ئەو ڕۆژەی كازمی چوە ژێر زەمینە و چی دەست كەوت؟

ليست هناك تعليقات


گەڕاندنەوەی ملیۆنان بەڵگەنامەی سەردەمی حزبی بەعس لە ئەمریکاوە بۆ عێراق، ھەزاران لاپەڕەی رەش و خوێناوی لە مێژووی عێراق ھەڵدەدەنەوە، بە یەکلابوونەوەیان لە مردنی منداڵەکانیان سەدان خێزان بۆ ھەمیشە جەرگیان دەسوتێت و سەدان خێزانی دیکەش ھیوایان بۆ دەگەڕێتەوە. ئەی کێ بوو ئەم بەڵگەنامانەی بۆ ئەمریکا نارد؟

مێژوویەک لە تاریکیدا

دوای ئەوەی کۆتایی بە رژێمی بەعسییەکان و ھات و مێژووی فەرمانڕەوایەتی سەدام حسێن کۆتایی ھات، لە بارەگای ژێرئاوکەوتووی بەعسییەکان لە بەغدادەوە مێژوویەکی نوێ سەریھەڵدا، ئەو بارەگایەی پێنج ملیۆن بەڵگەنامەی سەردەمی ئەم حزبەی تێدا دۆزرایەوە.

دوای ئەوەی ئەمریکییەکان دەست بەسەر پێنج ملیۆن بەڵگەنامەکەدا دەگرن، بۆ تێگەشتن لە دۆسییە عەرەبییەکان و شیکردنەوەیان، بانگی دوو کەسایەتی دەکەن، یەکێکیان کەنعان مەکیە ئەمینداری ئەرشیفی ئۆپۆزسیۆن و ئەوەی دیکە مستەفا کازمی نووسەر و چالاکوانی ئەو سەردەمە و سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق بوون.

کەنعان مەکیە بە ئاژانسی ھەواڵی فرانس پرێسی وتووە، "چووینە ناو ژێرزەمینێکی تاریک کە بەھۆی بڕانی کارەباوە ئاویشی تێچووبوو، کە لەگەڵ کازمیدا دەستمان بە خوێندنەوەی بەڵگەنامەکان کرد، تێگەشتین شتێکی گرنگ و گەورەمان دۆزیوەتەوە"

راپۆرتدان لە دراوسێ

لەناو دۆسییەکاندا، دۆسییە و نامەی تایبەت بە ئەندامییەتی حزبی بەعس لەنێوان حزب و وەزارەتەکان لەبارەی کاروباری ئیداری ھەبوون، چەندین دۆسیەش تایبەت بوون بە راپۆرتی عێراقییەکان کە بۆ حزب ناردبوویان و تێیدا راپۆرتیان لە دراوسێکانیان دابوو بەوەی رەخنەیان لە سەدام گرتووە.

بەشێکی دیکە لە دۆسییەکان ئەوە دەردەخەن کە بەعس گومانی ھەبووە لەوەی بەشێک لە کەسوکاری دیلەکانی شەڕی ھەشت ساڵەی عێراق و ئێران "ناپاک"ن و کار بۆ ئێرانییەکان دەکەن.

گواستنەوەی بەڵگەنامەکان

لەگەڵ زیادبوونی توندوتیژییەکان لە شاری بەغداد، کەنعان مەکیە لەگەڵ بەرپرسان رێکدەکەوێت بۆ گواستنەوەی ئەم دۆسیانە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تاکو ببرێنە (Hoover Institution on War, Revolution and Peace at Stanford University) و لەوێ ژمارەیان لێبدرێت، پۆلین بکرێن و تۆماربکرێن، تەنھا ژمارەیەکی دیاریکراو لە توێژەرانیش بتوانن بیانبینن.

دوای ١٧ ساڵ و لە ٣١ی ئابی ئەمساڵ، ٤٨ تۆن لەو بەڵگەنامانە لە ئەمریکاوە گەڕێندرانەوە عێراق و لە شوێنێکی نھێنیدا پارێزران.

دووبارە خستنەوە ناو تاریکی

بەرپرسێکی عێراقی بە فرانس پرێسی وتووە، ھیچ کام لە ئەمریکا و عێراق ھیچ شتێکیان لەبارەی ھێنانەوەی ئەم دۆسیانەوە نەوتووە و ئاشکرایان نەکردووە، بەغداش لە پلانیدا نییە دۆسییەکان بخاتە بەردەم خەڵک و ئاشکرا بکرێن.

ئەم بڕیارەش بە ھێشتنەوەی بەڵگەنامەکان لە تاریکیدا و ئاشکرانەکردنیان، ھەزاران کەس بێئومێد دەکات کە دەکرێت لەناو ئەم دۆسیانەدا زۆر شت لەبارەی کەس و کارەکانیانەوە بدۆزنەوە و کە مان و نەمانی کەسوکارەکانیان دڵنیا ببن.

سابر؛ ونبوویەکی دیکە

ئەیوب زەیدی تەمەنی ٣١ ساڵە، دوای ئەوەی «سابر»ی باوکی بە سەرباز دەگیرێت بۆ جەنگی کوەیت لە ساڵی ١٩٩١، ون دەبێت، زەیدی دەڵێت، "سەدام گەلی عێراقی وێران کرد، ناکرێت لە بابەتێکی ئاوا بێدەنگ بن."

خێزانی سابر لەبارەی مردن یان بەدیلگرتنییەوە ھیچیان پێنەوتراوە، بۆیە ئێستا ئومێدیان ھەیە لەم ئەرشیفەی بەعسدا بە چارەنووسی سابر بگەن و دڵنیا ببنەوە.

حسێنەی ھاوسەری سابر تەمەنی ٥١ ساڵە، بە فرانس پرێسی وتووە، " دەکرێت ئەم ئەرشیفە سەرەتایەک بێت بۆ ئەوەی بگەن بە راستتییەکان سەبارەت بەوەی ئایا سابر لە ژیاندا ماوە؟"

حسێنە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا زۆر ھەوڵیداوە لە حکومەتدا زانیاری لەبارەی شوێن و چارەنووسی ھاوسەرەکەی دەستبکەوێت، بەڵام ھیچی دەستنەکەوتووە.

رێگرتن لە دووبارەبوونەوە

سەرەڕای ھەموو ئازارەکان، بەشێک لە خەڵک و توێژەرانیش پێیان وایە ئەم ئەرشیفە دەتوانێت ھاوکاری عێراقییەکان بکات و رێگایان بۆ رووناک بکاتەوە تاکو ئەو مێژووە خوێناوییە دووبارە نەبێتەوە کە مەرگەساتی بەسەر عێراقییەکاندا ھێنا.

مورتەزا فەیسەڵ دەرھێنەرێکی عێراقییە، ئەو کاتەی تەمەنی تەنھا ١٢ رۆژ بووە لە راپەڕینەکەی ١٩١ لە شاری نەجەف باوکیان دەستگیرکردووە، لەو کاتەوە تاکو ئێستا ھیچ ھەواڵێکیان لەبارەی باوکیانەوە نەزانیوەتەوە، فەیسەڵ بە خەمبارییەوە بە فرانس پرێسی وتووە، ھەندیک کەس لەم سەردەمەدا دەڵێن سەدام کەسێکی چاک بووە.


فەیسەڵ داوا دەکات ئەم دۆسیانە بخرێنە بەر رووناکی، تاکو کۆتایی بەو خۆشەویستییە بھێنرێت کە بەھۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئێستاوە لە دڵی ھەندێک کەسدا ھەیە بۆ حزبی بەعس و سەدام حسێن.

فەیسەڵ دەڵێت، پێویستە عێراقییەکان دیکتاتۆرێکی دیکە دروستنەکەن و پێشی وایە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر ستەمکاری بچوک ھەن.

ھاوسۆزیی بۆ بەعس 

تاکو ئێستا لە شەقامی عێراقیدا ناکۆکی ھەیە لەبارەی "باش و خراپی" حزبی بەعسەوە و ھێشتا زۆرن ئەوانەی بەرگریی لە حزبی بەعس و مێژووەکەی دەکەن.

بەشێک لەم کەسانە ھەم خۆیان ھەوڵی پاککردنەوەی بەعس دەدەن و ھەم پێیان وایە ئەم ئەرشیفە پاکی بەعسییەکان ئاشکرا دەکات.

ئەندامێکی پێشکەوتووی حزبی بەعس بە فرانس پرێسی وتووە، بڵاوکردنەوەی ئەم ئەرشیفە نیشتمانپەروەریی حزبی بەعس دەسەلمێنێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif