عێراق لەم وادەیەدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت

ليست هناك تعليقات



ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هیچ کێشەیەک لە ناردنی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستنەبووە و لە بەغدا تا ٢٥ی هەموو مانگێک موچە دابەشدەکرێت و لەوکاتەشدا پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێردرێت.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، "ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوانەکەوتووە و کێشەشی بۆ دروستنەبووە، ئەوەی هەیە شتێکی ئاساییە و لە بەغدا هێشتا دەست بە دابەشکردنی موچە نەکراوە، بۆیە پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش نەنێردراوە."

راشیگەیاندووە، "لە ڕابردووشدا بە هەمانشێوە بووە، بەغدا لە ١٨ بۆ ٢٥ی هەموو مانگێک دەستی بە دابەشکردنی موچە دەکرد و لەوکاتەشدا بڕەپارەی هەرێمیشی دەنارد."

ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بە ئەگەری زۆر لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، دەست بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق دەکرێت و بڕەپارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەنێردرێت.

چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی راگەیاند، بەغدا حیسابی وەزارەتێک بۆ حکومەتی هەرێم دەکات و لەبەرئەوەی هێشتا موچەی وەزارەتەکانی خۆی دابەشنەکردووە، ئەوا بڕە بودجە دیاریکراوەکەشی بۆ هەولێر نەناردووە.

بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە هەفتەیەکە وەزارەتی دارایی دەستی بە ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی موچەی مانگی نیسان کردووە و بۆ ئەوەش، داوای لە سەرجەم وەزارەت و شوێنەکان کردووە لیستی موچەی فەرمانبەرەکانیان بە لێبڕینی ٢١% رەوانە بکەن.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابردوودا لەسەری رێککەوتبوون، لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەرمی پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی راگرت.

لە پاش ئەو بڕیارەشەوە، حکومەتی هەرێم لە رێگەی داهاتی ناوخۆ و ئەو بڕە پارەیەی بەغدا مانگانە دەینێرێت، تەنیا سێ مانگ توانیویەتی موچە دابەشبکات کە دووانیان بە لێبڕینی ٢١% بووە.

ئەو موچەیەی کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەش بکرێت، بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە و فەرمانبەران جگە لەوەی دەیان موچەی مانگانەی ساڵانی رابردوویان لەلای حکومەتی هەرێمە، هاوکات، لەمساڵیشدا کە ئێستا بەرەو مانگی ١٠ هەنگاو دەنێین، تەنیا موچەی سێ مانگیان وەرگرتووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق