لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسەکە، لەگەڵ ئەوەی دەروازە سنوورییەکان بەڕووی جموجوڵە بازرگانییەکاندا دانەخران، بەڵام بەهۆی سستی بازاڕەکانی هەرێم دەروازەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیش خاوبوونەوەیەکی زۆریان بەخۆیانەوە بینی، بەڕێوبەری گشتیی گومرگی هەرێمیش دەڵێت، ئێستا دۆخەکە باشترە و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەڕێژەی %20 زیادیکردووە.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوبەری گشتیی گومرگی هەرێم، بەئێستای وتوە"لەدوای ئەوەی ڕێکارەکانی بەرەنگاریى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە کەمکرایەوە و جموجوڵ کەوتە بازاڕەکانی ناوخۆ، ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە و بوژانەوەش لەو کەرتەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەدیدەکرێت".
بەڕێوبەری گومرگی هەرێم ڕایگەیاند، ناتوانین بڵێین جموجوڵە بازرگانییەکان وەکو پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێهاتووەتەوە، چونکە کاریگەریی ڤایرۆسەکە تاوەکو ئێستا لە بازاڕەکاندا هەیە و هاوڵاتییان تەنها ئەو شتانە دەکڕن کە زۆر پێویستییانە، بۆیە کاتی پێویستە تاوەکو هەموو شتێک ئاسایی دەبێتەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش وەکو پێشتری لێبێتەوە.
سەبارەت بەوە ڕێژەیەی کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان زیادیکردووە، ساماڵ عەبدولڕەحمان دەڵێت، "لەسەر ئاستی هەرێم و بۆ سەرجەم پارێزگاکان بە ڕێژەی %20 ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیادیکردووە، ئەمەش بەپێی پارێزگاکان هەریەکەیان بەو ئاستەی خۆی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و بە تێکڕا ئەو ڕێژەیە لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە".
"ئێستا سەرجەم کاڵا و کەلوپەلەکان بەبێ سانسۆر هاوردە دەکرێن. ڕێگری لە هێنانی هیچ کاڵایەک ناکرێت، جگە لەو کاڵا و کەلوپەلانەی کە لەلایەن حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە قەدەغەکراون کە ئەوانەش بەدەر لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێش بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسەش حکومەت هاوردەکردنی قەدەغە کردوون" بەڕێوبەری گومرگی هەرێم وایوت.
لە ماوەی ڕابردوودا و بەهۆی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان، بازاڕەکانی هەرێم بەشێوەیەکی گشتی سستییەکی زۆریان پێوەدیاربووە، ئەویش بەهۆی ترس لە ڤایرۆسەکە و ناهاتنەدەرەوەی هاوڵاتییان لە ماڵەکانیان و ڕاگیرانی دەوامی فەرمانگە و خوێندنگە و زانکۆکان، ئەمەش جموجوڵە بازرگانییەکانی تا ئاستێکی زۆر هێنایە خوارەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق