ئالان تۆفیق ساڵح
-
توراسی ئیسلامی بەهەموو بەشەکانییەوە( فقه ، تەفسیر، فەرموودە، .....) زادەی کۆکردنەوەو بیرو تێگەیشتنی مرۆڤە بەدرێژایی مێژووی ئیسلام، هەربۆیە ئەم توراسە هەمیشە پێویستی بە پێداچونەوەو هەڵسەنگاندن هەیە بە پێی گۆڕانکاریە کولتوری وجوگرافی و زانستی و...... هتد
بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت لەماوەی نزیکەی ١٢٠٠ ساڵی سەرهەڵدانی ئەم توراسەوە زۆر بەکەمی پێداچوونەوەی بۆ کراوەو زۆر کەمتر کەسانێک وێراویانە کە ڕەخنە لەم توراسە بگرن بەهۆی ئەوەی:
١- ئەم توراسە وەک بابەت گەلێکی پیرۆز مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
٢- دانەرانی ئەم توراسە وەک کەسانێکی بان- ئادەمیزاد سەیردەکرێن و خراونەتە ئاست و پلەو پایەیەکەوە کە تێپەڕاندنیان زەحمەتە( لیس بالامکان احسن مما کان) واتا ناتوانین لەوە باشتر بکەین کە پێشینان کردوویانە و وتوویانە، کە ئەمە خۆی بۆخۆی لە قاڵبدانی عەقڵەو داخستنی دەرگای ئیجتهادە.
لەم تێڕوانینانەوە و لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کاتێک کەسێک دەیەوێت قسە لەسەر ئەم توراسەبکات خێرا بەوە تۆمەتباردەکرێت کە تۆ کێیت تاوەکو ڕەخنە لە فڵان ئیمام و پێشەوا بگریت؟ ئەوە پسپۆڕی تۆ نیە بەڵکو کاری " زانايان" ە !!!!
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو " زانايان" ە لە هەموو بابەتێکدا ( فیزیا، کیمیا، بایۆلۆجی ، گەردوونزانی، ..... هتد) قسە دەکەن و کەسیش پێیان ناڵێت ئەوە پسپۆری تۆ نیە، لەلایەکی ترەوە ئەگەر ئیسلام بۆ هەموو مرۆڤەکانە کەواتە دەبێت هەموو مرۆڤەکان بە جیاوازی ئاستیانەوە قسەو ڕەخنەو پرسیاریان هەبێت چونکە ئەمە بابەتی دونیاو قیامەتیشیانە.
هەروەها ناوزەدکردنی بابەتەکانی ئەم توراسە بە " زانست" دەیانخاتە بەر تاقیکردنەوەو ڕەخنەی عەقڵانی چونکە ئەمە مەرجە بۆ سەلماندنی درووستی و نادرووستی هەر زانستێک .
لەم سۆنگەیەوە توراسی ئیسلامی پێویستە بخرێتە بەر نەشتەری عەقڵ و تاقیبکرێتەوە و وەک بەڵگەنەویست وپیرۆز سەیر نەکرێت چونکە بەرهەمی عەقڵەو لەلایەکی تریشەوەهاتۆتە ناو کۆی کایەکانی ژیانەوە.
لەنووسینەکانی داهاتوومدا چەند نموونەیەک لەم توراسە دەخەمە ڕوو.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق