مردنێك، ناکۆکیی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان تووندتر دەکات

ليست هناك تعليقات




دادگای فیدراڵی ئەمریکا، گیانلەدەستدانی دادوەر رۆس پادر گێنسبۆرگ، دادوەری باڵای فیدراڵی ئەمریکای لە تەمەنی 87 ساڵیدا راگەیاند.

رووداوەکە، ناکۆکی نێوان دیموکرات و ئەمریکییەکانی لە وڵاتەکەدا تووند کردەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا تەنیا چەند هەفتەیەکی کەمی لەبەردەمدا ماوە، بۆ چوونە ناو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵات، لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا.

گێنسبۆرگ لە 1993ەوە لە دادگای فیدراڵی کاردەکات و کۆچکردنی، هەلێکی باش دەداتە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵات، بۆ فراوانکردنی زۆرینەی ئەندامە کۆمارییەکان لە دادگای فیدراڵیدا.

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، گیانلەدەستدانی ئەو دادوەرە، هاوسەنگیی بڕیارەکانی ناو دادگای باڵای فیدراڵی، لە نێوان کۆماری و دیموکراتەکان، لەناودەبات و ئەوەش رەنگدانەوەی لەسەر بڕیارە یاساییەکانی وڵاتەکە دەبێت بۆ چەند دەیەی داهاتوو.

دادگای فیدراڵی، لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند گێنسبۆرگ، لایەنگری ئافرەتان بووە و سیمبولی دیموکراتەکانی ئەمریکا بووە، بەهۆی کاریگەرییەکانی تووشبوونی بە شێرپەنجەی پەنکریاس، لە تەمەنی 87 ساڵیدا گیانیلەدەستدا.

'سکای نیوز' کۆچکردنی گێنسبۆرگی بە "تێکچوونی هاوسەنگیی ئایدیۆلۆژی، بەشێوەیەکی گەورە لە نێو وڵاتدا" ناوبردووە. کەناڵەکە دەڵێ "زاڵبوونی زۆرینەی پارێزگاری ناو دادگاکە دەگۆڕێت بۆ زۆرینەی راستڕەو بەشێوەیەکی گەورە".

خاڵێکی دیکەی ناکۆکی

ئەمریکا بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەنگاو دەنێت. ئێستا لە هەموو کات زیاتر ناکۆکی و بۆچوونی جیاواز لە نێوان هەردوو پارتی سەرەکی وڵاتدا هەیە (دیموکراتەکان و کۆمارییەکان). گیانلەدەستدانی گێنسبۆرگ، هێندەی دیکە ناکۆکییەکان قوڵدەکاتەوە.

گێنسبۆرگ، یەکێک بوو لە چوار ئەندامی لیبراڵی دادگاکە کە 9 ئەندام لە خۆ دەگرێت. گیانلەدەستدانی ئەو، رێگەدەدات بە سەرۆک ترەمپ، دادوەرێکی پارێزگار لە شوێنی دابنێت و بەوەش هاوسەنگیی ناو دادگاکە، لە نێوان لیبراڵ و پارێزگارەکاندا نامێنێت و رەنگدانەوەی لەسەر زۆر دۆسێی گرنگی یاسایی، بۆ ساڵانی داهاتوو دەبێت.

ئەندامانی دادگای فیدراڵیی ئەمریکی، بۆ تاهەتایی دادەمەزرێن، تەنیا ئەو کاتە ئەو پۆستە لەدەستدەدەن، کە خۆیان وازهێنان لە کارەکەیان رابگەیەنن.

دیموکراتەکان، داواکارییەکانیان بەرزکردەوە بە دەستنیشانکردنی دادوەرێک لە شوێنی گێنسبۆرگ، لەلایەن سەرۆکی داهاتووی وڵاتەوە، نەک سەرۆکی ئێستا، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رێگرتن لە دۆناڵد ترەمپ، بە دەستنیشانکردنی شوێنگرەوەی دادوەرە کۆچکردووەکە.

چاک شومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکانی ناو ئەنجوومەنی پیران، گوتی پێویستە سەرۆکی داهاتووی وڵات، دادوەرە جێگرەوەکەی گێنسبۆرگ دابمەزرێنێت.

لە کاتێکدا میچ ماکۆنێل، سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکانی ناو ئەنجوومەنی پیران، گوتی ئەنجوومەنەکەمان ئامادەیە بۆ دەنگدان لەسەر ئەو دادوەرەی، سەرۆک ترەمپ لە شوێنی گێنسبۆرگ، دەستنیشانیدەکات.

هەواڵی کۆچی دوایی دادوەرەکەی دادگای فیدراڵی کاتێک بە ترەمپ درا، کە ئەو سەرقاڵی بەشداریکردن بوو لە فیستیڤاڵێکی هەڵبژاردندا لە مینیسۆتا. ترەمپ لەوێ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەو "ژیانێکی نایاب"ی هەبوو.

لەلای خۆیەوە، جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، گوتی دەستنیشانکردنی جێگرەوەی گێنسبۆرگ، دەبێ تا دوای دەرکەوتنی سەرۆکی نوێی وڵات، دوا بخرێت.

ترەمپ: هەفتەی داهاتوو شوێنگرەوەی گێنسبۆرگ دەستنیشان دەکەم

سەرەڕای ناڕەزایی دیموکراتەکان سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دانانی دادوەرانی دادگای باڵای ئەمریکا مافێکی دەستووری سەرۆکی وڵاتە و ئەویش ئەو مافە بەکاردەهێنێت.

لە گردبوونەوەیەکی تایبەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا لە ویلایەتی نۆرت کارۆلینا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بڕگەی دووەمی دەستووری ئەمریکا ماف بە سەرۆکی وڵات دەدات دادوەرانی دادگای باڵا بەربژێر بکەن و راشیگەیاند هیچ دەقێکی دەستووری نییە کە هێندەی ئەم بڕگە دەستوورییە روون و ئاشکرا بێت.

ترەمپ گوتیشی: هەفتەی داهاتوو دادوەری دادگای باڵا ئەمریکا دەستنیشان دەکەم و لە رەگەزی مێ دەبێت.

سیمبولی قەڵاچۆکردنی جیاکاری دژی ئافرەتان

گێنسبۆرگ لە ساڵی 1999ەوە دووچاری چەندین جۆری جیاوازی شێرپەنجە بووە، بەڵام تا دوا ساتەکانی ژیان، لە کارکردن لە دادگاکەدا بەردەوامبوو.

گێنسبۆرگ، سیمبولێکی ئەمریکییانەی تەواو بوو، ئەو سەرکەوتنی بەسەر جیاکاری رەگەزی لە نێوان نێر و مێ، لە بواری پیشەی پارێزەریدا بەدەستهێنا. هەر ئەوە بووە هۆکاری سەرکەوتنی، بۆ بوونە ئەندام لە دادگای باڵای فیدراڵیی وڵات. لە ماوەی 27 ساڵی کارکردن لە دادگاکەدا، بەرگری لە یەکسانیی نێوان هەردوو رەگەز دەکرد لە چەندین دۆسێی جیاوازدا.

سەرچاوە ئەمریکییەکان، ئەو بە تووندترین بەرگریکارانی مافەکانی ئافرەتان ناودەبەن. لە چەندین دۆسێی جیاوازی جیاکاری لە نێوان هەردوو رەگەزدا، لەبەردەم دادگای باڵادا، سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. ساڵی 1993 لەلایەن بیل کلنتن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکاوە، بەئەندامی دەستەی دادوەریی باڵای ئەمریکا دەستنیشانکرا.

گێنسبۆرگ لە ماڵباتێکی سەر بەچینی کرێکار لە گەڕەکی بروکلین، لە شاری نیویۆرک لەدایکبووە، ململانێیەکانی لەگەڵ بیری دژە مافەکانی ئافرەت، لە دوای چوونیەوە بۆ کۆلێژی ماف دەستیپێکرد، لە کاتێکدا ئەو کۆلێژە کۆنترۆڵکراوی پیاوان بوو.

دوای دەرچوونی لە کۆلێژی ماف، گێنسبۆرگ بووە دووەم ئافرەت لە دادگای باڵادا کاربکات، کە نۆ ئەندامی هەیە.

پارێزەرە هاروهاجەکە

بەرلە چوونی بۆ ناو دەسەڵاتی یاسادانان، گێنسبۆرگ پارێزەرێکی هاروهاج بوو لە نیویۆرک و نیوجێرسی. ماوەیەکی کەم بەرلەوەی قۆناخی ناوەندی تەواو بکات، دایکی لەدەستدا. لە هەردوو کۆلێژی یاسای هارڤارد و کۆڵۆمبیا بۆ پێداچوونەوەی یاسا دەستنیشانکرا.

لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، لە کۆی شەش دۆسێی جیاکاری لەبەردەم دادگای باڵادا، لە نێوان هەردوو رەگەزدا، ئەو پێنجیانی بردەوە. ئەو لە چەندین بواری دیکەدا نایاب دەرکەوت، وەک دەستەبەری سەربازی و چاودێری کۆمەڵایەتی و باجی موڵکایەتی و بنەمای ئەرکەکانی دەستەی سوێندخۆران لە دادگادا.

گێنسبۆرگ بووە سیمبولێکی دیاری ئەمریکا، لەبارەی ژیان و هەوڵەکانییەوە لە بواری یەکسانیدا، چەندین بەرهەمی هونەری دروستکران، سەرەتاش لە فیلمێکی درێژ لە ساڵی 2018 بەناوی 'لەسەربنەمای رەگەز'، هەروەها فیلمی دۆکۆمێنتاری بەناوی (RGB) کە بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار لە 2018دا، بەربژێرکرا.

ئاژانسی 'رۆیتەرز' لە باسکردنی ئەودا دەڵێ بەهۆی باڵای کورت و 'جەستە لاوازەکەیەوە' زۆر کەم توندییەکانی کەسایەتییەکەی لە رووکەشدا دەردەکەوتن.

فانەکانی ئەویان ناونابوو "The Notorious R.B.G." واتە ئاڕ بی جی بەدناو، ئەمەش ناسناوی گۆرانیبێژێکی راپی ئەمریکییە.

ئەمریکییەکان چەندین وتەی نەمری ئەویان لەبەرکردووە، لە نێویاندا ئەو وتەیەی لە فیلمە دۆکۆمێنتارییەکەدا کردوویەتی و دەڵێ "من سواڵ ناکەم بۆ رەگەزەکەم وەک ئافرەتێک، بەڵکو داوا لە براکانمان دەکەم، پێیەکانیان لەسەر قوڕگمان لا ببەن".

ئەوانەی لە نزیکەوە تێکەڵیبوون، باس لە کاری بەردەوامی ئەو دەکەن لەسایەی ئەو وتەیەدا، بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی لە نێوان هەردوو رەگەز.

جەنگەکان دژ بەشێرپەنجە

گێنسبۆرگ، دەنگێکی لایەنگری دۆسێیەکانی پەیوەستدار بەئافرەتانەوە بوو، بەتایبەت لە بابەتی وەک مافی ئافرەتان لە لەباربردنی منداڵ، یەکسانی و ئەو هەروەها بەرگریکاری مافەکانی هاوڕەگەزخوازەکان بوو.

ئەو هەروەها بە بەرگریکردن لە یاسای چاودێری تەندروستی 'ئۆباماکێر' ناوبانگی دەرکرد، هەروەها پتەوکردنی مافی کەمینە نەتەوەییەکان، هەژاران و بێبەشان.

لە چەند ساڵی رابردوودا، دووچاری چەند جۆرێکی جیاوازی شێرپەنجە بوو، لە نێویاندا شێرپەنجەی کۆڵۆن کە ساڵی 1999 تووشی بوو.

ساڵی 2018 سەرکەوتنی بەسەر شێرپەنجەی سیدا راگەیاند، بەرلەوەی لە حوزەیرانی 2019دا، تووشبوونی بە شێرپەنجەی پەنکریاس ئاشکرا ببێت.

گێنسبۆرگ پێنج جار کەوتە جەنگی شێرپەنجەوە، دوایەمینیان لە سەرەتاکانی 2020دا بوو، چەندینجار بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە شێرپەنجەکانی چووە نەخۆشخانە، بەڵام بەخێرایی دەگەڕایەوە سەر کارەکەی.

لە بڵاوکراوەیەکدا لە تەمووزی ئەمساڵدا، ئەو گوتی چارەسەرەکانی 'ئەنجامی پۆزەتیڤ'یان بەدەستەوەداوە و دووپاتیکردەوە کە دەستلەکارەکانی ناکێشێتەوە.

ئەو دووپاتیکردەوە "وەک پێشتر چەندینجار گووتوومە، بەئەندامی دادگای باڵا دەمێنمەوە، تا ئەوکاتەی بتوانم کارەکەم بەتەواوی ئەنجام بدەم. هێشتا توانای ئەنجامدانی هەموو ئەرکەکانی سەرشانمم هەیە".

ئەو لە نێو ئەو دەردە تەندروستییانەشدا، هەر بە چالاک مایەوە، ساڵی 2018 لە فیلمێکی دۆکۆمێنتاریدا دەرکەوت کە پێشانیدەدات ئەو مەشقدەکات و ئاسن بەرزدەکاتەوە، لەگەڵ را‌هێنەرێکی تایبەتدا، تیشێرتێکی شینی لەبەردابوو کە لەسەری نووسرابوو SUPER DIVA

سەرۆک جیمی کارتەر، ساڵی 1980 گێنسبۆرگی کردە ئەندامی دادگای تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی. پاش 13 ساڵ، سەرۆک کلنتن ئەویکردە ئەندامی دادگای باڵا.

لەماوەی کارکردنی ئەودا لەو دادگایە، دوو ئافرەتی دیکە لە هەمان دادگادا دامەزرێنران، سۆنیا سۆتومایۆر و ئیلینا کاگان.

جارێک پرسیاری لێکرا لەبارەی ژمارەی ئەو ئافرەتانەی پێویستە لە دادگای باڵادا هەبن، گینسبێرگ بەزەردەخەنەوە گوتی 'نۆ'، ئەوەش ژمارەی کۆی دادوەرانی دادگاکەیە.

گێنسبۆرگ بەتەمەنترین ئەندامی دادگای باڵا بوو. ماوەی 27 ساڵ لەو دادگایەدا خزمەتیکردووە. جۆن رۆبێرتس، گەورەی دادوەرانی دادگاکە، لە بڵاوکراوەیەکدا گوتی "نەتەوەکەمان پایەیەکی خاوەن مێژووی لەدەستدا، لە دادگای باڵا هاوکارێکی ئازیزمان لەدەستدا، ئێمە ئەمڕۆ دڵگرانین، بەڵام متمانەمان بەوە هەیە کە نەوەکانی داهاتوو، یادی رۆس پایدر گێنسبۆرگیان بەو شێوەیە لەیاد دەبێت کە ئێمە ناسیوومانە. پاڵەوانێک کە ماندوونەدەبوو و سووربوو لەسەر دادوەری".

جەنگە یاساییەکە

ئەو بەرلەوەی گیانلەدەستبدات، قسەی زۆر لەسەر جێگرەوەکەی دەکرا و کۆمارییەکان سووربوون لەسەر دەستنیشانکردنی جێگرەوەی ئەو لە دادگاکە، لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە، بەڵام بەپێی رادیۆی 'ناشیۆناڵ بابلیک'ی ئەمریکی، رۆگێنسبۆرگ، بۆ نەوەکەی خۆی نووسیوە "ئومێدی هەرە گەورەم ئەوەیە لە کارەکەم دوور نەکەومەوە تا سەرۆکی نوێی وڵات دەستبەکار دەبێت".

لە دوای گیانلەدەستدانییەوە، جارێکی دیکە مشتومڕی جێگرەوەکەی بەگەرمی سەریهەڵدایەوە، چونکە هەندێک نائارامن لەوەی دادوەرێکی پارێزگار شوێنی ئەو بگرێتەوە.

زۆرینەی کات، دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرووەکانی ئەمریکا، لایەنی یەکلاکەرەوەی ئەو یاسایانەیە کە مشتومڕیان لەسەرە، هەروەها ململانێکانی نێوان ویلایەتەکان و حکومەتی فیدراڵی، ئەمە جیا لە پێداچوونەوە و بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو سزای لەسێدارەدانانەی، هەندێک لە ویلایەتەکانی وڵاتەکە، لە تاوانە قورسەکاندا دەیسەپێنن، لە کاتێکدا حکومەتی ئەمریکا سزای لەسێدارەدانی قەدەخەکردووە.

لە چەند ساڵی رابردوودا، دادگای باڵا سنووری هاوسەرگیری هاورەگەزەکانی فراوانکرد تا 50 ویلایەت بگرێتەوە، پشتگیری لە قەدەخەی گەشتکردنی سەپێنراو لەلایەن سەرۆک ترەمپەوە راگەیاند و پلانی ئەمریکای بۆ کەمکردنەوەی دەرچوونی کاربۆن لە هەوادا، دواخست.

ئەو یەکەم ئەندامی دادگای باڵای ئەمریکایە، سەرپەرشتی مارەکردنی دوو هاوڕەگەزخواز بکات لە مێژووی ئەمریکادا. ئەمە لە ساڵی 2013دا روویدا.

گیانلەدەستدانەکەی گێنسبۆرگ، جەنگێکی سیاسی لە نێوان دیموکرات و کۆمارییەکان، هەروەها لایەنگرانی لیبراڵیەت و پارێزکاراندا دروستدەکات، بەرلە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا.

لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ، تائێستا دوو ئەندامی ئەو دادگایەی دامەزراندووە، کە نۆ ئەندامی هەیە و بە 5 بەرامبەر 4 ئەندام، پارێزگارەکان بەسەریدا زاڵن.

ئەگەر سەرۆک، دادوەرێکی دیکە دەستنیشان بکات، پێویستە ئەنجوومەنی پیران رەزامەندی لەسەر دادوەرەکە بدات. لە کاتێکدا سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکانی ئەنجوومەنەکە، ئامادەیی بۆ دەنگدان لەسەر بەربژێری سەرۆک بۆ جێگرتنەوەی گێنسبۆرگ راگەیاندووە.

بایدن تووند لەسەر ئەو هەوڵەی کۆمارییەکان وەستایەوە، ئەو گوتی "با روونی بکەمەوە و هەمووان بزانن، هیچ گومان نییە کە دەبێ دەنگدەران سەرۆکی نوێ هەڵببژێرن و سەرۆکی نوێش دادوەرە نوێیەکە دەستنیشان بکات و ئەنجوومەنی پیرانیش دەبێ لە دادوەرەکە نوێیە بڕوانێت".

میراتەکەی گێنسبۆرگ

بەدرێژایی کاروانی درەوشاوەی یاسایی کە شەش دەیەی خایاندووە، گێنسبۆرگ، پێگەیەکی بێوێنەی وەک مافپارێزێک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەدەستهێناوە، رێزی لێبراڵەکان و پارێزکارەکانی وەکو یەک بەدەستهێناوە.

بەتایبەت ئەمریکییە لیبراڵەکان زۆر خۆشیاندەوسیت، ئەمەش بەهۆی ئاراستە پێشکەوتنخوازەکانی لە چەندین بابەتی کۆمەڵایەتیدا، کە بووە هۆی دابەشبوونی خەڵک لەسەریان و بەهۆی نەبوونی کۆدەنگییەوە، ئاراستەی دادگای باڵا کران بۆ یەکلاکردنەوەیان، وەک مافەکانی لەباربردن و هاوسەرگیریی هاوڕەگەزەکان.

گێنسبۆرگ لە باوانێکی جووی کۆچکردوو بۆ برۆکلین لەدایکبووە، کۆلێژی مافی لە زانکۆی هارڤارد تەواوکردووە، یەکێک بوو لەو نۆ ئافرەتەی بەتەنیا لە نێو نزیکەی 500 کوڕدا بوون لە کۆلێژەکە.

ئەو یەکەمی نێو دەرچووانی ساڵەکەی خۆی بوو، کەچی هیچ کارێکی پێنەدرا، بەڵام ئەو لە کارکردن لە چەندین شوێنی جیاوازدا وەک پارێزەرێک بەردەوامبوو.

ساڵی 1972 بەشداربوو لە دامەزراندنی پرۆژەی مافەکانی ئافرەت لە یەکێتیی ئەمریکا بۆ ئازادییە سڤیلەکان، هەمان ساڵ بووە مامۆستای جێگیر لە کۆلێژی مافی زانکۆی کۆڵۆمبیا.

ساڵی 1980 بەربژێرکرا بۆ ئەندامیەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر ناوچەی کۆڵۆمبیا، ئەمە وەک بەشێکی کاری سەرۆک جیمی کارتەر بۆ فرەکردنی دادگا فیدراڵییەکان.

هەرچەندە ئەو زۆرجار وەک لیبراڵێکی تووند ئاماژەی بۆ دەکرا، بەڵام رۆژانی ئەو لە دادگای تێهەڵچوونەوە، بەمیانڕەو دەرکەوت. گێنسبۆرگ لە کۆتاییەکانی ژیانیدا بووە سیمبولێکی نیشتمانی، ئەمەش بەهۆی توانەوەی بەرهەڵستکارەکانی.

ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستیهێنان، ئەویانکردە سیمبولی ئافرەتە گەنجەکانی وڵاتەکەی.

کاردانەوەکانی پاش مردنەکە

سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکا، سیاسیە قاڵەکان و گەورە یاسادانەران، لە نێو ئەوانەدابوون کە رۆژی هەینی دڵتەنگی خۆیان بۆ کۆچی گێنسبۆرگ دەربڕی. ئەوان ئاماژەیان بەسەرکەوتن و پابەندی و خەڵاتەکانی کرد.

جیمی کارتەر، سەرۆکی پێشووتر ئەوی بە 'ئافرەتێکی مەزن' ناوبرد، نووسینگەکەی لە بڵاوکراوەیەکدا گوتی "عەقڵی یاسایی و بەرگریکەری بەهێزی یەکسانییەکانی نێوان هەردوو رەگەز بوو، مەشخەڵێکی یەکسانی بوو لە رێگەی ژیانە درێژ و نایابە پیشەییەکەیەوە، شانازم بەوەی لە ساڵی 1980دا بە ئەندامی دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەمریکا دەستنیشانمکرد".

جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆکی پێشووتر، پەسنیکرد بەهۆی "هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و یەکسانی". ئەو زیاتر گوتی گێنسبۆرگ "ئیلهامبەخشی زیاتر لە نەوەیەکی ئافرەتان و کچان بوو".

هیلاری کلنین دانیبەوەدانا کە گێنسبۆرگ، ئیلهامبەخشی کەسیی ئەو بووە.

سیاسەتڤانە پارێزگارەکانیش رێزیان لە کارەکانی ئەونا. لیندسی گراهام، سیناتۆری کۆماری گوتی "هەواڵەکە دڵتەنگی کردم". زیاتر گوتی "ئەو دادوەرێکی پێشەنگ و خاوەن خۆشەویستی بوو بۆ دۆسێیەکانی، شەرەفمەندانە و نایاب وەک ئەندامێکی دادگا، کاریکرد".

هەرچی ئیریک ترەمپ، کوڕی سەرۆک ترەمپە، گوتی "گێنسبۆرگ ئافرەتێکی نایابی خاوەن ئەخلاقیاتی مەزن بوو". ئەو لە 'توویتەر' نووسی "ئەو بەمتمانەوە شەڕی راستەقینەی دەکرد و من زۆر رێزی لێدەگرم، هیوادارم بەئاسوودەیی سەر بنێتەوە".


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif