ئێران 10 هێندەی بڕی رێگەپێدراو، یۆرانیۆمی پیتاندووە

ليست هناك تعليقات


ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند ئێران زیاتر لە 10ھێندەی ئەو بڕە یۆرانیۆمە پیتێنراوەی لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بۆی دیاریکرابوو، بەرھەمھێناوە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم (IAEA) رایگەیاند "ئێران دوو هەزار و 105 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی خەزنکراوی هەیە".

ئەو راگەیاندنەی ئاژانسەکە دوای ئەوەی دێت، ئێران رێگەی بە پشکنەرانی ئاژانسەکە دا بچنە یەکێک لە دوو بنکەی گوماناویی ئەتۆمی لە ئێران، ئاژانسەکە نموونەی لە یەکێک لەو بنکانە وەرگرتووە و پشکنینی بۆ کردووە و دەڵێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا، نموونە لە بنکە ئەتۆمییەکەی دیکەش وەردەگرێت.

هەرچەندە ئێران، سوورە لەسەر گوتەکانی، کە دەڵێت یۆرانیۆمی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیخوازییە، ساڵی رابردوو بە ئەنقەست و بە ئاشکرا پاشگەزبوونەوەی خۆی لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە راگەیاند، کە لە ساڵی 2015 لەنێوان ئێران لەگەڵ: چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، رووسیا، بەریتانیا و ئەمەریکا واژۆکرا.

پاشگەزبوونەوەکەی ئێران بەجۆرێک بوو، ئەو وڵاتە یۆرانیۆمی پیتێنراوی زیاتری بەرهەمهێناوە لەوەی رێگەیپێدراوە، بەڵام ئەو رێژەی پیتێنراویی یۆرانیۆمەکەی ئێران، کەمترە لەوەی پێویستە بۆ بەکارهێنانی لە چەکی ئەتۆمی.

ئەو هەنگاوەی ئێران لەدژی ئەوە بوو؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشاندەوە و سزای زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند.

بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، ئێران پێویستی بە بەرهەمهێنانی هەزار و 50 کیلۆگرام یۆرانیۆمە کە بەڕێژەی 3.36٪ پیتێنرابێت، بەڵام دواتر پێویستی بەوەیە یۆرانیۆمەکە بەڕێژەی 90٪ یان زیاتر، بپیتێنێت.

شارەزایانی وزەی ئەتۆم دەڵێن: ئەگەر ئێران بەنیازیش بێت یۆرانیۆم بەڕێژەیەکی زیاتر بپیتێنێت، ئەوا پیتاندنی یۆرانیۆم بەو رێژە زۆرە، کاتێکی زۆری دەوێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif