لە بری وەرگرتنی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا، سزا دەدرێت‌

ليست هناك تعليقات

یەكێتی ئەوروپا لیستی سزاكانی سەر توركیای ئامادەكردووە... كاریگەریەكانی ئەو سزایانە چی دەبێت؟
یەكێتی ئەوروپا لیستێكی سزای توركیای ئامادەكردووە، ئەگەر سەركردەكانی ئەوروپا ئەو سزایانە پەسەند بكەن، كاریگەریان لەسەر توركیا چی دەبێت؟ ئایە دەتوانێت كۆتایی بهێنێت بە رەفتارەكانی توركیا لە دەریای ناوەراست؟ 


سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا سزاكانی سەر توركیا تاوتوێ دەكەن
بڕیارە سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا لەكۆبونەوەی لوتكەی داهاتوویان گفتوگۆ لەسەر سزاكانی سەر توركیا بكەن، بەمەبەستی ناچاركردنی بۆ ئەوەی دەست هەڵگرێت لە ناكۆكیەكانی لەگەڵ یۆنان و قوبرس لە دەریای ناوەراست.

یەكێتی ئەوروپا لیستی سزای توركیا ئامادە دەكات
یەكێتی ئەوروپا لەئێستادا كار دەكات بۆ ئامادەكردنی لیستی ئەو سزایانەی دەكرێت بەسەر توركیادا بسەپێندرێن بۆ ئەوەی لێدانی بیر كەم بكاتەوە، بەمەبەستی دەرهێنانی غازی سروشتی لە ئاوە هەرێمیەكانی دەریای ناوەراست.

یۆنان و قوبرس سەركەوتوو بوون
یۆنان و قوبرس ئەندامی یەكێتی ئەوروپان و هەست بە مەترسی و هەرەشە دەكەن بەهۆی هەنگاوە تاكلایەنەكەی توركیاوە، لەناوەراستی مانگی تەموز ئەو دوو وڵاتەی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا سەركەوتووبوون لەوەی بڕگەیەك جێگیربكەن كە پێویستە یەكێتیەكە بیر لە دەرفەتەكانی سەپاندنی سزا بكاتەوە بەسەر توركیادا، بەڵام ناكۆكیەكە ئاڵۆزی نوێی بەدوای خۆیدا هێنا.

لەو چوارچێوەیەدا مانۆری سەربازی كرا و تەنانەت باس لە هۆكارەكانی هەڵگریسانی شەڕكرا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا ناچار بوون لە كۆتایی مانگی ئاب فەرمان دەربكەن بە ئامادەكردنی لیستێك بۆ سزاكانی سەر توركیا، جوسیب بوریل كۆمسیاری كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا پێی وایە سەركردەكانی یەكێتی ئەوروپا دەتوانن بڕیار بدەن لەسەر سزاكانی سەر توركیا لە كۆبونەوەی لوتكەیی كە لە 24ی ئەم مانگە دەبەسترێت، ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئەوروپا نەیگوت " سەركردەكانی ئەوروپا سزا بەسەر توركیادا دەسەپێنن یان پێویستە سزا بەسەر توركیادا بسەپێنن" بەڵكو رایگەیاند كە دەكرێت سزا بسەپێنن.

فشار لە یۆنان و قوبرسەوە
یەكێتی ئەوروپا دەیەوێت بەهاوسەنگی لەگەڵ توركیا گفتوگۆ بكات بۆ كەمكردنەوەی ئاستی ئاڵۆزیەكان، لەو چوارچێوەیەدا ئەڵمانیا بەو پێیەی سەرۆكایەتی ئێستای ئەنجومەنی ئەوروپا دەكات، نێوەندگیری لەنێوان یۆنان و قوبرس و توركەكان كرد، بەڵام تائێستا سەركەوتنێكی گرنگی بەدەست نەهێناوە، و تائێستاش گفتوگۆ لە كۆمسیۆنی ئەوروپا بەردەوامە و لیژنەكانی سەر بە ئەنجومەنی یەكێتی ئەوروپا بەردەوامن لەكارەكانیان دەربارەی لیستی سزاكانی سەر توركیا.

یۆنان و قوبرس دەیانەوێت هۆشداری بە توركیا بدرێت و دەشیانەوێت فشاری زیاتر بكرێت، بوریل دەڵێت داواكاری ئەو وڵاتەیان بەلاوە گرنگ نیە، ئەو دوو وڵاتە رازی نەبوون بەسەپاندنی سزا بەسەر بیلاروسیا ئەگەرچی سزاكانیش ئامادەبوون، و قوبرس هەرەشەی بەكارهێنانی مافی ڤیتۆی كرد، ئەوەش لەكاتێكدایە سەپاندنی سزا پێویستی بەكۆدەنگی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا هەیە، ئەوەش بەواتای ئەوەی هەر وڵاتێك دەتوانێت بەتەنها بڕیاری سەپاندنی سزا پەك بخات.

لیستی سزاكانی سەر توركیا
سزاكانی سەر توركیا بەسەر چ دامەزراوەیەك و كێدا دەسەپێندرێن كارێكە تائێستا بەنهێنی ماوەتەوە، بەڵام جوسیب بوریل ئاماژەی بەوەكرد سزاكان بۆسەر كەسەكان كورت ناكرێنەوە بەڵام ئەو كۆمپانیایانە دەگرێتەوە كە بەشداری دەكەن لەگەران بەدوای غازدا، هەموو ئەوانەی پەیوەندیدارن بەدروست بوونی كێشەكەوە دەكرێت سزایان بەسەردا بسەپێندرێت، مەبەست لەوەش كەشتی و ئەو كۆمپانیایانەی كە بەشداری دەكەن لە گەران و هەڵكەندنی بیرەكان بۆ توركیا، بەندەرەكانی ئەوروپایان بەڕوودا دادەخرێت، هەروەها سزا بەسەر ئەو بانكانەدا دەسەپێندرێت كە پارە دەدەن بە ئەنكەرە بۆ گەران بەدوای غازدا.

لەقۆناغی دواتری ئاڵۆزیەكاندا دەكرێت بیر لە سەپاندنی سزا بەسەر كەرتە ئابوریەكان بەتەواوەتی بكرێتەوە، بوریل ئاماژەی بەوەكرد دەكرێت سزاكان ئەو كەرتانە بگرێتەوە كە ئابوری توركیا و یەكێتی ئەوروپای بەیەكەوە بەستۆتەوە، ئەگەرە بەهێزەكە ئەوەیە یەكێتی گومرگی بگرێتەوە، بەوپێیەی لەئێستادا تارادەیەك ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان توركیا و یەكێتی ئەوروپا بەبێ باج بەرێوەدەچێت، و توركەكان دەمێكە هەوڵ دەدەن بۆ فراوانكردنی یەكێتی گومرگی.

ئێستا و بەهۆی ئەو سزایانەوە دەكرێت یەكێتی ئەوروپا چوارچێوەی خۆی سنوردار بكات، هەروەها دەكرێت یەكێكی تر لەسزاكان كۆتایی هێنان بێت بە گفتوگۆكانی بەئەندام بوونی توركیا لەیەكێتی ئەوروپا، ئەو گفتوگۆیانە هەر لەبنەرەتدا زۆر بەهێواشی بەرێوەدەچن، بە ئاشكرا نەمسا داوای كۆتایی هێنان بە گفتوگۆكان دەكات، بەڵام تائێستا وڵاتانی تری ئەوروپا ئامادەی ئەوە نین، پرسی یەكێتی گومرگی و راگرتنی دانوستانەكانی بە ئەندام بوونی توركیا لەیەكێتی ئەوروپا گرنگترین كارتە دیبلۆماسیەكانی دەستی یەكێتی ئەوروپان.

كاریگەری سزاكان چی دەبێت؟
سنان ئەولگن لە دامەزراوەی كارینگی لە برۆكسل دەڵێت تەنانەت ئەو هۆكارانەی فشار بۆچوونی توركیا ناگۆڕێت، دەشڵێت" لە توركیا باوەر بەوە ناكەن كە وڵاتانی ئەوروپی لەسەر سەپاندنی سزا بەسەر توركیا بگەنە بڕیارێك، ئەوەش ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت"

ئەولگن كە شارەزای كاروباری دەرەوەی توركیایە پێی وایە یەكێتی ئەوروپا لە كێشەیەكدایە" ناتواندرێت سزا بەسەر توركیادا بسەپێندرێت ئەگەر كۆدەنگی نەبێت، ئەوەش وادەكات سزاكانی سەر توركیا شتی كەم و بچوك بن و نەبنە هۆی ئەوەی توركیا ناچار بێت رەفتاری خۆی بگۆرێت، بەوەش سزای كەم لەسەر كەسەكان یان كۆمپانیاكان كاریگەری ئەوتۆی نابێت كە جێگەی باسكردن بێت"

پیتەر ئەلتمایر وەزیری ئابوری ئەڵمانیا دەربارەی سەپاندنی سزا بەسەر روسیادا بە كەناڵی یەكی ئەڵمانی راگەیاند" هیچ وڵاتێكناناسێت بەهۆی رێكاری لەم جۆرەوە رەفتاری خۆی گۆڕیبێت، سزا بەزۆری دەبێتە هۆی توندرەوی لە سیاسەت" بەڵام شارەزایانی وەك یینس كلوگە لە دامەزراوەی زانستی سیاسی لە بەرلین پێی وایە سەپاندنی سزا ئامێرێكی گونجاوە بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر سیاسەت بۆ ماوەی دوورمەودا، و دروستكردنی ئاماژەی سیاسی.

سیاسەتی پاداشت و سزا
سێرگی لاگودینسكی ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا لە پارتی سەوزی ئەڵمانی و شارەزا لە كاروباری دەرەوە دەڵێت " پێم وایە دەتوانین هەڵوێستەكە بەروارد بكەین بە هەڵوێستەكانی تر كە بەهۆی سزاوە گۆڕانكاری دروستكراوە و ئەو سزایانە دەكرێت ناردنی ئاماژەی بەهێز بێت بۆ توركیا بۆ ئەوەی كەمێك پاشەكشە بكات لە هەرەشەی شەڕ"

جوسیب بوریل كۆمسیاری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە كۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لەكۆتایی مانگی ئاب باسی لەوە كرد كە پێویستە شێوازی پاداشت و سزا لەگەڵ توركیا بەكاربهێندرێت، پاداشتی وەك فراوانكردنی سنوری یەكێتی گومرگیپێ بدرێت ئەگەر رەفتاری خۆی بگۆڕێت ، و ئەنكەرە ئامادەبێت نەرمی بنوێنێت لە پرسی غازی سروشتی.

سنان ئەولگن شارەزا لەكاروباری توركیا پێی وایە لەدیدی ئەنكەرەدا یەكێتی ئەوروپا رۆڵی نێوەندگیر دەبینێت، و ئەگەر یەكێتیەكە سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت ئەوە توانای خۆی بۆ نێوەندگیری لەدەست دەدات.
پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif