خۆی وەیوێی ئارەزووەکانە، وەفای لەوانیتر زیاترە

ليست هناك تعليقات



د.موئمین زەڵمی

خۆی وەیوێی ئارەزووەکانە، وەفای لەوانیتر زیاترە، ئاخر پاییز زستانێکە و تای گرتووە، هاوینێکە و لەرز دەیگرێ، متقێکە لە گەرووەکاندا وشک ئەگیرسێتەوە، قسەیەکەو بەنەوتراوی ماوەتەوە، لەو وەیوە جوانە ئەچێ، ساڵ بە ناز ئەنەخشێنێ، ئەوە نیە یاری بە ڕەنگەکان ئەکا، هەر رۆژێکی وانەیەک و هەر گەڵایەکی کەوتووی چیرۆکێکی عاشقانە دەنوسنەوە.

لە خشەی گەڵایەکی وەریو، ئاها زەردییەکەی لە بریسکەی گەردنی زێڕ و لاسورییەکەی لە کوڵمی تەڕی مانگ و لۆچییەکەی لە عیشقی پێچی هەورێکا ئەدۆزینەوە، لەو خەیاڵانەیا پاییزم خۆشویست، بۆ ئارامییەک گوێمان لە خشەی گەڵاکانی قەراخی شەقامەکە دەگرت بەر لەوەی بایەک پشتملیان بگرێ و بیانخاتە سەمای ناو جۆگەلە خوڕەکەوە.

پاییز هاتەوە، وەک ئێمە، ئەو گورجوگۆڵتر و ئێمە وەڕستر، ئێمە ساردین و ئەو هێشتا گەرمییەکی لە دڵەوە بەسەر هەناسەکانی سروشتا ئەپژێنێ، ئەزانی پاییز نە بێرەحمە و نە بێ وەفا، کەچی یەکێ بە غەریبی ئەزانێ و یەکێ بە دڵرەق و یەکێکیش بە بێتام تەوزیفی ئەکا، چاوم لەو نەرمونیانییەیەتی هەنگاو هەڵدەگرێ و نەرم نەرم خۆی لە جوانیمان دەئاڵێنێ، نە وەک زستان دڵرەقانە لە شەوێکا سەرمان سپی ئەکا و نە هاوینئاسا پژمەیەکی گەرم بەسەر خەیاڵمانا ئەپاشێ، وردە وردە رەنگمان زەرد ئەکا و نەرم نەرم ژیانی درەختەکان ئەگرێ، رێک دەڵێی لە ئارامیترین چرکەکانا ئیزرائیلیی هاتووەتە سەر زەوی، دڵۆپ دڵۆپ فرمێسک دەخاتە چاومانەوە و میهرەبانییەکانیش لە ناو جانتای یەکەم رۆژی دەوامی قوتابییەکی پۆلی یەکەم، ئاها قولانج قولانج بەرەو قوتابخانە هەڵدەقونێ و چاوی لە تەباشیرە ڕەنگاوڕەنگەکانی سەر تەختەکە و دڵیشی لای نەرمونیانیەکەی مامۆستایە، کە کچەکەی دراوسێیان پێی وتووە باشترینە ئەو مامۆستایە.

پاییز بەیتی شیعرێکە گەرمی دەستەکانی تۆ قافیەکەیەتی، ویردێکە دایکم ئارامی رۆحی لێوە ئەچێژێ، هەنارێکە نازێکیتری پێ ئەکەی و عیشقێکە لە هەنارستانی ئەوینی منا گوڵ ئەگرێ، هەر گەڵایەکی قەڵەم بۆیەیەکی ڕەنگاوڕەنگ نەخشاندوویەتی ... ئەی گیان لە بۆنی پاییز کاتێ هەورێکی تێر بەسەر ئاسمانا ئەدات و سرودێکی تەڕ بەسەر دڵە قڵیشبردووەکانی هاویندا ئەڵێتەوە و درەختەکان فێری وانەی ئەوین ئەکا کە چۆن ناز بەسەر باڵندەکاندا دەکەن، ئەها ئەوانیش ئێوارە غەماوییەکانی پێش ماڵئاوایی بە خۆشەویستی ئەو گەڵایە دەسپێرن لە ساتەکانی وەرین نزیک بووەتەوە!




 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif