شا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز، شای سعوودیه په‌نجه‌ی تۆمه‌تی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یروتی پایته‌ختی لوبنانی بۆ حزبوڵڵا درێژ كرد و داوایكرد، "بۆ ئه‌وه‌ی دۆخی لوبنان سه‌قامگیر بێت، پێویسته حزبوڵڵا له چه‌ك داماڵرێت".
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی سعوودیه "واس"، ئه‌م گوتانه‌ی شا سه‌لمان له ڤیدیۆكۆنفرانسێكدا له‌به‌رده‌م 75ـه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا هاتوون و هێرشێكی توندی كرده سه‌ر حزبوڵڵا و به "حزبێكی تیرۆریستی سه‌ر به ئێران" وه‌سفی كرد.
گوتیشی: "ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یروت له ئه‌نجامی هه‌ژموونی ئه‌و حزبه‌یه به هێزی چه‌ك له‌سه‌ر بڕیاردان له لوبنان، كه به‌هۆی باڵاده‌ستی ئه‌و حزبه دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كانی ده‌وڵه‌ت په‌كیان كه‌وتووه، بۆیه له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی سه‌قامگیر بۆ خه‌ڵكی لوبنان، پێویسته ئه‌و حزبه له‌چه‌ك داماڵرێت".
له به‌شێكی دیكه‌ی گوته‌كانیدا شا سه‌لمان هێرشێكی توندی كرده سه‌ر ئێران و دووپاتی كرده‌وه، پێویسته چاره‌سه‌رێكی نێوده‌وڵه‌تی بدۆزرێته‌وه بۆ رێگریكردن له تاران له به‌ده‌ستهێنانی چه‌كی وێرانكار.
گوتیشی: "سعوودیه چه‌ندین جار ده‌ستی ئاشتیی بۆ ئێران درێژ كردووه و له چه‌ند ده‌یه‌یی رابردوودا وڵاته‌كه‌مان به‌ڕووی ئێران‌دا كرده‌وه و چه‌ندین جار پێشوازیمان له سه‌رۆكه‌كانی ئه‌و وڵاته كرد، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له نێوانمان هه‌بێت، نیازپاكی دراوسێیه‌تیمان بۆ یه‌كتر هه‌بێت و رێز له یه‌كتر بگرین و پێشوازیمان له هه‌وڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمییه‌كه‌ی كرد، به‌ڵام جار دوای جار هه‌موو جیهان به‌چاوی خۆی بینی، كه ئێران ئه‌و هه‌وڵانه‌ی قۆسته‌وه بۆ زیادكرنی فراوانخوازییه‌كانی، دامه‌زراندنی تۆڕی تیرۆریستی، به‌كارهێنانی تیرۆر و به‌هه‌ده‌ردانی سه‌روه‌ت و سامانێكی زۆری گه‌لی ئێرانی، ئه‌مه‌ش له پێناو به‌ده‌ستهێنانی پڕۆژه فراوانخوازییه‌كانی له ناوچه‌كه، كه جگه ئاژاوه، پشێوی و توندڕه‌وی تایفه‌گه‌ری هیچی دیكه‌ی بۆ ناوچه‌كه لێ سه‌وز نه‌بووه".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئێران له‌درێژه‌ی به‌رده‌وامیدان به‌و رێبازه دوژمنكارانه‌ی، ساڵی رابردوو له پێشێلكردنێكی زه‌قی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ئه‌من و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی ئێمه‌ی كرده ئامانج، به‌شێوه‌یه‌ك ئێران ئه‌وه‌ی پشتڕاست كرده‌وه، كه ناتوانێت ببێته به‌شێك له پارێزگاریكردن له سه‌قامگیری ئابووری جیهان و ئاسایشی نه‌وت و بازاڕه‌كانی جیهان".
شا سه‌لمان تارانی به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه تا ئێستا خاكی عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ی به زیاتر له 300 مووشه‌كی بالیستی كردووه‌ته ئامانج و له رێگه‌ی زیاتر له 400 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانیش ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی به‌زاندووه.
گوتیشی: ئێمه گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، كه تاران هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری هه‌وڵه فراوانخوازییه‌كانی و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی له وڵاتانی دیكه نابێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا شا سه‌لمان ئیدانه‌ی ده‌ستوه‌ردانه ده‌ره‌كییه‌كان له كاروباری ناوخۆی لیبیا كرد و داواشی له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كرد، هه‌وڵ بۆ ده‌رخستنی گروپه "به‌كرێگیراوه‌كان" له سووریا بدات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق