کێشەکان قوڵترن

ليست هناك تعليقات

یوسف محمد سادق
-
ئەوەی ئەمڕۆ لە جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان ڕویدا، جارێکی تر دوپاتی بونی دو دونیابینیی جیاواز ئەکاتەوە لەناو کۆی دەستەبژێری سیاسی و حیزبیی هەرێم بەشێوەیەکی گشتی. گروپێک پێیان وایە کە بون و مانەوەیان پەیوەستە بە مانەوەیان لە دەسەڵات و گەر لە دەسەڵاتدا نەبن هیچ نین و هیچیان پێناکرێت. هەر بۆیەش ئەمانە هەمو شتێک ئەکەن بۆ مانەوە لە دەسەڵات. مۆنۆپۆلی بازاڕ و کار و ئابوری و چەک و هێزی چەکدار ئەکەن بۆ مانەوە لە دەسەڵات و درێژەدان بە حوکمڕانیی خۆسەپێنیان.

بە پێچەوانەی ئەمانەوە گروپێکی تر هێزی خۆیان لە بەدەستهێنانی متمانەی خەڵک و نوێنەرایەتی کردنی بەرژەوەندیی خەڵک دەبیننەوە. هەر لەبەر ئەمەش بەرژەوەندیی خەڵک لەهەر شوێنێک بێت لەو سەنگەرەن.

گۆڕان لەسەرتای دروست بونییەوە سەرقافڵەی تێڕوانینی دوەمی ناو سیاسەتی کوردی بوە. هەر بۆیەش هەوڵیدا چ لە سەنگەری ئۆپۆزسیۆن بێت چ لە دەسەڵات نوێنەرایەتیی سەرسەختی خەڵک و مافەکانیان بکات. بەڵام بەداخەوە دەستەبژێرێکی کەمینە لە بڕیاربەدەستانی ناو گۆڕان و بەشێک لە نوێنەرەکانی لەناو دەسەڵات، خەریکی بەتەقلیدی کردنی ڕوئیا و بیرکردنەوە و هەڵوێستی گۆڕانن لەڕێی زاڵکردنی تێڕوانینی یەکەم لەناو بڕیاردانی سیاسیی گۆڕان. بێئاگا لەوەی ئەمانە هەرچییەک بکەن، ناتوانن ببنە خاوەنی دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە هەرێم کە دابەش کراوە بۆ دو زۆنی دەسەڵاتی تاک حیزبی. ئەمانە بەم هەوڵانەیان هیچ ناچننەوە جگە لە پاشکۆیەتیی دەسەڵات.

ئەمانە بڕوایان بە پرنسیپە سەرەکییەکانی گۆڕان نییە کە سەرەکیترینییان چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی چاودێرییە. ئەمانە بیریانچوەتەوە کە گۆڕان حیزبی دەنگدەرە نەک هێزێکی تەقلیدیی دەسەڵاتخواز. هەربۆیەش کە لە دەسەڵات بەشداری دەکات دەبێ بە پێداگرییەوە پارێزەری مافەکانی خەڵک بێ نەک ببێتە داشی جێبەجێ کردنی سیاسەتە دژەخەڵکەکەی دەسەڵاتی ئەمری واقیعی هەرێم. ئێمە کە ئەم قسانە ئەکەین موزایەدە ناکەین، بەڵکو بە کردار چ ئێستا و چ لەڕابردوش ئەوەمان سەلماندوە. هەمو خەڵکی هەرێم بیریانە کە چۆن لە بەرزترین دەسەڵاتی هەرێمەوە بەرگریمان لە بەرژەوەندیی خەڵک و یاساسەروەری کرد لە هەرێم و لەو پێناوەدا بۆ مانەوە لە دەسەڵات هیچ سازشێکمان نەکرد.

ئەمڕۆ هاوڕێمان دکتۆر غالب نوێنەرایەتیی ئێمە و دەنگدەری گۆڕان و جەماوەری ناڕازی کرد لەبەرامبەر ئەو دەستەبژێرە بچوکەی بۆ یەک جاریش خۆیان لە مەنگەنەی دەنگی هاوڵاتییان نەداوە و بایەخی متمانەی دەنگدەران نازانن و، ئەشیانەوێ بڕیارە چەوتەکانی خۆیان بەسەر نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکدا بسەپێنن.

هەقە دڵسۆزانی گۆڕان بیر لە داهاتوی ئەم بزوتنەوە جەماوەرییە بکەنەوە کە تادێ لەڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆی لادەدرێ و، پێویستە ئەوانەشی ئەیانەوێ دۆخی ئێستای گۆڕان چ لە دەسەڵات و چ لەناوخۆی، هەروا بەردەوام بێ هەر لە ئێستاوە ئەو ئاڵنگارییە قەبوڵ بکەن کە خۆیان کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتو تا حەجمی راستەقینەی متمانەیان لای جەماوەری گۆڕانخواز بۆ دەرکەوێ.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif