ناوەڕۆكی كۆبونەوەی سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی فەرەنسا

ليست هناك تعليقات


کۆبوونەوەی سەرۆككۆماری عێراق، دكتۆر بەرهەم ساڵح و ئیمانوێل ماکرۆن،سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لە بەغدا کۆتاییهات و هەردووکیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا باسی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ میدیا کرد. ئەوەی سەرۆککۆماری عێراق جەختی لێکردەوە سەروەریی عێراق و دەستوەرنەدانی وڵاتان بوو لە کاروباری نێوخۆیی.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا گەیشتە بەغدا و لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغدا پێشوازیی لێکرا، دوای نزیکەی نیو کاژێر کۆبوونەوە، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان سازکرد، بۆئەوەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بە میدیاکان بڵێن.

بەرهەم ساڵح دوای بەخێرهاتنی سەرۆک ماکرۆن، لە پرێس کۆنفرانسەکەدا جەختی لە پەیوەندیی بەغدا و پاریس کردەوە و گوتی: "دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بەهێز بکەین"، رۆڵی فەرەنساشی لە پشتیوانیکردنی عێراق لە شەڕی تیرۆردا بەرزنرخاند و گوتی "لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا فەرەنسا رۆڵی نایابی هەبوو، بەڵام عێراق هێشتا پێویستی بە هاوکارییە".

سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بە مەترسی داعش لە عێراق کرد و گوتی "دەبێت وڵاتان بەردەوام بن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە، بەتایبەت کار لەسەر بڕینی سەرچاوەی داهاتی گرووپە تیرۆریستییەکان بکرێت".

هەردوو سەرۆک جگە لە بواری ئەمنی، باسی پەیوەندی ئابووریشیان کرد. بەرهەم ساڵح گوتی "واژۆکردنی ژمارەیەک گرێبەست لە داهاتوودا رادەگەیێنین بەپێی بەرژەوەندیی هەردوو وڵات".

رۆڵی عێراق لە ناوچەکە و سەروەریی خاکەکەی تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان بوو. بەرهەم ساڵح لەوبارەیەوە گوتی "ناوچەکە پێویستی بە سەقامگیرییە، عێراقیش دەبێت وەک وڵاتێکی سەربەخۆ، خاوەن بڕیار و سەروەریی تەواو رۆڵی میحوەری بگێڕێت لە ناوچەکە". جەختیشی کردەوە "عێراق نابێت ببێتە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتان".

دوای تەواوبوونی قسەکانی بەرهەم ساڵح، ئینجا ماکرۆن قسەی کرد و لە دەستپێکی قسەکانیدا گوتی "هاتووم پشتیوانیی فەرەنسا بۆ عێراق دووپات بکەمەوە". ماکرۆن راشیگەیاند عێراق بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ و داوایکرد سەرکردە عێراقییەکان، بەتایبەت سێ سەرۆکایەتییەکە ئەو قۆناخە راگوزەرە بەباشی و هاوکاریی یەکدی تێپەڕێنن. گوتیشی "عێراق دەبێت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەهێز بکرێت".

ماکرۆنیش جەختی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی پاریس و بەغدا کردەوە و گوتی "عێراق پێگەیەکی مێژوویی و ستراتیژیی هەیە، دەمانەوێت بەردەوام پێکەوە کار بکەین".

سەرۆککۆماری فەرەنسا بە ئاماژەدان بەوەی شەڕی داعش لە عێراق کۆتایی نەهاتووە گوتی "فەرەنسا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەمیشە پشتیوانیی عێراق دەکات و ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە هاوکاریی عێراق بکات".

ئیمانوێل ماکرۆن تاوەکو ئێوارە لە بەغدا دەمێنێتەوەو سەردانەکەی چەند کاژێرێکە، وەک ئەوەی راگەیێندراوە دوای سەرۆککۆمار، چاوی بە سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دەکەوێت و کۆدەبنەوە، جگە لەوانیش کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەبێت و پاشان دەگەڕێتەوە.

سەرۆککۆماری عێراق لە پرێس کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، کە ساڵی داهاتوو ماکرۆن دێتەوە عێراق و ئەوکاتە سەردانێکی تێروتەسەل دەکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif