وەزارەتی دارایی شێوازی گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار دەگۆڕێت

ليست هناك تعليقات



میکانیزمی گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار گۆڕانی بەسەردا هات. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا، پرۆسەی گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار بەشێوەی فرۆشتنی ئاشكرا بێت، لەمەودوا پرۆسەکە وەزارەتی دارایی لە رێگەی گرووپێکی ئەلیکترۆنییەوە سەرپەرشتیی دەکات، بەڵام بڕيارەکە جگە لە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان، داهاتی فرۆشتنی نەوت ناگرێتەوە، وەکو پێشتر داهاتی نەوت لە بانکێکی ئەهلی لە دۆلارەوە بۆ دینار دەگۆڕدرێت و قازانجەکەی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "وەزارەتی دارایی دوای ئاڵوگۆڕەکە پارەکە وەردەگرێت، ئینجا بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران یان وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاڵوگۆڕەکە دەکرێت، دۆلارەکە دەکرێت بە دینار، دوای ئەوە دینارەکە دەدرێت بە وەزارەتی دارایی، بۆیە بڕیارەکە تەنیا ئەو پارانە دەگرێتەوە کە داهاتی وەزارەتی دارایین لە ناوخۆ و داهاتی نەوت ناگرێتەوە، بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی دروستە، بەڵام دەبێت نەوتیش بگرێتەوە، چونکە دارایی دەڵێن داهاتی نەوت لای ئێمە نییە و لای سامانە سرووشتییەکانە و بە دینار بۆمان دێت".

داهاتی فرۆشتنی نەوت، بەگوێرەی هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت مانگانە کەمتر یان زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلارە.

بەگوێرەی بەدواداچوونی شارەزایانی بانک، بانکە ئەهلییەکان لە گۆڕینەوەی هەر 100 دۆلارێک بۆ دینار، 3 هەزار دینار قازانج دەکەن، بۆیە بەگوێرەی نرخی ئێستای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، مانگانە زیاتر لە 10 ملیار دینار قازانجی گۆڕینەوەی دۆلار بە دینارە لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەو داهاتە ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت.

گوڵاڵە سدیق، شارەزای بانکی ئاماژە بەوە دەکات "بە نرخی ئەمڕۆ، کە 100 دۆلار بە 123 هەزار و 200 دینارە، مانای وایە ئەو 320 ملیۆن دۆلارەی نەوتی مانگانە جارانی سێ هەزار زیاتری لەسەر 100 دۆلار، دەکاتە نزیکەی 10 ملیار و 240 ملیۆن دینار، ئەوە داهاتێکی زۆر باشە، بەڵام بەبێ داهاتی نەوت ئەو بڕەیە کەمدەکات، چونکە بڕەکە بۆ داهاتی نەوت و ناوخۆش حسابکراوە".

وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە، بڕیارەکە لەپێناو نەهێشتنی قۆرخکاری، هەلی وەک یەک بۆ هەمووان و زیادکردنی داهاتی گشتییە، بەڵام نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو هیوایان بە بڕیارەکە نییە.

هاشم پیرداود، بەرپرسی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر دەڵێت "نزیکەی 230 نووسینگەی مۆڵەتمان هەیە، ئەگەر ئێمە بتوانین وەریبگرین داهات بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە، بەڵام خەڵکی دیکەی لە ئێمە بەرزتر هەیە، بۆیە ناگاتە ئێمە".

تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی سەرپەرشتیی گۆڕینەوەی دۆلار بە دیناری نەکردووە و لە بانکە ئەهلییەکان کراوە، لەکاتێکدا لە عێراق بانکی ناوەندی راستەوخۆ سەرپەرشتیی پرۆسەی گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار دەکات و داهاتی پرۆسەکە بۆ خەزێنەکەی حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif