پەکەکە: تورکیایە دەیەوێت دەستبەسەر هەولێردا بگرێت نەک ئێمە

ليست هناك تعليقات


پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، گوتەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا رەتدەکاتەوە کە گوتبووی پەکەکە دەیەوێت دەست بە سەر هەولێردا بگرێت و دەڵێت، ئەوە ئەنقەرەیە دەیەوێت هەولێر داگیربکات نەک ئەوان.

رۆژی سێشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆنگۆ لە ئەنقەرە رایگەیاند، پەکەکە دەیەوێت دەست بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەولێردا بگرێت وەک ئەوەی لە سلێمانی کردوویەتی.

پارتی کرێکارانی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا وەڵامی ئەو گوتانەی چاوشئۆغڵویان داوەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، ئەوان وەک پەکەکە بەڵێنیان داوە خەڵکی کوردستان لە هەموو لایەکەوە بپارێزن. "بۆیە، دەستبەسەرداگرتنی هەولێر دەکرێت تەنیا پلانی جەنگیی تایبەتیی تورکیا بێت. ئێمە وەکو پەکەکە، ئامانجمان ئازادکردن و پاککردنەوەی کوردستانە لە داگیرکاریی تورکیا".

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، لە راستیدا، پەکەکە ئامانجی ئەوەیە کە "ئیدارەی هەولێریش" داگیربکات، مەبەستی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە "ئیدارەی هەولێر" شارەکانی هەولێر و دهۆکە.

پەکەکە لە بەرامبەردا دەڵێت، خەڵکی هەولێر، سلێمانی و هەموو ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان رێزێکی تایبەت و هاوسۆزیێکی گەورەیان بۆ خەبات و گەریلاکانی پارتەکەیان هەیە.

پەکەکە و ئەنقەرە لە ساڵی 1984ـەوە لە شەڕدان و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار کەس بەهۆی ناکۆکی و شەڕەکانیان کوژراون کە هەندێکیان خەڵکی سڤیل بوون، بەشی هەرە زۆری شەڕی ئەم چەند ساڵانەی دوایی، لە سنووری هەرێمی کوردستان بووە. 

پەکەکە لە سنووری هەرێمی کوردستان لە چیای قەندیل بارەگای هەیە و بە درێژایی سنووری تورکیاش گەریلاکانی جموجوڵ دەکەن و هەندێ گوندی سەر بە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆکیان کۆنترۆڵکردووە. هەروەها تورکیا لە چوارچێوەی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ پەکەکەدا، ژمارەیەک بنکەی سەربازیی لە هەرێمی کوردستاندا کردووەتەوە. 

مانگی تەممووزی ئەمساڵ ئەنقەرە رایگەیاندبوو کە 37 "خاڵی سەربازیی" کە سنووری هەرێمی کوردستاندا هەیە. 

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد، پەکەکە بووەتە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان و منداڵی ئەو ناوچانە بۆ شاخ دەڕفێنێت. گوتیشی، "ئێمە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانین لە رۆژە سەختەکاندا و هەمیشە کورد لە پەکەکە جیا دەکەینەوە، بۆیە ئاڵای کوردستانیشمان بۆ نێچیرڤان بارزانی دانا. ئێمە دژی پەکەکەین و مانای ئەوە نییە کە دژی کورد بین".


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif