رێککەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل جیاوازی لە کۆپییە عەرەبی و ئینگلیزییەکەیدا هەیە

ليست هناك تعليقات


بەرپرسێکی فەلەستینی ئاشکرای کردووە کە جیاوازیی لە کۆپیی ئینگلیزی و عەرەبی لە داڕشتنی دەقی رێککەوتننامەی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل سەبارەت بە پرسی لکاندنی ناوچەکانی کەرتی رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە هەیە.

لە 13ـی مانگی ئابدا رێککەوتنی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە راگەیێندرا و هەر ئەوکاتەش ئیمارات رایگەیاندبوو، کە ئەوان بەم رێککەوتنە لکاندنی ناوچەکانی کەرتی رۆژئاوایان بە ئیسرائیلەوە وەستاندووە، بەڵام ئیسرائیل دەیگوت بابەتی لکاندنی ئەو ناوچانە بە ئیسرائیلەوە تەنیا بەشێوەیەکی کاتی وەستێندراوە.

ئێستا دەرکەوتووە لە کۆپییە عەرەبییەکە و ئینگلیزییەکەدا دوو وشەی جیاواز بەکارهاتوون. لە کۆپیە عەرەبییەکەدا وشەی "ئیقاف" بەکارهاتووە، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەیەی ئیسرائیل بە تەواوی وەستاوە. بەڵام لە کۆپییە ئینگلیزییەکەدا وشەی "سەسپێند" بەکارهاتووە، کە بە مانای هەڵپەساردن دێت، ئەمەش واتە تەنیا بەشێوەیەکی کاتی وەستێندراوە.

لە کۆپییە عەرەبییەکەدا بەم شێوەیە داڕێژراوە: رێککەوتنەکە بووەتە هۆی وەستاندنی پلانی ئیسرائیل بۆ لکاندنی خاکی فەلەستینییەکان بە ئیسرائیل.

سائن عریقات، بەرپرسی لیژنەی جێبەجێکاری لە رێکخراوی تەحریری فەلەستینی، لە توویتێکدا کە رووی قسەی لە ئیماراتییەکانە نوسیویەتی "بڕۆن خۆتان بەراوردی کۆپییە ئینگلیزییەکە و عەرەبییەکە بکەن بزانن وشەی وەستاندن و هەڵپەساردن چەند جیاوازن." دەشڵیت: ئیمارات بۆ شاردنەوەی بابەتەکە لە رای گشتی بە ئەنقەست بەو جۆرە وەرگێڕانیان بۆ وشەکە کردووە. 

بەڵام لە کۆپییە ئینگلیزییەکەدا بەم شێوەیە داڕێژراوە: رێککەوتنەکە بووەتە مایەی هەڵپەساردنی پلانی ئیسرائیل بۆ فراوانکدنی سەروەرییەکانی خۆی. بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات دەڵێت، رێککەوتنەکە بەرهەمی لێکتێگەیشتنە و ئەو کێشەیە تەنیا پەیوەندی بە شێوازی وەرگێڕانەوە هەیە.

جەمال موشەرەخ، بەرپرسی سیاسەتی پلان و هاریکاری نێودەوڵەتی لە وەزارەتی دەرەوەیە ئیمارات، دەڵێت: ئەو بابەتە تەنیا کێشەیەکی بچووکە لەکاتی هەڵبژاردنی وشەکاندا. بەرگریش لە وەرگێرانی دەقەکە دەکات و دەڵێت، فەرموو ئێوە پێم بڵێن چ وشەیەک لە وشەی ئیقاف باشترە بۆ وشەی سەسپێندی ئینگلیزی.

ئەمە لەکاتێکدا وشەی ئیقافی ئینگلیزی بەرامبەر بە وشەی "ستۆپ- Stop" ی ئینگلزییە، لەکاتێکدا وشەی "سەسپێند- Suspend" بەرامبەر بە وشەی "تعلیق" ی عەرەبییە کە بە مانای هەڵپەساردن دێت. 

موشەرەخ زۆر پێداگریش لە دروستی وەرگێڕانەکە دەکات و دەڵێت: وشەیەکی باشتر لە ئیقاف بۆ سەسپێند نییە. 

ئیمارات یەکەمین وڵاتی کەنداو و سێیەمین وڵاتی عەرەبی بوو دوای ئوردن و میسر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە. زۆر وڵات رێککەوتنەکە بە ئامرازێک بۆ سەقامگیری لە ناوچەکە دەزانن، بەڵام دەوڵەتێکی وەکو ئێران بە "گەمژەیی ستراتیژی" ناوی دەبات.

ناوەڕاستی مانگی رابردوو بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و محەممەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و گەیشتنە رێککەوتن لەسەر ئاساییکردنەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی نێوانیان. 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif