ژنانی تەڤگەر: كەیسی خێزانە بۆردومانكراوەكەی كونەماسیان گەیاندە خاچی سور

ليست هناك تعليقات

نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی ڕێکخستنی ژنانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەردانی نوێنەرایەتیی سلێمانی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتییان کرد.

سەردانەکە بۆ گەیاندنی یاداشتێک بوو بەو ڕێکخراوە، بەئامانجی بەدەمەوەچوون و ناردنە دەرەوەی بریندارانی کونەماسی بۆ دەرەوەی وڵات، بەمەبەستی ئەنجامدانی چارەسەری پزیشکیی بۆیان.

تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا باسی لەوەکرد، کە لە ڕێگەی یاداشتێکەوە بە وێنەوە دۆخی بریندارانی کونەماسییان بە بەڵگەوە گەیاندووەتە ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی.

ئاماژەی بەوەشکرد: داوامان لێکردن بریندارەکان بۆ چارەسەر ببرێنە دەرەوەی وڵات، چونکە ژنەکە قاچێکی بڕاوەتەوە و چارەسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، هەروەها پیاوەکەش پارچە لە سییەکانیدا هەیە و کوڕەکەیان پارچە لە سەریدا ماوە و کچەکەش پەردەی گوێی تەقیوە.

بەوتەی تارا حسێن، نوێنەرایەتیی خاچی سوور پێیان ڕاگەیاندوون کە ئەوان پێشتریش “ئاگاداری ئەو کەیسە بوون”، بەڵینیشیانداوە بەگوێرەی توانای خۆیان “هەوڵبدەن ئەوەی پێیان دەکرێت بۆیان بکەن و لە داهاتووشدا لە پەیوەندییدابن لەگەڵ ئەو خێزانەدا”.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif