سەرۆك كۆمار، پێشوازیکردنی لە وەزیری بەرگری ئیتاڵیا

ليست هناك تعليقات



لەمیانی پێشوازیکردنی لە وەزیری بەرگری ئیتاڵیا... سەرۆک کۆمار جەختدەکاتەوە لە سوربوونی عێراق بۆ دروستکردنی پەیوەندی پتەو لەگەڵ ئیتاڵیا و یەکێتی ئەوروپا و پێویستی هاودەنگی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاسته‌نگه‌کان

سەرۆک کۆمار د. بەرهەم ساڵح، ئەمڕۆ سێسەممە ٢٠٢٠/٩/٢٩ لە مێرگەپان بەئامادەبوونی شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگای سلێمانی، پێشوازیکرد لە لۆرێنزۆ گوێرینی وەزیری بەرگری ئیتاڵیا و شاندی یاوه‌ری.

لە سەرەتای دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە هەوڵەکانی عێراق بۆ پتەوترکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەگەڵ ئیتاڵیا لە سەرجەم بوارەکان و کارکردنی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە جیاجیاکان کە رووبەرووی ناوچەکە و جیهان دەبێتەوە، لە پێش هەمووشیان بەگژاچوونەوەی تیرۆ و بەھێزکردنی هەماهەنگی ئابووری و رۆشنبیری و ئاڵوگۆری شارەزایی لە تەواوی بوارەکاندا.

سەرۆک کۆمار بە بایەخەوە باسی لە رۆڵی هێزەکانی ئیتاڵیا کرد لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر و هێزەکانی ناتۆ بۆ پاڵپشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و بەشداریکردنیان لە چەندنین پرۆژەی مرۆیی و خزمەتگوزاری، ھاوکات جەختیشیکردەوە لە گرنگی بەهێزکردنی هەماهەنگی سەربازی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست، بە تایبەت لە بواری پڕچەککردن و راهێنان و پەرەپێدانی توانا سەربازیەکانی ھێزە ئەمنییە جیاوازەکان بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم رایگەیاند کە عێراق بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دۆستەکانی توانی بەسەر تیرۆرستانی داعش سەر بکەوێت، بەڵام جەنگ دژ بەو گروپە تیرۆرستە تا ئێستا بەردەوامە و شانە نوستوەکانی هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری عێراق و ناوچەکە و جیهان، بۆیە گرنگە ریشەکێش بکرێت، ھەروەھا راشیگەیاند کەمتەرخەمی لە راوەدونانی تیرۆستان و بەردەوامی قەیرانەکانی ناوچەکە دەرفەت بۆ گروپە توندرەوەکان دەرەخسێنێت کە خۆیان رێکبخەن و جارێکی دیکە پەلاماری شار و هاووڵاتیان بدەنەوە.


ھەر لە دیدارکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لەوەی حکومەت کار دەکات لەسەر هێنانەکایەوەی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بە توانا و هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و رێگریکردن لە ئەو کارانەی لە دەرەوەی یاسا دەکرێن و پارێزگاریکردن لە نێردە دیبلۆماسییەکان، دووپاتیشیکردەوە لەوەی عێراق رەتی دەکاتەوە ببێت بە گۆڕەپانێک بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەی وڵاتانی دیکە.

سەرۆک کۆمار ئاماژەی کرد بەوەی کە عێراق لە پشتیوانی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی دەڕوانێت لە نێویاندا ئیتاڵیا بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەسەر ربنەمای هاریکاری و بە دیهێنانی بەرژەوەندی هاوبەش بۆ گەلان و وڵاتان و ھەماھەنگی لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵیگارییە جیهانییە جیاوازەکان. راشیگەیاند هەماهەنگی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی هاوبەش پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە ناوچەکە و جیهان دەچەسپێنێت وە رێگریش دەکات لەبەردەم گروپە تیرۆریستییەکان بۆ ئەوەی سەقامگیری و ئارامی بشێوێنن.


لەلای خۆیەوە وەزیری بەرگری ئیتاڵیا سوپاس و ستایشی سەرۆک کۆماری کرد، جەختیشیکردەوە لەسەر پابەندبوونی وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی عێراق لە گشت بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پتەوکردنی هەماهەنگی دوو قۆڵی ئابووری و رۆشنبیری کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەل و وڵات پتەوتر دەکات.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif