کۆمپانیای ئەپڵ ئایفۆن 12ی رانەگەیاند

ليست هناك تعليقات


کۆنگرەی ساڵانەی کۆمپانیای ئەپڵ بۆ ئەمساڵی 2020 کۆتاییهات، بەڵام کۆنگرەکە زۆرینەی هەوادارانی کۆمپانیاکەی بێئومێد کرد کە چاوەڕێبوون ئایفۆن 12 ببینن و کۆمپانیاکە راینەگەیاند.

لە کۆنگرەکەدا هەندێک بەرهەمی نوێی کۆمپانیا ئەمریکییەکە خرانەڕوو، بەڵام زۆرینەی بەرهەمەکان وەک ئەوەی شارەزایانی ئای تی دەڵێن، لە ئاستی چاوەڕوانییەکاندا نەبوون.

کۆنگرەکە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کرا و تیم کوک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەپڵ، باسی لە بەرپرسیارێتیی کۆمپانیاکەی لە بەرامبەر بەکارهێنەراندا کرد و ئاشكرایکرد لە کۆنگرەی ئەمساڵدا تەنیا دوو بەرهەمی نوێی کۆمپانیاکە دەخرێنەڕوو کە بریتین لە کاتژمێرێکی ئەپڵ و ئامێرێکی ئایپاد.

کاتژمێرە نوێیەکە کە بە ناوی "Watch Series 6"ـە، بەشێوەی سەرەکی سەرنجەکانی لەسەر لایەنی تەندروستی چڕکردووەتەوە، بەتایبەت زیادکردنی پێوانەکردنی ئاستی ئۆکسجینی لەشی مرۆڤ.

پێوانەکردنی رێژەی ئۆکسجین لەنێو لەشی مرۆڤدا، بۆ ئێستای مرۆڤایەتی بە کارێکی گرنگ دادەنرێت، چونکە هەرکەسێک بەهۆی بەربڵاویی کۆرۆناوە، پێویستی بە زانینی رادەی ئۆکسجینی ناو لەشی هەیە، بەتایبەت ئەوانەی دووچاری پەتاکە بوون. تایبەتمەندیی پێوانەکردنی ئۆکسجین لە کاتژمێرەکەی ئەپڵدا، لە رێگەی نۆتیفیکەیشنەوە، بڕێ رێژەی ئۆکسجین بۆ بەکارهێنەرەکەی دەنێرێت، ئەمەش بەهەنگاوێکی باش بۆ پاراستنی گیانی خەڵک دادەنرێت.

ئەپڵ نرخی کاتژمێرە نوێیەکەی بە 399 دۆلار راگەیاندووە و لە هەینی داهاتووەوە لە بازاڕەکاندا بەردەست دەبێت.

دووەم دیارترین بەرهەمی کۆنگرەکەی ئەپڵ، ئامێری نوێی "ئایپاد ئێر" بوو کە تابلێتێکی نوێی زنجیرەکانی ئایپادە، لەسەر هەمان دیزاینی پێشوو دروستکراوەتەوە لەگەڵ زیادبوونی خێراییەکەی کە بە رێژەی 40٪ زیادیکردووە.

ئایپادە نوێیەکە پێنووسی لەگەڵدایە و نەوەی هەشتەمی ئەو ئامێرەیە کە نرخەکەی 599 دۆلارە.

کۆنگرەکە لەلایەن کوکەوە کۆتاییپێهێنرا، بەبێ ئەوەی ئایفۆن 12 بخاتە روو کە چاوەڕوانییەکی زۆری جیهانی لەسەربوو. کوک هیج وادەیەکی بۆ خستنەڕووی ئایفۆن 12 رانەگەیاند.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif