یەکەم دیبەیت؛ ترەمپ و بایدن بە هێرشکردنە سەر یەکدی دەستیانپێکرد

ليست هناك تعليقات



کاژێر 04:15 خولەکی بەرەبەیان بەکاتی هەولێر، یەکەم دیبەیتی خولی 46ەمینی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەنێوان جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان دەستیپێکرد. هەر لە سەرەتاوە یەکدیان بە "درۆزن، هیچ نەزان و شکستخواردوو" تۆمەتبارکرد و تەوەرێک نەبوو لەسەری هاوبۆچوون بن، لە هەموو شتێکدا دژی یەکدی بوون.

کریس واڵەس، بەڕێوەبەری دیبەیتەکە هەر لە دەستپێکدا هەستی بە تووندی و سەختی بەڕێوەبردنی دتیبەیتەکە کرد، بۆیە روو لە دوو بەربژێرەکەی سەرۆکایەتی و ئەو ژمارە کەمەی ئامادەبوون گوتی، ئەوان تەوقە ناکەن لەبەر پەتای کۆرۆنا، ئامادەبووانیش نابێ هاوار بکەن و قسە بکەن، بەربژێرەکانیش نابێت قسە بەیەکدی ببڕن، بەڵام دوایین داواکاری لە هیچ بەشێکی دیبەیتەکە جێبەجێ نەکرا و ترەمپ و بایدن زۆرترین قسەیان بەیەکدی بڕی.

قسەکردن لەسەر پرسی دادگای باڵا

چەند رۆژێک پێش ئەو دیبەیتە، دۆناڵد ترەمپ، بە بڕیاری سەرۆکایەتیی لە کۆشکی سپییەوە ئێمی بایرێتی وەک دادوەری باڵا دەستنیشانکرد، ئەوەش دوای کۆچی دوایی رووت بەیدەر.

یەکەم پرسیاری بەڕێوەبەری دیبەیتەکەش ئەو پرسە بوو، کە بە ترەمپی گوت بۆچی ئەو کارەت کرد و چاوەڕێی هەڵبژاردنت نەکرد، کە ئەوە داوای دیموکراتەکانە؟

ترەمپ بە لەخۆڕازیبوونەوە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوەو گوتی "ئێمە هەڵبژاردنەکانمان بردەوە و ئەنجوومەنی پیران و کۆشکی سپیمان هەیە، ئەوانەی دادگای باڵا لایەنگری ئێمەن و خەڵکی شارەزاو ولیبڕاڵن، بایرێتیش کەسێکی باشە، بۆیە دیاریمان کرد بۆ ئەو پۆستە، لە هەموو ئەوانەش باشتر دەبێت کە لە دادگای باڵا کاردەکەن". ترەمپ لە ستایشی دادوەرە تازەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بەردەوام بوو و گوتی "پرۆفیسۆرەکەی بایرێتیش هەر ئەوەی پێگوتووم کە ئەو زۆر کەسێکی باشە، دیموکراتەکانیش دەسەڵاتیان هەبوایە بەخێرایی ئەو کارەیان دەکرد، بەڵام براوە نەبوون بۆیە نەیانکرد".

واڵەس رای جۆ بایدنیشی لەو بارەیەوە وەرگرت، ئەو هەمان رای خۆی دووپاتکردەوە، کە دەبوو بۆ دانانی دادوەری نوێی دادگای فیدراڵی چاوەڕانی ئەنجامی هەڵبژاردن کرابا و گوتی "خەڵکی ئەمریکا مافیان هەیە لە دەستنیشانکردنی دادوەری باڵا، دەبوو چاوەڕێی کۆتایی هەڵبژاردنەکان بکرێت، دەبوو دوای دەنگدان ئەو کارە کرابا".

بایدن، هەر لەوێدا یەکەم هەلی قۆستەوە بۆ دەستپێکردنی هێرش و گوتی "ترەمپ زۆرجار باسی دادگای باڵای فیدراڵی کردووە، دەیانەوێت لەرێگەی ئەو دادگایەوە سیستەمی ئۆباماکەیر هەڵبووەشێننەوە کە 100 ملیۆن کەس رزگار دەکات و بیمەی تەندروستی دابیندەکات، ئەو دادوەرەی ترەمپ دایناوە هەر لە ئێستاوە رایگەیاندووە دژی ئەو سیستەمەیە، هەر بۆئەوەش دایناوە، بۆئەوەی ژنانی دووگیان بخەنە مەترسی".

ترەمپ قسەکانی بە بایدن بڕی و گوتی "من بۆ چوار ساڵ هەڵبژێردراوم نەک بۆ سێ ساڵ و نیو، بۆیە مافی خۆمە ئەو بڕیارە بدەم، ئینجا نازانم ئەوم 100 ملیۆنەت لەکوێ هێنا لەخۆتەوە، بەڕاستی کێشەی تۆ ژمارەیە".

هێشتا زۆر تەوەر مابوو قسەی لەسەر بکەن، کەچی هەر لەم سەرەتایەوە قسەکانیان بەرامبەر یەکدی تووند بوو. بایدن گوتی لابردنی سیستەمی ئۆباماکەیر کێشە دروستدەکات وەکو ئەوەی ئێستا 200 هەزار کەس بە کۆرۆنا مردوون. ترەمپ دیسان قسەکەی پێ بڕی گوتی "تۆ سەرۆک بوویتایە 2 ملیۆن کەس دەمردن، تۆ هەر نازانی ئەو بابەتە چۆنە، ئیتر بۆچی دەتەوێت وا پیشانی خەڵک بدەی مەترسی هەیە، بۆچی لە خۆتەوە قسە دەکەی".

بەڕێوەبەری دیبەیتەکە زیاتر لەسەر ئەم مژارە وەستا و بە ترەمپی گوت: تۆ لە سەرەتاوە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئۆباماکەیرت دا، بەڵام جێگرەوەت نەبوو بۆی. ترەمپ گوتی "هەمبوو". واڵەس دیسان گوتی "نەخێر، نەتبوو". ترەمپ جارێکی دیکە وەڵامی دایەوەو گوتی "ئەوەی من کردوومە بۆ خەڵکی ئەمریکا هیچ کەسێک نەیکردووە، ئەوەتا بایدن 70 بۆ 80 ساڵە لە سیاسەتدایە نەیتوانیوە کارێکی وەکو ئەوەی من بکات". ترەمپ لەکاتێکدا وای گوت، کە تەمەنی بایدن خۆی 77 ساڵە، دواتر راستیکردەوە کە بایدن 47 ساڵە سیاسەت دەکات.

واڵەس روویکردە بایدن و پرسیاری ئەوەی کرد، کە بۆچی بایدن دەیەوێت بڕگەیەک بۆ ئۆباماکەیر زیاد بکات، بایدن گوتی "ئەوەی من بۆ خەڵکە زۆر هەژارەکانە، ترەمپ ئەوەی کردوویەتی و دەیکات درۆیە، ئەوەتا ناتوانێت خۆی بێدەنگ بکات". ترەمپیش هەر قسەیکرد وگوتی "تۆ بۆ چەپ و سۆشیاڵ دیموکراتەکان خۆت دۆڕاند". بایدنیش گوتی "ئەوە تۆی هاوکاری کەس ناکەیت و خەمی هەژارانت نییە، نازانی هیچ بۆ خەڵک بکەیت". ترەمپ هەر وەڵامیدایەوەو گوتی "من دەمەوێت بە نرخی باشتر دەرمان بدەمە ئەمریکییەکان، ئۆباماکەیر هیچ باش نییە و هەڵەیە، ئەو بڕگەیەمان لێ لابردووە کە دەڵێ تەنیا بۆ ئەمریکییەکان، هەر نەدەبوو ناوی ئۆباماکەیر بووایە". دووبارە بایدن گوتی ترەمپ هیچ پلانێکی بۆ تەندروستی نییە، ترەمپ لەولاوە بێ ئەوەی هیچ بخاتەڕوو گوتی "هەمانە".



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif