تێچووی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا 11 ملیار دۆلارە

ليست هناك تعليقات


رێکخراوێکی ئەمریکی ناحیزبی، پێشبیندەکات هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتی و کۆنگرێس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، 'گرانترینی مێژوو' بن.

سەنتەری سیاسەتی وەڵامدەر (CRP)، کە بارەگاکەی لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکایە، ئاشکرایکردووە کۆی خەرجییەکانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و کۆنگرێس و رێکخراوەکانی دیکە لە ساڵی 2020دا دەگاتە 10،8 ملیار دۆلار.

سەنتەرە سەربەخۆکە، پێشبینیدەکات پشکی هەڵمەتەکانی بەربژێرانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات و لیژنە لاوەکییەکانی ئەو دوو هەڵمەتە، بۆ هەڵبژاردنی کۆنگرێسمانەکان، 54٪ی کۆی ئەو پارەیە بێت کە دەبێتە تێچووی هەڵبژاردنەکان.

ئەو راپۆرتە پێشبینییەکانی بۆ پێشبڕکێی سەرۆکایەتی وڵات و بەربژێرانی رکابەر لەسەر کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران خستووەتە روو.

تائێستا نزیکەی 7،2 ملیار دۆلار لە هەڵبژاردنەکاندا خەرجکراوە، سەنتەرەکە پێشبینیدەکات لەگەڵ دەستپێکردنی سێیەم هەڵمەتی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی هەردوو پارتە سەرەکییەکەی وڵات، ژمارەی خەرجییەکان بەرزتر ببێتەوە.

ئەو 11 ملیارەی دەبێتە خەرجیی هەڵمەتەکانی ئەمساڵ، زیادبوونی زۆری لەچاو تێچووی هەڵمەتەکانی ساڵی 2016 بەخۆوە بینیووە، کە ئەوکات کۆی تێچووی هەڵمەتەکان بڕی 9 ملیار دۆلاری تێدا خەرجکرا.

(CRP)، پێشبینیدەکات کۆی تێچووی پێشبڕکێی سەرۆکایەتی وڵات لەمساڵدا، بگاتە نزیکەی 5،2 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا پێشبڕکێی ئەندامانی بەربژێر بۆ کۆنگرێس 5،6 ملیارە و ئەو ژمارەیە بەبەراورد بەساڵی 2016، بە رێژەی 37٪ زیادبووە.

پێشتر 'بیزنس ئینسایدەر' لە راپۆرتێکدا لەبارەی هەمان بابەتەوە، پێشبینیکردبوو تێچووی پڕوپاگەندە سیاسییەکانی ئەمساڵ، بگاتە 6،23 ملیار دۆلار.

شیلا کرۆمهۆڵز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (CRP)، دەڵێت "ساڵی 2018، ژمارەی پێوانەیی لە کۆکردنەوەی کۆمەکەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی نیوەی وەرزی شکێنران و ئەمساڵ لە پێشبڕکێکانی سەرۆکایەتیدا، ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر دەبێت کە پێشبینیدەکەین یان بیری لێدەکەینەوە".

ئەو زیاتر دەڵێ: "ئەمە گرانترین هەڵبژاردنە لە مێژوودا و هێشتا مانگێکیش ماوە، بۆ ئەوەی پارەی زیاتری لە هەموو بوارەکاندا تێدا خەرجبکرێت".

لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمساڵدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستا و جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان، رکابەری دەکەن. لە کاتێکدا دیموکراتەکان هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی پیران بەدەست بهێننەو،ە پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنە نیوە وەرزییەکەی 2018دا، زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان مسۆگەر کرد.







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif