مەلا بەختیار: گومانم هەیە هەوڵى کوشتنم هەبێت

ليست هناك تعليقات
H


مەلا بەختیار رایگه‌یاند، لەرابردوودا حەوت جار هەوڵى کوشتنی دراوە، ئێستاش گومانی هەیە له‌وه‌ی هەوڵى کوشتنی هەبێت.

مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی رووداو له‌باره‌ی چه‌ندین پرسی مێژویی دۆخی ئێستای یه‌كێتی و كوردستانه‌وه‌، دواو له‌باره‌ی نوسینی نوێترین كتێبییه‌وه‌ رایگه‌یاند: "تا ئێستا حه‌وت جار هه‌وڵی كوشتنم دراوه‌ ئێستاش گومانم هه‌یه‌ دیسان هه‌وڵی كوشتنم بدرێت، بۆیه‌ ده‌بوایه‌ هه‌تا نوسینه‌وه‌ی یاداشته‌كانم ئه‌و كتێبه‌م بنوسیایه‌، نازانم فریای بیره‌وه‌ریم ده‌كه‌وم یان ناكه‌وم".

باسی له‌وه‌شكرد: له‌و كتێبه‌یدا هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ سه‌ری ده‌ستگیركراوه‌ و خراوه‌ته‌ زیندانه‌وه‌ و تۆمه‌تباركراوه‌ به‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت جیاببنه‌وه‌ و هێز جیابكه‌نه‌وه‌ و ده‌یانه‌وێت بچنه‌ پاڵ پارتی دژی یه‌كێتی، كه‌ ئه‌وكات به‌ ده‌ستوخه‌تی خۆی نووسیویه‌تی، "هه‌وڵمداوه‌ هیچ شتێك به‌بێ به‌ڵگه‌ نه‌ڵێم، هیچ شتێك به‌بێ شایه‌ت نه‌ڵێم كه‌ شایه‌ته‌كانیش زیندوون".

له‌باره‌ی دوایین كۆنگره‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه‌، مه‌لا به‌ختیار وتی: "له‌ دوایین كۆنگره‌ی یه‌كێتیدا خه‌ڵكی وا ده‌رچووه‌ خوا خوای بووه‌ وێنه‌م له‌گه‌ڵدا بگرێت، چه‌ندینی ده‌رچووه‌ حه‌ره‌سم بوون له‌م كۆنگره‌یه‌دا ده‌رچوون گرنگ نه‌بووه‌ من خۆم هه‌ڵنه‌بژاردوه‌ هه‌تا بڵێم موئامه‌ره‌ سه‌ری گرتووه‌ له‌سه‌رم، ئه‌نجومه‌نێكی باڵا پێشنیاز كراوه‌ هه‌فته‌یه‌ك پێش كۆنگره‌ رازی بووم به‌وه‌ی ببمه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌".

وتیشی: "به‌بۆچوونی من ئه‌مه‌ كۆنگره‌ نه‌بوو با به‌ سه‌راحه‌ت بیڵێم، كۆنگره‌ ده‌بێت مناقه‌شه‌ی تیابێت و په‌یڕه‌و پڕۆگرام لێكبدرێته‌وه‌، كۆنگره‌ ده‌بێت راپۆرتی سیاسی شیبكرێته‌وه‌ و ئینجا بكرێت به‌ ئه‌ساسی ئه‌و سیاسه‌ته‌، ئێمه‌ كه‌ چووینه‌ ناو كۆنگره‌ بۆ ئه‌وه‌ چووینه‌ كۆنگره‌، به‌ڵام له‌ كۆنگره‌ ئه‌و ده‌رگایانه‌ هه‌مووی داخرا، ره‌خنه‌ی تیانه‌بوو، گفتوگۆی تیانه‌بوو، دیالێكتی تیانه‌بوو، هه‌ندێك تێبینی ده‌وترا له‌سه‌ر بڕگه‌مان به‌ڵام هه‌ڵسه‌نگان به‌مانای كۆنگره‌یه‌كی سۆسیال دیموكرات نه‌بوو".

مەلا بەختیار سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی رونیكرده‌وه‌: "تا ئێستا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی گفتوگۆ هه‌یه‌، من سه‌راحه‌ت ده‌یڵێم كاك كۆسره‌ت ده‌یتوانی باشتر له‌مه‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی زووتر و باشتر دیاریبكرێت، ئێستا فه‌راغی ده‌سه‌ڵاته‌كان و فه‌راغی هاوسه‌نگی هه‌یه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی یه‌كێتی، فه‌راغی مناغه‌شه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی یه‌كێتی په‌یڕه‌وی ده‌كات له‌ عێراق و هه‌رێم و له‌ دونیا له‌ به‌رامبه‌ر پارتی و گۆڕان و لایه‌نه‌كانی تر".

ئه‌وه‌شی وت: "قه‌ڵه‌مم له‌ هه‌موو 120 ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی تیژتره‌، یه‌ك كه‌سیشیان پێشمه‌رگه‌ی 1976 نه‌بوون، كه‌ ئێمه‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بووین ئه‌وان یه‌ك كه‌سیان سه‌ركردایه‌تی نه‌بوو، ئێستا ده‌یانهێنم لێره‌ ئیمتیحانی زیاتر له‌ 90 كه‌سیان ده‌كه‌م له‌سه‌ر تاریخی یه‌كێتی ناتوانن به‌ باشی باسی بكه‌ن، چونكه‌ غایب بوون له‌و مێژووه‌". 

مه‌لا به‌ختیار باسی له‌ سیستمی هاوسه‌رۆكی كرد و وتی: "ته‌جروبه‌یه‌كی نوێیه‌ و من ته‌یدم نه‌كردووه‌ تا بڵێم باشه‌، پرسیشیان پێنه‌كردووم تا بڵێم باشه‌، من هاوسه‌رۆكایه‌تی پێم باش بوو بۆ پێنج كه‌س، واتا كارگێڕییه‌كه‌ لابچێت و هاوسه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ لاببرێت وه‌كو قۆناغێكی ئیتیقالی، ئه‌وه‌ی ته‌یدی كردووه‌ و له‌به‌رامبه‌ر ته‌یدكردنه‌كه‌ چی وه‌عدێكی دراوه‌تێ با ئه‌و بچێت هه‌ڵبسه‌نگێنێت".

له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ كه‌ ئه‌و پێنج كه‌سه‌ كێن مه‌لا به‌ختیار پێی باش بووه‌ بكرێنه‌ هاوسه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی، وتی: "ئه‌و دوو هه‌ڤاڵه‌ی ئێستا بافڵ تاڵه‌بانی، لاهور شێخ جه‌نگی، به‌رهه‌م ساڵح و خۆم و یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی كاك كۆسره‌ت بوون". 

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی ئێستای پارتی و یه‌كێتی مەلا بەختیار ده‌ڵێت: "لەئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێویستیان بەرێککەوتنێکی نوێیە، ئەگەر فریانەکەون چارەنووسیان لەبەردەم تەقینەوەی دۆخی خراپی ناوخۆ، پیلانی وڵاتانی ناوچەکە و رێککەوتنی وڵاتانی هەرێمی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزدایە".

سه‌باره‌ت به‌ سەردانەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عیراق بۆ پارێزگاکانی هەرێم، مەلابەختیار وتی: "کازمی کەمترین کاتی بەکۆبونەوەی پارێزگاکان داوە تەنها ویستی بڵی هاوشێوەی ناوچە سنورییەکانی دیکە، دەتوانێت هەموژمونی حکومەتەکەی بەسەر تەواوی ناوچە سنورییەکاندا دەسەپێنێت، بەشێکی دیکەی ئەجێندای سەردانەکەی کازمی بۆ هەرێم بریتیبوو لەپرسی هەڵبژاردنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم و بەغداد".


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق