زمانی زەمەن لای دەوڵەتمەدار

ليست هناك تعليقات

فارس نەوڕۆڵی
-
ستراتیجی بزوتنەوەی کورد لە ھەموو پارچەکان داواکردنی مافی کوردبووە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا، ئەمەش لە ویستی کوردەوە نەبووە بەڵکو لە ئەنجامی دۆخی داسەپاوی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانەوە بووە. لە باشوری کوردستان پارتی ئەو دروشمەی لە ١١ی ئازاردا بەرجەستەکرد، دواتر رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا بەڵام بوو بە مێژوو، دوای راپەڕین دروشمی کورد دەبێتە فیدڕاڵی و پشتگیری نێودەوڵەتی ھەبوو، بۆیە لەکاتی روخانی بەعس سەرکردایەتی کورد دەچێتە بەغدا بۆ چەسپاندنی عێراقێکی فیدڕاڵ توانرا لە دەنگدانی ھەموو عێراقیەکاندا پێناسەی عێراق، ببێتە عێراقێکی فیدڕاڵ و لە چوارچێوەی دەستوردا کورد مافەکانی وەربگرێت. بەڵام دەستور جێبەجێ نەکرا بۆیە کورد پەنای بردە بەر ریفراندۆم، کە مافێکی سەرەتایی مرۆڤە لە ئەخلاقدا ئەنجامی ریفراندۆم لێکەوتەکانی ھەر چۆن بوو، بەڵام بۆ یەکەم جار بوو کورد توانی موستەحیل بخولقێنێ دواتر رووداوەکانی ئۆکتۆبەر دەرگای نێودەوڵەتی بەسەر کورددا داخست بە ھەوڵی نێچیرەوان و دۆستایەتی فەڕەنسا دەرگای پەیوەندییەکان کرایەوە. ئێستا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانکارییەکان ھێندە خێرا و ناجێگیرن وەک دۆخی جیوەیە. بۆ بەرەو جێگیربوون جوڵەی بەردەوام ھەیە، رێککەوتنی بەردەوام ھەیە، لە سودانەوە بۆ فەڵەستین و عێراق، ئیسرائیل، میسر، ئیمارات، ئوردن، ھەمووی لە دروستکردنی ھاوپەیمانی و رێککەوتندان.

بۆیە سەردانی ماکرۆن بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەتەک ھەموو لایەنەکان، پێدەچێ رێککەوتنێکی نوێی بەدوادا بێ، سەردانی سەرۆک نێچیرەوان لەم کاتەدا بۆ مامەڵەکردنە لەتەک ئەو واقیعە نێودەوڵەتییە، کە پەیوەندی بە چارەنووسی ناوچەکەوە ھەیە. ئەگەر قسەکانی ماکرۆن بە تێگەیشتنەوە بخوێنینەوە، کە دەڵێت: ( ھاتووین بۆ ئەوەی ھاوکاری عێراقیەکان بکەین بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانەکان لە چوارچێوەی عێراقدا) ئەم قسانەی ماکرۆن بۆ کەسێ لە ئەلف بێی سیاسەت تێبگا، دەزانێ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان چی دەوێ بۆ عێراق، دەیەوێ لە چوارچێوەی دەستوردا کێشەکان چارەسەربکات. بۆیە لێرەدا سەرۆکی ھەرێم بە زمانی زەمەن گوتی: ئێمە دڵسۆز دەبین بۆ عێراق، بەڵام کام عێراق ئەو عێراقەی کە بارزانی و خوالێخۆشبوو مام جەلال و نەوشیروان مستەفا بە تیمێک شەڕیان لەسەر کرد ھەتا پێناسەی عێراقیان کرد بە فیدڕاڵ، واتە عێراقێک دەستور حەکەم بێت، نەک عێراقێک تەسلیم بیت بۆ موچە عێراقێکی گفتوگۆ بۆ ھەموو شت نەک ئینکاری، عێراقێک شکۆی کورد لە چوارچێوەی ئەو دەستورەی دەنگی پێدراوە پارێزراوبێت. مەبەستی سەرۆک ئەم عێراقەیە کە واقعی نێودەوڵەتیش ئەوە دەخوازێت. 

سەرۆک کاتێ جوڵە دەکات دژی شەپۆل مەلەناکات، بەڵکو جێکردنەوەی بەرژەوەندییەکانی کوردە لە چواچێوەی واقعی نێودەوڵەتیدا، کەچی دوای ئەم قسەیە کاردانەوەکان لە ھەندێ لاوە بێ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێودەوڵەتی بە لۆژیکی حەشامات کردیانە ھەرا، بە مەرجێ ھەندێ لەو دەنگانە دوێنێ داوای تەنھا موچەیان دەکرد کەچی لە بەختی خۆیان بوونە ترۆپکی ناسیۆنالیست. بۆیە کاردانەوەکان ئەو میتۆدەی لە پشتییەوە بوو تەنھا لە بوغز و کینەوە سەرچاوەی گرتووە و، نەبوونی حەوسەڵەی قبوڵکردنی جوڵە گەورەکانە. ئەگینا ھەموولا دەزانن ئامانجی دەوڵەتمەدار بۆ ئەوەیە کورد لە بەرداشی ململانێکاندا نەھاڕێ و جێگەیەکی ھەبێ لە ئایندەدا، زۆرێکیش لە ئاقڵمەندان کە بەندە رایانم وەرگرت لەسەر کاردانەوەکان، ھەموویان رایان وابوو لە بوغزەوە سەرچاوەی گرتووە لە نەخوێندنەوەی پەیوەندی نێودەوڵەتی ئەم قۆناغە، بۆیە قسەکانی سەرۆکی ھەرێم لە رووی دیبلۆماسیەوە زمانی زەمەن بوو.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif