ئەندامێكی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی، نامەیەك ئاراستەی وەزیری پەروەردە دەكات

ليست هناك تعليقات

مامۆستا عادل حسن، یەكێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی، نامەیەك ئاراستەی وەزیری پەروەردە دەكات، سەبارەت بە خوێندنی ساڵی نوێی خوێندن و پرۆسەی پەروەردە و بڕیارەكانی حكومەت، لە بەشێكی نامەكەدا عادل حسن دەنوسێت: تەنها باگراوندی پشتی دەرکردنی ئەم بڕیارە ئەوەیە حکومەتی هەرێم نایەوێ لە کاتی خۆیدا مووچە بدات و دەشزانێ ئەو کارە لەلایەن مامۆستایانەوە قبوڵ ناکرێت و بایکۆت و ناڕەزایەتیەکان دەست پێ دەکەن بۆیە لەترسی ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان ئەم بڕیارەی داوە .

دەقی نامەی مامۆستا عادل حسن بۆ وەزیری پەروەردە

نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز وەزیری پەروەردە

پاش ڕێز و سڵاو

جەنابی وەزیر بڕیارەکەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران جێگەی تێڕامان و هەڵوێستە لەسەر کردنە ، بەتایبەتی کە بەڕێزت وەکو وەزیری پەروەردە ئاگاداری ئەو پرۆسەیە لە وەرزی دووەمی ساڵی ڕابوردوو شکستی هێنا و کەمترین مامۆستا و قووتابی پێشوازیان لێ کردوو و جێ بەجێیانکرد

بۆیە ئێوەش نەتان توانی ئەو بابەت و وانانەی بە ئۆنلاین خوێنرابوون داخڵی تاقیکردنەوەکانی بکەن .

ئێستاش حەزدەکەم وەکو مامۆستایەک چەند سەرجێک لەسەر ئەم بڕیارە بۆ بەڕێزتان و ئەنجومەنی وەزیران و هەموو خەمخۆرانی پەروەردە بخەمە ڕوو .

١ ـ تەنها باگراوندی پشتی دەرکردنی ئەم بڕیارە ئەوەیە حکومەتی هەرێم نایەوێ لە کاتی خۆیدا مووچە بدات و دەشزانێ ئەو کارە لەلایەن مامۆستایانەوە قبوڵ ناکرێت و بایکۆت و ناڕەزایەتیەکان دەست پێ دەکەن بۆیە لەترسی ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان ئەم بڕیارەی داوە .

٢ ــ خوێندنی ئۆنلاین لە وڵاتە پێشکەوتوەکان و ئەوروپاش بۆ قۆناغی بنەڕەتی { ١ تا ٩ } بەکار ناهێنرێ و سەرکەوتوو نەبوو ، لە کوردستانێک ئاستی خوێندنی زۆر لە ئەوان دواکەوتووترە چۆن دەتوانێت سەرکەوتووبێت .

٣ ــ پۆلەکانی بازنەی یەکەم { ١-٢-٣-٤ } لە پۆلی دوانزە گرنگترن و پێویسترن و بناغەی فێربوونی قوتابین ، کە بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت بە ئۆنلاین فێربکرێن ، دڵنیابن قوتابیانی پۆلی یەکەمی ساڵی پار زۆربەیان تا ئێستا پیتەکان ناناسن و فێری خوێندن و نوسین نەبوون ، وە من وەکو توشبوویەکی کۆرۆنا کە سێ منداڵم لەو بازنەیە وسەروتر هەیە ، بۆم دەرکەوت منداڵ ئەگەری توشبوونی بە کۆرۆنا زۆر کەمە ، من بیست ڕۆژ کۆرۆنا ئازاری دام هیچ خۆجیاکردنەوەو دابڕانێکم لە منداڵەکانم نەکرد و هیچ کام لە منداڵەکانم تووشی کۆرۆنا نەبوون .

٤ ــ هەموو زانایانی پەروەردەی منداڵ و دەرونناسان یەک دەنگن لەسەر ئەوەی بەکارهێنانی مۆبایل و ئایپات و ئامێرەئەلکترۆنیەکان زیانی گەورە بە منداڵان و قوتابیان دەگەیەنێت ، سەرەڕای ئەوەی ناتوانن لە ڕێگەیانەوە فێرببن ، زیان بە پەروەردە و زیرەکی و باری دەرونی و جەستەیی و تواناکانیان دەگەیەنێت .

٥ ــ بە ئەلکتڕۆنی کردنی خوێندن لە کوردستاندا ، دەبێت بە بەشێک لە پرۆسەی بێڕێزکردنی خوێندن و زانست و بڕوانامە ، لە دواجاردا نەوەیەکی نەزان و نەخوێندەوار پێشکەش بە کۆمەڵگە و ئایندە دەکرێت .

٦ ــ پێویست بوو وەزیری پەروەردە و ئەنجومەنی وەزیران پێش ئەوەی لە بیری کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکاندا بن لە لە خەمی چارەسەرکردنی کێشەکانی مامۆستایاندا بوونایە وەکو پێکهێنەرێکی سەرەکی پرۆسەی پەروەردە ، ئەوکات تووشی ئەم بڕیارە ناتەواوانە نەدەبوون .

لە کۆتایدا

دڵنیام وەزیری پەروەردەش لەگەڵ ئەم بڕیارەدا نەبووە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیڕانەوە بە سەریدا سەپێنراوە ، بۆیە دڵنیابن بڕیارێکی لەو شێوەیە هەرگێز جێ بەجێ ناکرێت و پرۆسەی پەروەردە بە تەواوی پەکی دەکەوێت و نەوەیەکی نەزان و نەخوێندەوار بۆ ئایندە ئامادە دەکرێت .

هاوکات هیوادارم گوێ لە دڵسۆزان بگیرێت و داوا ڕەواکانی مامۆستایان جێ بەجێبکرێن و پڕۆسەیەکی تەواو تەندروست بڕیاری لەسەر بدرێت .

والسلام
عادل حسن حمەڕشید
مامۆستا

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif