سەرچاوەیەکی نوێی داهات بۆ یوتیوبەرە کوردەکان

ليست هناك تعليقات

تادێت پەیوەندییەکان دەبنە دیجیتاڵی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش زیاتر دەبن. ئۆمی تیڤی یەکێکە لەو تۆڕانەی کە بەم دواییانە گەنجانی کوردیش خۆیان پێوەی سەرقاڵ کردووە و لەو رێگەوە لەگەڵ گەنجانی جیهان زیاتر ئاشنا دەبن.

زیاتر لە 10 ملیۆن کەس لە جیهاندا ئەو تیڤییە بەکاردەهێنن، گفتوگۆکان لە ئۆمی تیڤی ڤیدیۆیین و بەشێوەی هەرەمەکی خەڵک نیشان دەدات. ئامانجی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە ناساندنی خەڵکی جیهانە بە یەکدی.

گەشەپێدەرانی ئۆمی تیڤی دڵنیایی دەدەن کە چاودێریی تەواوی سیستەمەکە دەکەن لەو کەسانەی دەیانەوێت بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک سوودی لێ ببینن، یان رەفتاری نەشیاو بنوێنن. هەرکەسێکیش بیەوێت ڤیدۆی ساختە بخاتە سەر کامێراکەی یان رەفتاری نەشیاو ئەنجام بدات راستەوخۆ لەلایەن چاودێرانی سیستەمەکەوە پەخشەکەی دەوەستێندرێت.

ئۆمی تیڤی بۆ هەردوو سیستەمی IOS و Android بەردەستە، هەروەها بەکارهێنەران دەتوانن لەرێگەی لینکی سایتی ئۆمی تیڤی لەسەر ویندۆز کاری پێبکەن.

رەنجۆ مەحموود کەریم گەنجێکی کوردی خەڵکی سلێمانییە، تەمەنی 23 ساڵە و هەر لە سلێمانی دەژی. قوتابی قۆناخی چواری بەشی تەکنەلۆژیای زانیاری IT ـە لە زانکۆیی ئەمریکی، یەکێکە لەو گەنجە کوردانە کە یوتیوبەرە، وەک خۆی دەڵێت لە ساڵی 2014ـوە دەستی بەو کارە کردووە و لە ساڵی 2018 دەستی کردووە بە ستریم لە یوتیوبەکەی.

ئامانجی سەرەکی رەنجۆ مەحموود لە بەکارهێنانی ئۆمی تیڤی، بە گوتەی خۆی ئەوەیە کە دەیەوێ لەگەڵ ھەوادارنی یەک ببینن و قسەیان لەگەڵ بکات. ئەو دەڵێت، "هەندێک لە ھەوادارانم ھەن زۆر دوورن لێمەوە، بەڵام لە رێگەی ome tv دەتوانین یەک ببینین، هەروەها کەسانێکی زۆر باش لەنێو کورد دا ھەن کە دەمەوێ بیان بینم، ھەروەھا دەشمەوێ لەگەڵ کەسانی بیانیش قسەبکەم بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنای بیر کردنەوە و شێوازی قسە و کولتوور و سەقافەتیان بم". 

یەکێک لە سوودەکانی ئۆمی تیڤی بەگوتەی رەنجۆ بۆ ئەوکەسانەیە شەرمنن و پەیوەندی و قسەکردنیان لەگەڵ کەسانی دەورووبەر خراپە. ئەو دەڵێت، لەڕێگەی Ome TVدەتوانن ئەو شەرمەیان بشکێنن و زیاتر تێکەڵی خەڵک بن و پەیوەندییان لەگەڵ کەسانی دەورووبەر باشتر بێ. 

ئۆمی تیڤی سودی ماددیشی ھەیە، رەنجۆ مەحموود لەوبارەوە دەڵێت، "دوای تەواوبوونی لایڤەکانم، خۆشترین ساتەکانی دەردەهێنم و دەیکەمە ڤیدیۆی تایبەت لە یوتیوبەکەم، ئەو ڤیدیۆیەش بینەرێکی زۆری دەبێ و بە دڵنیاییەوە سوودی ماددی لێ دەبینم".

لە وەڵامی ئەوەی کەسێک تەنها کاری یوتیوبەری بکات دەتوانێ بژێوی ژیانی پەیدا بکات؟ رەنجۆ مەحموود دەڵێت، بەڵێ و لە 2014ـوە یوتیوبەرە، کاری سەرەکیشیەتی بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی.

یەکێکی دێکە لەو گەنجە کوردانەی کە ئۆمی تیڤی بەکاردێنی ناوی مەبەست بەهائەدین سابیرە و ناسراوە بە (مەبەست کینگ). مەبەست تەمەنی 21 ساڵە و لە هەولێر دادەنیشێت، سێ ساڵە لە یوتیوب و سۆشیاڵمیدیاکانی دیکە کار دەکات و دەڵێت، لە داهاتوو پلانم هەیە کە بیکەم بە پیشەی سەرەکیم.

مەبەست سەبارەت بە ئۆمی تیڤی دەڵێت، لەم ساڵدا بینەرێکی باشم لە خۆم کۆکردووەتەوە و گەر باسی بکەم یەکەم کەس من بووم لە کوردستان کە ڤیدیۆی ئۆمی تیڤیم کرد.

وەک خۆی دەڵێت لە 22ی مانگی شوباتی ئەمساڵ ڤیدیۆیەکەی کردووە و ئەوکات هیچ کوردێکی تێدا نەبووە. دوای ئەو ڤیدیۆیەی زیاتر لە 50000 کەس دایانبەزاندووە و بەکاریان هێناوە.

لەبارەی ئامانجی ڤیدیۆکانی، مەبەست دەڵێت، من خۆم بۆ مەبەستی دڵخۆشی بەکاری دەهێنم، چونکە لەنێو ڤیدیۆکانم رێکلام ناکەم بۆ چەناڵ و کۆمپانیا و دووکان، چونکە ئەمەوێ بینەرەکانم چێژ ببینن، چونکە بەجیددی خەڵک ماندووە بەتایبەتی خەڵکی کوردستان، کێشەی ئابووری، کێشەی خێزانی و بەتایبەتی ئێستا کە ڤایرۆسی کۆرۆناشی هاتووەتەسەر. لە کاتی کەرەنتین بیرم لە ئۆمی تیڤی کردەوە و دەستم کرد بە بڵاوکردنەوەی.

مەبەسەت بەهائەدین دەڵێت، من خۆم حەز دەکەم زیاتر قسە لەگەڵ بیانی بکەم، چونکە ئەمەوێ بزانم ئەوان چۆن دەژین و کولتووریان چۆنە و بیرکردنەوەیان چۆنە بۆ ژیان، چونکە گەر بە دوای ئەو پرسیارانە بگەڕێی ئەوا مێشکت فراوانتر دەبێت و زیاتر گەشبین دەبیت لە ژیانت و کەسێکی هێمن دەردەچیت.

سەبارەت بە لایەنە ماددییەکەی بەکارهێنانی سۆشیاڵمیدیا، مەبەست بەهائەدین دەڵێت، لە رێگەی سۆشیاڵمیدیاوە دەتوانیت بژێویی ژیان دابین بکەیت گەر شارەزابیت. بۆنموونە تۆ گەیمەری لایڤی یاری دەکەیتەوە ئەوا دەتوانیت لەرێگەی پارە ناردن کە خەڵک دەینێرێ بۆ لایڤەکانت ئەوا پارە پەیدا بکەیت. یان یوتیوبەری لە یوتیوب لایڤ دەکەیتەوە یان ڤیدیۆ دەکەیت، دەتوانیت رێکلام بخەیتە ناو ڤیدیۆکانت و پارەی پێ پەیدا بکەیت.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif