیۆیی ناو هۆڵەکە، دیمەنی تۆقێنەری ئەوکات دەخاتەڕوو، لەوێدا دووری لەپاڵ هەریەکە لە تارق عەزیز و تەها یاسین رەمەزان، کە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بەعس بوون، دانیشتووە و بەبێدەنگی سەرقاڵی جگەرەکێشانە. دەنگی هاوخەباتەکانیان کە لەکاتی کوشتنیاندا دەگاتە گوێیان، هیچ هەستێکی ئەوان ناجووڵێنێت.

سەدام حوسێن ئەوکات هاوڕێکانی خۆی بە پلاندارێژی بۆ 'ناپاکی و کۆدێتا' بەهاوکاریی حیزبی بەعسی سووریا تۆمەتبارکرد. لەو کاتەوە لقی سووریا و لقی عێراقی بەعس، ناکۆکییەکی نەبڕاوە لەنێوانیاندا سەریهەڵدا.

دووری لەو رۆژانەوە وەک دەستەڕاستی سەدام حوسێن دەرکەوت، لە کۆتاییدا خۆی لەبەرچاوی دونیا دزییەوە و ساڵانێکی زۆری لە حەشارگە جیاوازەکاندا بەسەربرد، دەگوترێ رێکخراوی 'نەقشبەندییەکان' لەلایەن ئەوەوە سەرپەرشتی کراوە، کە هێرشی چەکداری زۆری لە ساڵانی رابردوو لە عێراقدا ئەنجامدا و مۆڵگەی کۆبوونەوەی کۆنە بەعسییەکانی وڵات بوو.

هەرگیز بە سەدامی نەدەگوت نا

تەها حەیدەر، مێژوونووسی عێراقی، لەبارەی عیزەت دوورییەوە دەڵێ "ئەو هەمیشە سەدامی هەڵدەبژارد، ئەو هەڵبژاردنە هۆکاری رزگاربوونی بوو لە ئاهەنگەکانی لەسێدارەدان، کە سەدام حوسێن بۆ دوژمنەکانی رێکدەخست، هاوپەیمانەکانیشی دەگرتەوە، پاش ئەوەی سەدام بەبیانوویەک ئەوانی بە دوژمنی خۆی ناودەبرد".

عیزەت لە شارۆچکەی دۆرەی سەڵاحەدین لەدایک بووە، نازناوەکەشی لە شارۆچکەکەوە وەرگرتووە، یەکەم پۆستی لە حیزبی بەعسدا، بەرپرسی نووسینگەی کشتوکاڵی حیزب بووە، دواتر چەندین پۆستی وەرگرت، لەنێویاندا وەزیری کشتوکاڵ و وەزیری ناوخۆش، دواتر بووە جێگری ئەمینداری گشتی حیزبی بەعس و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی عێراق، ئەو دوو پۆستە گەورەترین پۆستەکانی سەدام حوسێن بوون.

حەسەن عەلەوی، مێژوونووس و هاوڕێی عیزەت دووری، لەبارەی گەورەترین کەموکورتیی پیاوی دووەمی بەعسەوە دەڵێ "هەرگیز بە سەدام حوسێنی نەدەگوت نا، هەمیشەش لایەنگری ئەو بوو". زیاتر دەڵێ "سەدام حوسێن سەرۆکایەتی دادگا حیزبییەکانی پێ سپارد، کە هاوڕێکانیانی تێدا لەسێدارە دەدرا، بەڵام ئەو بڕیاری لەسێدارەدانەکانی دەرنەدەکرد، بەڵکو سەرکردایەتی حیزبی بەعس دەریدەکرد و دووری راسپێردرابوو بۆ خوێندنەوەی، وەک ئەوەی خۆی بڕیارەکانی دەرکردبێت".

دووری لەدوای رووخانی سەدام خۆی شاردەوە، لە هەندێک تۆماری دەگمەندا دەرکەوت کە تێیدا پەسنی کارەکانی 'سوپای رێبازی نەقشبەندی' دەکرد، ئەو رێکخراوەی چەندین کردەی لە دژی هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامدا، بەرلەوەی دواتر داعش ئەندامەکانی راوبنێت و بەشێکی زۆریان ببنە ئەندامی داعش، لەدوای بەرفراوانبوونی گەورەی رێکخراوەکە لە عێراق لە ساڵی 2014.

دووری لە تۆمارە ڤیدیۆییەکاندا بە بەرگی سەربازییەوە دەردەکەوت، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، ئەو پلە سەربازییەکەی موهیب روکن بوو، ئەو پلەیەی سەدام بەدرێژایی ژیانی بەستی و کەس نەیزانی چۆن وەریانگرتووە.

لەدوا تۆماری ڤیدیۆییدا لە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی بەعس لە نیسانی 2020، دووری بەدەنگێکی نزم و لەرزۆکەوە دەرکەوت، هەرچەندە هەوڵیدەدا هێز بەبەری رستەکانیدا بکات، بەڵام بەئاسانی ئەوەی پێنەدەکرا.

عەلەوی دەڵێ دووری بەشێکی بەرچاوی ژیانی لە نەخۆشخانەکاندا بەسەربرد، هەستەوەرییەکی درێژخایەنی لە گەدەیدا هەبوو، "سەیرە ئەو ماوە درێژە لە ژیاندا ماوەتەوە".

هاوڕێکەی دووری دەڵێ ساڵی 2003، عیزەت وێنەیەکی خۆی لە ناوچەیەکی بیاباندا بۆ ناردم، گوتی ئەو شوێنە دەبێتە ماڵ و گۆڕی من، بەڵام "من نەمزانی ئەو جێگەیە دەکەوێتە کوێوە؟".

حیزبی بەعس لەو کەمە ئەندامە نهێنییەی پاشماوەکانی کە لە عێراقدا ماویەتی، دەبێ سەرکردەیەکی نوێ بۆ خۆی رابگەیەنێت، عەلەوی پێیوایە "دەبێ سەرکردەی نوێ" بێنە پێشەوە، سەرکردە کۆنەکانی حیزبەکە هەموویان بەتەمەنن.

دووری ویستی سۆفیگەرانە بەسەریدا زاڵبوو، ئەو ویستە دژی مەیلی عەلمانییانەی حیزبی بەعس بوو، عەلەوی دەڵێ "کەسایەتی دووری و کەسایەتی سەدام، وایکردووە قورس بێت ئەو بەکەسی دووەمی رژێم ناوبنرێت".

وێڕای مانەوەی دووری لە پێگەی ئەمینداری حیزبی بەعسدا، حیزبەکە وەک تەها حەیدەری مێژوونووس گوتوویەتی "زۆرینەی هێزی خۆی لەدەستداوە و تەنیا ناوی ماوەتەوە، دژەکانی ئەمڕۆ لە هەڵبژاردنەکاندا سوودی لێدەبینن". ئەو پێیوایە "بەعس تەنیا لای ئەو بەعسییانە ماوە کە زۆرینەیان تەمەن ماندووی کردوون و لە دەرەوەی عێراق دەژین".


لە سەهۆڵ فرۆشییەوە بۆ پۆستی باڵای دەوڵەت

عیزەت دووری نەیتوانی خوێندن تەواو بکات، لە قۆناخی سەرەتاییدا قوتابخانەی بەجێهێشت و دەستیکرد بە فرۆشتنی سەهۆڵ لەسەر شەقامەکان. لە قۆناخێکی دواتری تەمەنیدا چووەوە بەر خوێندن و تاوەکو قۆناخی ناوەندی رۆیشت، لەوێ بەهۆی کەوتنە بەردەوامەکانییەوە رەوانەی خوێندنگەی ئێواران کرا، بەڵام لەوێش نەیتوانی بەردەوام بێت و بەیەکجاری خوێندنی بەجێهێشت.

پێدەچێ گەورەبوون لە ناوچەیەکی نزیک لە یەک، سۆزێکی تایبەتی لەنێوان دووری و سەدامدا دروستکردبێت، چونکە ئەو لە دۆرە لەدایکبووە و ئەو شارۆچکەیە یەکێکە لە شارەوانییەکانی سەر بە شاری تکریت، عۆجەش (ئەو گوندەی سەدام حوسێن لێی لەدایکبووە) ناوچەیەکی سەر بە دۆرەیە.

لە بیستەکانی تەمەنییەوە بووەتە چالاکڤانی حیزبی بەعس، لەگەڵ سەدام حوسێندا لە کۆدێتای ناسراو بە شۆڕشی 17ی تەمووزی 1968 بەشداریکردووە کە کۆتایی بە دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان عارف، سەرۆکی ئەوکاتی عێراق هێنا و دواتر رژێمی بەعسی لێ دروستکرا.

ئەوانەی دوورییان لە نزیکەوە ناسیوە، دەگێڕنەوە کە کەسێکی ئایندار بووە، ساڵی 1993 رۆڵی گەورەی هەبوو لە 'هەڵمەتی ئیمانی'دا کە حکومەتی بەعس لە وڵاتەکەدا پەیڕەویکرد بۆ هاندانی خەڵک بەرەو بنەما ئاینییەکان.


هەوڵی کوشتن و لیستی پەنجا و پێنج کەسەکە

دووری لە 22ی تشرینی دووەمی 1998دا سەردانی شاری کەربەلای کرد و لەوێ رووبەڕووی هەوڵێکی کوشتن بووەوە، لە باشووری بەغدای پایتەخت، رووداوەکە تێپەڕی و حکومەتی بەعس دەیانی بەبیانووی تێوەگلان لەو هەوڵە شکستخواردووەی کوشتنەکەدا لەسێدارەدا.

لەگەڵ هاتنی هێزەکانی ئەمریکادا بۆ ناو عێراق، دەسەڵاتی هاوپەیمانان ناوی 55 سەرکردە و بەرپرسی بەعسیان بڵاوکردەوە و بەداواکراوی گەورە ناوی بردن، خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ زانیاریدەر لەسەر ئەوان دانرا. بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی ناو لیستەکە یان کەوتنە دەستی هێزەکانی ئەمریکا لە شێوەی سەدام حوسێن، تارق رەمەزن، بەرزان تکریتی و عەلی حەسەن مەجید، یان لە رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئەمریکادا کوژران، وەک عودەی و قوسەی، کوڕانی سەدام کە لە مووسڵ کوژران.

عیزەت دووری یەکێک لە داواکراوە باڵاکانی ئەمریکا بوو

دووری وێڕای داواکراوی و گەڕانی بەردەوامی ئەمریکییەکان بەشوێنیدا، توانی 17 ساڵ دوور لە چەپۆکی ئەمریکا بمێنێتەوە، بەهۆی سوپای نەقشبەندییەکانیشەوە، گورزی گەورەی لە ئەمریکییەکان دا.

پیاوەکەی سەدام حوسێن لە ژیانیدا چەندجارێک گیراوە، درێژترین ماوەی لە بەندیخانە لە نێوان 1963 تا 1968 بەسەربرد. ئەو نەخۆشی درێژخایەنی لۆکیمیای هەبووە، بەهۆیەوە ناچاربووە بەردەوام خوێنی هەموو جەستەی بگۆڕێت.

ساڵی 1999 بۆ گۆڕینی خوێن، رووی لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا کرد، ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە، داوایان لە حکومەتی نەمسا کرد بەهۆی بەشداریکردنی لە کۆمەڵکوژییەکانی عێراق دەستگیری بکات. بەڵام حکومەتی نەمسا رێگەی دا ئەو پاش وەرگرتنی چارەسەر، بگەڕێتەوە عێراق.

دەگوترێ هۆکاری مردنی دووری، هەر نەخۆشیی لۆکیمیا بووە.

کوێت و هەڕەشە لە کورد

لەبەرئەوەی متمانەپێکراوترین پیاوی سەدام حوسێن بوو، ئاسایی بوو دۆسێ قورس و ئاڵۆزەکان بەو بدرێت. ساڵێک بەرلەوەی سوپای عێراق هێرشبکاتە سەر کوێت، دووری لەلایەن سەدامەوە کرایە بەرپرسی لیژنەی دانوستاندن لەگەڵ کوێت، بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

بەر لە دەستپێکردنی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003دا کە بووە هۆکاری لەناوچوونی دەسەڵاتی بەعس لە وڵاتەکەدا، دووری لەلایەن سەدام حوسێنەوە کرایە بەرپرسی بەرەی باکووری عێراق بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی هاوپەیمانان.

لە سەروبەندی هێرشی یەکەمی هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق لە ساڵی 1991 لە دوای داگیرکردنی کوێت، دووری هەڕەشەی لە کورد کرد و کیمیابارانی هەڵەبجەی بەبیر هێنایەوە.

رۆژنامەی 'نیویۆرک تایمز' نووسیویەتی، دووری بەئاشکرا لە وتارێکدا بەکوردی گوتووە، هەلی هێرشی ئەمریکا نەقۆزنەوە بۆ هێرشکردنە سەر حکومەتی عێراق، رایگەیاندووە "ئەگەر هەڵەبجەتان لەبیر چووەتەوە، من دەمەوێ بەبیرتانی بهێنمەوە، چونکە ئێمە ئامادەین هەمان کار دووبارە بکەینەوە".

پیاوی دووەمی حیزبی بەعسی عێراق، پێنج جار هاوسەرگیری کردووە و 11 کوڕ و 13 کچی هەیە. یەکێک لە کچەکانی بۆ ماوەیەک هاوسەری عودەی کوڕی سەدام حوسێن بووە.

هاوژینەکەی دەستگیرکرا و خۆی هەڵات

راوەدوونان و سۆراخکردنی ئەمریکییەکان بۆ دووری ماوەیەکی زۆری خایاند، چەند جارێکیش هەواڵی کوشتنی ئەو بڵاوبووەوە، بەڵام هیچکام لە هەواڵەکان راست دەرنەچوون.

لە کۆتاییەکانی تشرینی دووەمی 2003دا، فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، هێزەکانیان نزیکبووە لەوەی دووری بەزیندوویی دەستگیر بکات.

ئەوکات کە دووری بەڕاوەستانەوە لە پشت چەندین هێرش لە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق تۆمەتبارکرابوو، هەڵمەتەکان بۆ گرتنی یەکجار چڕببوونەوە.

ئاژانسی 'فرانس پرێس' ئەوکات لەزاری کۆڵۆنێل بیل ماکدۆناڵد، گوتەبێژی فیرقەی پیادەی چوارەمی ئەمریکا رایگەیاند، لە پرۆسەی 'ئەسپی ئاسنین'دا نزیکبوون لە گرتنی دووری.

ئەو ژەنەراڵە گوتی زانیارییەکان شوێنێکیان لە نزیک سامەرا بۆ هێزەکانمان دەستنیشانکردووە، کە گوماندەکرێت عیزەت دووری لێبووبێت، دوای پرۆسەیەکی گەڕان و بەسەردادانی چەندین باڵەخانەی ناوچەکە، سێ کەس لە باڵەخانەیەکدا دەستگیرکران کە هاوژین، کچ و پزیشکی دووری بوون، بەڵام ئەو توانیویەتی خۆی دەرباز بکات و دەستگیر نەکرێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق