جارێكیتر ئافرەت و بەردەوامیش ئافرەت

ليست هناك تعليقات

دكتۆرە ئاڤێستا كمال
-
لە کۆمەڵی بیرنەکەرەوە و نا هوشیاردا هەموو وتن ، ڕەفتار و جوڵەیەکی ئافرەت جێی شەرمە ، ئافرەت ، کە پێکەنی دەبێت دەستبگرێت بە دەمییەوە ، کە ژیان زۆری بۆهێنا دەبێت بێدەنگ لە کوچەی تەنهایدا فرمێسک بڕێژێت ، کە پیاو قسەی کرد دەبێت ئەم بێدەنگ بێت (چۆن ئافرەت لە مەجلیسی پیاواندا قسەدەکات) ، کە دانیشت دەبێت وەک پەیکەری حەزرەتی مەریەم بێت ، چونکە ئەو خۆی نییە هەموو شتێکی ئافرەت بە پیاوەوە بەستراوەتەوە تەنانەت هەست و سۆزەکانیشی هی خۆی نین سەرەڕای ئەمانەش ، کە ویستێکی بوو دەبێت بیر لە هەموو کەس و شت و خاوەنەکانی بکاتەوە و ئەوەی بیری نەبێت و لە دوا پلەشدا بیرینەکەوێتەوە ویستەکانی خۆیەتی ، حەزوو خولیاکانییەتی ، کوشتنی ئەو دوو خوشکەی چەمچەماڵ تەرجەمەی حاڵی هەزارەها ئافرەتی ئەم کۆمەڵەن (ٚ من نازانم بۆ یان لەبەر چی کوژراون و ڕاستی ئەمەشم بۆ گرنگ نییە ، ئەوەی گرنگە دوو ڕۆح زەوت کراون لە ژێر دەستێکی ستەمکارانەدا چونکە دژی ئیرادەی ئەو باوکە ستەمکارە جوڵاونەتەوە ، هەرچەندە خودی ئەوباوکەش زادەی پەروەدەی ئەو کۆمەڵەیە ، کەشەرەف لە هەموو شتێکی ئافرەتدا دەبینێتەوە ).

ناشەرەفمندیی لەوەدایە تۆ باوک ، برا یان هەر نێرینەیەک بیت و دەستت بچێتە گیانی بوونەوەرێکی لە خۆت لاوازتر و پێت وابێت بەو ڕەفتارە شەرەفت دەسەنیتەوە ، ئەوە چ بوێرییەکە یاخود ڕاستر چ ترسنۆکییەکە واتلێدەکات ڕووناکی چاوی مرۆڤێکی تر بکوژینیتەوە ئیتر لە ژێر هەر ناونیشانێکدا بێت ، ئەو نێرەی ئەم ڕەفتارە دەکات ترسنۆکترین بوونەوەری کۆمەڵایەتی و لاوازترین دانەی مێگەلە ، چونکە لە ترسانی لە " حەیاچوون" ئەم ڕەفتارە دەنوێنێت لەو هەڵسەنگاندنە دەترسێت ، کە مێگەلەکەی بۆی دەکات دەنا ، گەر تۆزێک بوێربێت دەزانێت ئەو لاشە لاوازە پێویستی بە دڵنەوای و لە ئامێزگرتن و پێدانی هەستی ئارامییە نەک ساردکردنەوە و فڕێدانی لە ناشوێندا ، خۆ ئەگەر ئەو کیژۆڵانە کوڕبوونایە هەرگیز بەر ئەو خەشم و قینە نەدەکەوتن ،چونکەئەوەی نێرینە دەیکات جێی لێپرسینەوە نییە و شورەیی نییە .

هەندێکجار پێویستە ئافرەتانیش هێندە بەخشندە نەبن لە متمانە بەخشیندا ، چونکە دواجار ئەوەی لێی ڕادەکەن و ئەوەی بۆی دەچن ڕەنگە جێی متمانە نەبێت لێرەوە دیمەنێک لە

فیلمی ماڵفیسینت وەردەگرم وەک سمبوڵێک ، کە تراژیدیترین چرکەی ئەوەیە ، ماڵفیسینت لە خەو خەبەری دەبێتەوە دەبینێت باڵەکانی لە بندا بڕاون ، ئەوە دەبینێت کاتێک متمانەی بە خۆشەویستەکەی کرد ، چرکە ساتی لەدەستدانی خۆشییەکانی و ئەو خەونانە بوو ، کە هەیبوو( ئەمە بەڕەچاوکردنی ئەوەی ئەو خۆشەویستە ڕەنگە باوک ، برا ، ...مەعشوق بێت)

لە کۆمەڵی ئێمەدا ئافرەت خۆی ناناسێت ڕۆشنبیری دەربارەی خۆی نییە ( ئەم قسەیە بۆ پیاوانیش ڕاستە بە یەک جیاوازییەوە بەلایەنی کەمەوە پیاوان خاوەن دەسەڵاتن ئەگەر تەواو بەتاڵیش بن) هەر بۆیە لەسەرەتای منداڵییەوە وردە وردە کچەکان لەناو قەفەسەکان پەروەردە دەکرێن و هیچ نازان دەربارەی فڕین ، هەربۆیە کاتێک کەسێک دێت و بیری فڕینیان دەخاتە زەین ئەمان شاگەشکە دەبن ، بەڵام کەمیان دەتوانن بفڕن یان لێدەگەڕێن بفڕن ، چونکە ئەوەی خەونی فڕینی بەخشیوە هەرکاتێک بیەوێت دەتوانێت بیسنێتەوە نەک تەنها ئەوەندە بەڵکو لە بنیشدا باڵەکان دەبڕێت و بێخەون و بێباڵی دەکات هەر بۆیە پێویستە ئافرەتان خۆشبەختی خۆیان بە کەسدا هەڵنەواسن، پیاو بەرپرس نەکەن لە گرنگی پێدانیان، لە بەختەوەرکردنیان ، یەک دروشم بۆ نێریش و مێینەش ڕاستە ئەویش ئەوەیە (خۆت خۆت بەختەوەربکە ، چونکە بەرامبەرەکەت وەک تۆ تەنها مرۆڤێکە و پاڵەوانێکی نموونەی نێو چیرۆکەکان نییە) ، بەڵام بەداخەوە ڕۆژانە لەم کۆمەڵەدا ماڵفیسنتەکان باڵدەکرێن یان ڕۆحیان لێ دەسەنرێت تەنها لەبەرئەوەی" شەرفی نێرینەیەکن"

زنجیرە 9 ی نوسینەكانی نوسەر لە ژێر ناونیشانی تاڵی ئاوریشمی


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif