ماكرۆن زۆر دوپاتی لە سەروەریی خاكی عیراق كردەوە

ليست هناك تعليقات

ڕەنج ئازاد‎
-
ماكرۆن زۆر دوپاتی لە سەروەریی خاكی عیراق و نەهێشتنی دەستوەردانی دەرەكی كردەوە.. لەگەڵ ئەوەی مەبەست ئێران و توركیایە، بەڵام مامەڵەی نەرمتری فەرەنسا بەرامبەر ئێران، بەراورد بە هەنگاوە توندەكانی ئەمریكا، وا لە ئێران دەكات بۆ لەمەودوا بە جۆرێك لە تێگەیشتنەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی سەروەریی عیراق بكات، دۆخی ئێران خۆشی هەر وا دەخوازێت وا مامەڵە بكات، چونكە گرفتی گەورەی هەیە..

بەڵام بۆ توركیا پرسەكە جیاوازە، فەرەنسا تەواو دژی هەژمونگەراییەكانی ئەنقەرەیە لە سنورە وشكانی و ئاوییەكانی ناوچەكە، كە باسی سەروەریی عیراقیش دەكات، پرسەكە راستەوخۆ گەردنی توركیا دەگرێتەوە.

‎لەو نێوەندەدا داوای چی لە كورد و هەرێمی كوردستان كراوە؟ كورد ئەتوانێت چی بەرامبەر لەشكركێشیی توركیا بكات؟ هەر لە بنەڕەتدا كورد لە باشور (پارتی) نیازی ئەوەی دەبێت بەرامبەر بە توركیا شتێك بڵێت و بكات، بە حوكمی ئەو پەیوەندییەی لەنێوانیاندا هەیە؟ بوونی توركیا لە كوردستان بەو هەموو بارەگا سەربازی و هەواڵگرییەوە، لە سروشتی پەیوەندییەكی ئاسایی تێپەڕیوە و بووەتە جۆرێك لە تەبەعیەت و پاشكۆیەتی، چۆن دەتوانرێت ئەو ئاسەوارەی بوونی توركیا لە باشور بسڕدرێتەوە؟ عیراق چی پێدەكرێت؟ خودی فەرەنسا چی پێشكەش دەكات بۆ وەرگرتنەوەی ئەو سەروەرییەی عیراق (هەرێم)؟ چی ئەگەر هەرێم (پارتی) جدی نەبوو لە وەرگرتنەوەی ئەو سەروەرییە و عیراق جدیتر بوو؟

‎نەهاتنی ماكرۆن بۆ هەرێم ناكاتە ئەوەی هەڵویستی هەرێم بەرانبەر بەغدا بۆ فەرەنسییەكان گرنگ نەبێت و لاواز بێت، بەم دەستوبردە ئەوە روونادات، بەڵام شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێم بەو كڵۆڵی و بێڕوئیاییەی پێشوو بەردەوام بێت، بۆ دوورمەودا دوور نییە پێكەی هەرێم بەرامبەر بەغدا زەبری بەرنەكەوێت، چونكە پێگەی هەرێم بەشێوەیەكی سەرەكی دەستوری عیراق و پشتگیریی نێودەوڵەتی ڕایگرتووە و بەردەوامیی ئەو دوو فاكتەرەش بە تەنها لەدەست كورد خۆی نییە، بەڵام دەشتوانێت كارێك نەكات لەدەستیان بدات.

‎بۆ كوردی باشور، برا كوردەكەی (بە پەكەكەوە) و هێزی نێودەوڵەتی و پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەگەڵ بەغدا گرنگن، دواتریش بوونی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێكان ئاسایی و سروشتییە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق