ئەمریکا چۆن بوو بە فەرمانڕەوای جیھان؟‌

ليست هناك تعليقات

ھەموان و تەنانەت دوژمنە سەرسەختەکانیشی، دان بە ھێز و ھەژموونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەنێن، ھێزێک کە لە ھەر شوێنێک بیەوێت دەردەکەوێت و زەبەلاحیی خۆی دەردەخات، ئەمریکا ئەم ھێزەی لەکوێ ھێناوە، چۆن بوو بە فەرمانڕەوای جیھان؟ کێ دەتوانێت بێگوێیی ئەمریکا بکات و ئەنجامەکەی چی دەبێت؟ کێ دەتوانێت ئەمریکا رابگرێت؟

٨٠٠ بنکە لە ٧٠ وڵات
ئەمریکا نزیکەی ٨٠٠ بنکەی سەربازیی لە ٧٠ وڵات، ھەرێم و ناوچەی جیھان ھەیە، بنکەکان بەشێکیان گەورەن و ھەندێکیشیان بنکەی راداریی و چاودێریین، ئەمە لەکاتێکدایە بە بەریتانیا، روسیا و فەڕەنساوە ٣٠ بنکەی سەربازییان ھەیە.
سیاسەت و ستراتیژی سیاسیی و سەربازیی جیاواز لەپشت ھەریەک لەم بنکە سەربازییانەی ئەمریکاوەن، ھەندێکیان بۆ راھێنانن و ھەندێکیشیان بۆ تاقیکردنەوەی چەکی جیاواز، چاککردنەوەیان و لێکۆڵینەوەی زانستین.

بەھا و تێچووی بنکە سەربازییەکان
رووبەری سەرجەم بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دەرەوە ٢٣ ملیار پێی چوار گۆشەیە، ئەو چەک و کەلوپەلە سەربزایییانەی تێیدان بەھاکەیان دەگاتە ٧٤٩ ملیار دۆلار.
پنتاگۆن ئامارێکی وردی لەبارەی بودجەی تەرخانکراو بۆ ئەم بنکانە بڵاونەکردووتەوە، بەڵام زانیارییە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرای دەکەن، بودجەی ئەم بنکانە لەسەر ئەمریکا ساڵانە ٨٥ بۆ ١٠٠ ملیار دۆلار دەکەوێت، ئەو چالاکییانەشی ھێزی ناو ئەم بنکە سەربازییانە ئەنجامی دەدەن، بودجەی ساڵانەکەی ١٦٠ بۆ ٢٠٠ ملیار دۆلارە.

ژمارەیەکی ناڕوون
تاکو ئێستا ئەمریکا لەبارەی ژمارەی سەربازەکانییەوە لە بنکە سەربازییەکانی دەرەوەی وڵاتەکەی ھیچ زانیارییەکی نەخستووەتەڕوو، تەنانەت ئەو وڵاتانەشی کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایان تێدایە ژمارەیان ئاشکرا ناکەن.
ھۆکاری ئەمەش پاراستنی ھێزی سەربازیی ئەمریکایە، ئەمە جگە لەوەی ئەمریکا لە چەند شوێنێک بنکە و ئامادەیی سەربازیی ھەیە، بەڵام ئاشکرای نەکردوون، داخستنی چەندین بنکەی سەربازییش لە ئەفغانستان، عێراق، سوریا، نەیجەر و سعودییە وای کردووە ژمارەی سەربازەکانی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی سنورەکانی بەردەوام لە گۆڕانکاریدا بن.

بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە جیھان
بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە جیھان کە لەم راپۆرتەدا دەخرێنەڕوو، لەسەر بنەمای راپۆرتەکانی پنتاگۆن، زانیارییە رۆژنامەوانییەکان و ئەو لێکۆڵینەوانەن ئەبجام دراون، ئەم ژمارانە بنکە نھێنییەکانیش ناگرێتەوە.

ئەمریکا لە ئەڵمانیا
ئەڵمانیا لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆرترین بنکەی سەربازیی ئەمریکایان تێدایە کە دەگاتە ٨٧ بنکە و بودجەی ساڵانەی ٤٥ ملیار دۆلاری بۆ دابینکراوە. زۆربەی بنکەکان بچوکن و کاریگەرییان کەمە، بنکە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا ٢١ بنکەیە، بەڵام زۆربەی ھێزی ئەمریکایان لە ئەورووپا لەخۆگرتووە کە دەگاتە ٣٨ ھەزار و ٦٠٠ سەرباز.
بوونی ئەم ژمارە زۆرەی بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ئەڵمانیا ھۆکاری مێژوویی ھەیە، ئەوەش کاتێک لە ھەردوو جەنگی جیھانیدا ئەڵمانیا لەبەرەی دژە ئەمریکادا بووە، بۆیە ئەم ئامادەییە سەربازییە پێویستیی بووە بۆ ئەمریکا نەک ھاوکاری بۆ ئەڵمانیا.

بنکەی (Ramstein) گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکایە لە ئەڵمانیا، بنکەکە لە ساڵی ١٩٥١ دروستکراوە و کەتووەتە نزیک سنوری فەڕەنساوە. ناوچەکە ناونراوە «ئەمریکای بچوک»، ئەمەش بەھۆی بوونی ٥٠ ھەزار ئەمریکی تێیدا. لە دوای ئەمەشەوە بنکەی ئاسمانی «شبانجدھالم» دووەم گەورەترین بنکەی ئاسمانی ئەمریکایە لە ئەڵمانیا و نزیکە لە سنورێ بەلجیکا و لۆکسمبۆرگ.

بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا رۆڵێکی گرنگیان ھەبوو لە پاراستنی ئەڵمانیای رۆژئاوا لە سەردەمی جەنگی سارددا و دواتریش پاراستنی ھەموو ئەڵمانیا، ئەوە جگە لەوەی ئەورووپایان لە ھەڕەشەکانی روسیا پاراست، لەبەرامبەر ئەمەدا ئەمریکا توانی لەناو دڵی ئەورووپادا کە گرنگییەکی ستراتیژی ھەیە، ئامادەییەکی بەھێزی ھەبێت، لەوانەش بوونی فڕۆکە ئێف ١٦ و ٣٢کانی کەم بنکانەدا.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، بوونی ئەم بنکانە کاریگەریی زۆریان ھەبوو لەسەر دروستبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەنێوان ئەمریکی و ئەڵمانییەکان، چونکە چەندین پڕۆسەی ھاوسەرگیریی و کاری دیکەی ھاوبەش لەنێوانیاندا روویداوە.

بوونی ئەم بنکانە سودی زۆری ئابوورییان بۆ ئەڵمانیا ھەبووە، بۆ نموونە تەنھا لە ویلایەتی راینلاند بالاتینات نزیکەی حەوت ھەزار ئەڵمانی لە بنکەیەکی ئەمریکیدا کار دەکەن. کارەکانی بنکەی رامشتاین بە دوو ملیار دۆلار بەشدار بووە لە ئابووری ئەڵمانیدا، ئەوەش لە رێگەی بوونی فەرمانبەری ئەڵمانی، بەکرێگرتنی شوێن و باڵەخانەی ئەڵمانی و مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ دامەزراوە ئەڵمانییەکان.

ژاپۆن؛ ئەمریکا لە ئاسیا
ئەمریکا لە ژاپۆن ٨٦ بنکەی سەربازیی ھەیە، بەمەش دەبێتە یەکەم دەوڵەتی ئاسیایی کە زۆرترین بنکەی ئەمریکی تێدا بێت، بنکەکان لەسەر رووبەرێکی فراوانن و تێچوویان ٩٨ ملیار دۆلارە.

بوونی ئەم ھەبووە بنکە سەربازییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا لە ماوەی جەنگی سارددا دەیەویست سۆڤیەت و چین تەوق بدات. سەرەڕای کەوتنی سۆڤیەتیش، تاکو ئێستا ئەمریکا دەستی بەسەر ٣٠ بنکەدا گرتووە لە ناوچەی ئۆکیناوا.، یابان خاک و ھاوکاری لۆجستی پێشکەشی ئەمریکا کرد بۆ بنکەکانی، ئەمریکاش بڕیاریدا ژاپۆن لە ھەر ھەڕەشەیەک بپارێزێت.

لە ساڵی ١٩٦٩ ھەردوولا رێککەوتن لەسەر بە یاساکردنی بوونی ئەم بنکانە
بنکەی فۆجی گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکایە لە ژاپۆن و خاڵی سەرەکی مارێزنزی ئەمریکییە، لە بنکەکەدا ناوەندێکی راھێنانی زۆر گەورە ھەیە. 
لە بنکەکانی ئەمریکا لە ژاپۆن فڕۆکەی ئێف ٢٢ و ٣٥ ھەن، ئەمە جگە لە بوونی موشەکی بالستیی ناوەند ھاوێژ.
کۆریای باشور
ئەمریکا لە کۆریای باشور ٦٤ بنکەی سەربازیی ھەیە و تێچوویان ٢٤.٥ ملیار دۆلارە، ئەم بنکانە ئامانجی سەرەکییان پاراستنی کۆریای باشور بووە لە ھەڕەشەکانی کۆریای باکور.

بنکە (ھەمفرێز) لە کۆریای باشور، گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکایە لە جیھاندا، بنکەی سەرەکی فیرقەی ھەشتی سوپای ئەمریکایە و لە دەرەوەی چوارچێوەی موشەکیی کۆریای باکورە. چەندین جۆر چەکی قورس و جیاوازی تێدایە، فڕۆکەی ئەپاتچی و شینۆک و چەندین شوێنی راھێنانی تێدایە.
بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کۆریای باشور ژێردەریایی ھەڵگری موشەکی «تۆماھۆک»، سیستمی بەرگریی ئاسمانی «پاتریۆت» و فڕۆکەی ئێف ٢٢یان لەخۆگرتووە.

ئیتاڵیا؛ دەستی ئەمریکا لە دەریای ناوەڕاست
ئەمریکا لە ئیتاڵیا بە بودجەیەکی ٩،٦ ملیار دۆلاری ٢٩ بنکەی سەربازییھەیە. ئامادەیی ئەمریکاش لە ئیتاڵیا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ساردەوە بووە، ئەوەش بە بوونی لە بنکەی ئەڤیانۆ لە نزیک ڤینیسا لە باکوری ئیتاڵیا کە بنکەی ھێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بوو لە ئەورووپا. 
بوونی ئەم بنکانە لە ئیتاڵیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە لە دەریای ناوەڕاست و پاراستنی سنوری ئاویی ئەورووپای ھاوپەیمانی ستراتیژیی ئەمریکا.
بەریتانیا
لە کاتی جەنگی جیھانیی دووەم، بەریتانیا رێگەی بە ئەمریکا دا بەشێک لە بنکە سەربازییەکانی و فڕۆکەخانەکانی سەر بە ھێزە چەکدارەکانی شانشینی بەریتانیا بەکاربھێنێت، لە دوای جەنگیش ئەمریکا لە بەشێک لەم بنکانەدا مایەوە، ئەمەش بۆ پاراستنی بەریتانیا و وڵاتی دیکەی ئەورووپا لە ھەڕەشەکانی سۆڤیەت.

لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو ھێزەکانی ئەمریکا لە ١٠٠ بنکەی بەریتانیا بوونیان ھەبووە، بەڵام لە ئێستا ژمارەیان بۆ ١٦ بنکە کەمبووەتەوە، کە بودجەی تەرخانکراویان ٧،٩ ملیار دۆلارە،.ئەم بنکانە ئامادەییەکی ستراتیژی گرنگ بە ئەمریکا دەبەخشن لە دەریای باکور و ناوچەی باکوری ئەورووپا.

بەلجیکا
ئەمریکا لە بەلجیکا نۆ بنکەی سەربازیی ھەیە و بودجەیان ١،٥ ملیار دۆلارە، بوونی ئەمریکا لە بەلجیکا گرنگیی ستراتیژیی تایبەتی ھەیە، چونکە ناوەندی رێکخراوی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە.
بنکەی چیڤەر لەم وڵاتە یەکێک لە بنکە ھەرە گرنگەکانی ئەمریکایە لەم وڵاتە، کاتێک ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩٤٠ بەلجیکای داگیرکرد، ئەم بنکەیە کەوتە دەست نازییەکان، پێش جێھێشتنیشی وێرانیان کرد، دواتر ئەمریکا کردی بە بنکەی سەربازیی بۆ خۆی.

ئەمریکا لە نیشتمانی عەرەب
لە کەنداوی عەرەبی و بە دیاریکراویش لە بەحرەین، ئەمریکا سێ بنکەی سەربازیی ھەیە، ئەوانیش بنکەکانی پشتیوانی دەریایی، بنکەی شێخ عیسای ئاسمانیی و بنکەی (المحرق).
ئامانجی ئەمریکا لەم بنکانە، بۆ چاودێریکردن و ئامادەبوونییەتی لە کەنداوی عەرەبی، کەنداوی عومان، دەریای سور، گەرووی ھورمز، گەرووی (باب المندب) و دەروازەی کەناڵی سوێس.

ئەم بنکانەی ئەمریکا لە بەحرەین بودجەیەکی ١،٥ ملیار دۆلارییان بۆ تەرخانکراوە. بە گشتی شەش ھەزار سەربازی ئەمریکی لە بەحرەینن، ئەمەش لەسەر بنەمات رێککەوتنی ھاوکاریی بەرگریی کە ساڵی ١٩٩١ لەنێوان ھەردوو وڵات واژۆ کراوە.
لە بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرەین فڕۆکەی ئێف ١٦ و بی٣ی ستراتیژی ئەمریکی تێدایە
ڕاپۆرتی پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif