ڕێنواز نامیق، ژیان لە فەرهەنگدا

ليست هناك تعليقات


ئەو کاتەی باس لە هونەری شێوەکاری دەکەین، مەرجە پەیوەندی نێوان ڕەنگ و دیمەنەکان خوێندنەوەیان بۆ بکرێت، مەرجە ورد و درشتی پەیوەندییەکانی نێوان ڕەنگ و خەون و فڵچە و تەختی تابلۆ، تاوتوێ و شەن و کەو بکرێن.

چۆن دەتوانین شاکارە هونەرییەکان لە کارە ئاساییەکان جیا بکەینەوە؟

ئالێرەوە ئەرکی خوێندنەوەی تابلۆکان دەست دەستپێدەکات تا ئێمەی بینەر بە دنیابینی هونەرمەند ئاشنا بکات.


نکوڵی ناکرێت لەوەی لە ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمدا، پاش تێپەڕبوونی نزیکەی 50 ساڵ بەسەر تەمەنی مۆدێرنەدا، دەیان ڕێبازی هونەریی لە جیهانی شێوەکاریدا هاتنە ئاراوە ، کە دەکرێت بگوترێت لەو کاتانەوە، بەکارهێنانی هەندێک مەتریاڵ لەم ژانرە هونەرییەدا جۆرێک بووە لە سەرکێشیی هونەرمەند، یانیش بڵێین، دیدی خودی هونەرمەندان لەسەر فۆرم و ناوەڕۆکی تابلۆ، پرسیارگەلێکی زۆری بە دوای خوێدا هێناوە، لە کاتێکدا لە هەر یەکێک لەو ڕێبازانەدا هێندەی توانراوە توخمەکانی ناو تابلۆ پارێزراون کە هەر هەمووشیان پێکەوە ئیستاتیکا لە چاوی بینەردا پێکدەهێنن، بە ئەندازەیەک دەشێت تابلۆیەک لەوپەڕی دنیاوە توانیبێتی ڕێچکەی هونەریی لەمپەڕی دنیادا بگۆڕێت، یان پەرەی پێدابێت.


ڕێنواز نامیق، هونەرمەندی شێوەکار

ئەزموونە هونەرییەکان زۆرن و بە بەرنامەیەک و دووان و سیان ناتوانرێت کۆتاییبهێنرێت بە باسکردنی ئەزموونەکانی هونەرمەندان.

بێگومان هونەری شێوەکاری هێندە گرنگە کە دەکرێت وەک بەشێکی دانەبڕاوی شارستانییەکان سەیر بکرێت، بەڵام تێگەیشتن و چێژ وەرگرتن لەم هونەرە، شتێکی خۆڕسکانە نییە، لەو سۆنگەیەوەی ناتوانرێت بە خێرا تەماشاکردنێک هەرچی مانا و باسەکانی ناو تابلۆیەک هەن، لە هزردا کۆیبکەینەوە.


لەبیرمان نەچێت، تێگەیشتن لە تابلۆیەک هیچی کەمتر نییە لە تێگەیشتن لە کتێبێک.

زۆر جار لە پێشانگاکاندا کاتێک لە تابلۆیەکی بۆ نمونە ئەبستراکت ڕادەمێنیت، گوێت لە قسەی بینەرێکی ئەو پێشانگایە دەبێت و دەڵێت "نازانم بۆ ئەمە ناونراوە هونەر، هەموو کەسێک دەتوانێت ئەم کارە بکات." بەڵام ئایا وایە؟

کاتێک پرسیار لەو بینەرە دەکەیت، ئایا دەتوانێت باست لە مۆدێرنە یان لە هەر ڕێبازێکی تری هونەریی بۆ بکات، یان باست لە کارکردن بۆ بکات لەو واڵاییە ئازد و کراوەیەدا کە چ مانا و بەهایەکی هەیە، بە دڵنیاییەوە دەڵێم نا، ناتوانێت نە قسەی لەسەر بکات و نە پاساوێکی بابەتیانەشی هەبێت بۆ ئەو جۆرە لێدوانانەی. بۆچی؟ چونکە ئەو جۆرە بینەرانە لە ئەرکی بینەر تێنەگەیشتوون.


لێرەدا گرنگە بزانرێت لە تابلۆ هونەرییەکاندا، هونەرمەند چۆن کاری لەسەر دروستکردنەوە و داڕشتنەوەی ماناکان کردووە بەو شێوازەی خودی هونەرمەند خۆی بڕوای پێیەتی، جا ئا لێرەوەیە کە پەیوەندییە ئۆرگانییەکانی نێوان هونەرمەند و بینەر دروست دەبن، ئەم پەیوەندییە ئۆرگانیەشە دەبێتە یەکێک لەو هۆکارانەی وەها دەکەن، بینەر لە تابلۆ هونەرییەکاندا بە شوێن مانای تریشدا بگەڕێت.

ئایا لە هونەری شێوەکاریی کوردیدا، توانراوە مانای نوێ بۆ ژیان بخرێتە بەردەم بینەرانی؟

ئایا مەرجە لە تابلۆکاندا شانبەشانی هونەری هاوچەرخانە، ڕەسەنایەتی پارێزراوبێت؟

ئایا تابلۆکان دەتوانن خۆیان وەک ڕووبەرێک بۆ خەیاڵی مرۆڤی بیرکەرەوە بناسێنن؟


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif