فراكسیۆنی گۆڕان لە عێراق: گوێ نەگرتن دەمانگەیەنێتە بنبەست

ليست هناك تعليقات


فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیەنراوێكیان بلاوكردۆتەوە گە تیایدا هاتوە: گوێ نەگرتن لە داواكارییەكانی بنكەی جەماوەری گۆڕان و شەقام،لەگەڵ بڕیار بەدەستانی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان دەمانگەیەنێتە بنبەست


دەقی بەیاننامەی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق:

هاونیشتیمانیانی ئازیز..

وا بۆ جارێکی تر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ناردنی 320 ملیار دینار لە بەغدا و سەرباری فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ بێ ناردنی یەک دینار و یەک بەرمیل نەوت بۆ بەغدا، جارێکی تر دوای دواکەوتنی زیاتر لە چل ڕۆژ، دەستی بردەوە بۆ بڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.

هەمو ئەمانەش لە کاتێکدایە کە تا ئێستا نە داهاتی نەوت،نە داهاتی ناوخۆی هەرێم (داهاتی دەروازە سنورییەکان و باج و رسومات) شەفاف نین و، بەپێی زانیارییەکانمان هەریەک لەم داهاتانە زۆر زیاترن لەو بڕەی ڕاگەیەنراوە.

دەسەڵاتی هەرێم بە هۆی بەردەوام بونی لە هەنگاوە چەوتەکانی رابردوی نەک هەر ناتوانێ ئەرکەکانی بەرامبەر هاونیشتیمانیان جێبەجێ بکات، بەڵکو پێگەی سیاسی و دەستوریی هەرێمی لە عێراق و بەرامبەر دراوسێکانی تا ئاستی وابەستەیی لاواز کردوە. دڵنیاشین بەم شێوەی ئێستای و بێ راست کردنەوەی هەڵە کوشندەکانی، هەرێم ناتوانێ ڕێکەوتنێکی دور مەودا و یەکجاری لەگەڵ بەغدا بکات کە لە بەرژەوەندیی خەڵک دابێ.

ئەوەی جێگای نیگەرانیی قوڵی ئێمە و جەماوەرە دڵسۆزەکەمانە، ئەو بەشدارییە شەرمنانەیەی ئێستای گۆڕانە لەم دەسەڵاتە شکستخواردوەی هەرێم و، دەستەوەستان و بێدەنگیی نوێنەرەکانێتی لەناو حکومەتدا لە بەرامبەر ئەجێندا دژە خەڵکەکەی دەسەڵاتی هەرێم.

ئەم دۆخەی ئێستای گۆڕان جا چ لە تەقلیدی کردنەوەی کەرەستەکانی حیزبایەتی و گوتارە رەسمییەکەی و، چ لە شێوازی بەشداریی لە دەسەڵات، بوەتە مایەی نیگەرانی و توڕەییەکی گەورەی جەماوەری ناڕازی کە جاران پشتیوانی سەرەکی بون لێی. هەمو ئەمانەش بونەتە هۆی ئیحراجییەکی گەورەی ئێمە بەرامبەر بە دەنگدەرانمان.

ئەمانە هاوکاتن لەگەڵ داخورانی شەرعییەتی دامەزراوەکانی بڕیاردانی گۆڕان لە ئەنجامی دواخستنی بەردەوامی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و کۆنفڕانسی نیشتیمانیی گۆڕان.

لێرەوە و لە روانگەی بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر خەڵکی کوردستان و جەماوەری ناڕازی و گۆڕانخوازان ، داوا دەکەین کە:

1. بە زوترین کات گۆڕان لەم بەشدارییە بێکاریگەریەی لە دەسەڵات بکشێتەوە و روبکاتەوە جەماوەرەکەی و، لەگەڵ سەرجەم هێز و کەسایەتییە چاکسازیخوازەکانی دیکەی هەرێم، دژی بێدادی و بەردەوامیی گەندەڵی و سەروەرنەبونی یاسا فشاری جدی دروست بکەنەوە.

2. بە زوترین کات لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی، شەرعییەت بۆ سەرجەم ئۆرگانەکانی گۆڕان بگەڕێنرێتەوە و نوێ بکرێنەوە. هەروەها لەڕێی ئەنجامدانی کۆنفڕانسی نیشتیمانی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان، گۆڕان کێشە گشتی و تایبەتییەکان بخاتە ناو گفتوگۆی ئەندام و دڵسۆزانی و، جارێکی تر بە گوڕوتینێکی نوێوە درێژە بە ئەرکە سەختەکانی لە هەرێمی کوردستان بدات.

بەپێچەوانەوە و گوێنەگرتن لەو داواکاریانە کە بە دیدی ئێمە داواکاریی زۆرینەی هەرە زۆری بنکەی جەماوەریی گۆڕان و شەقامە، لەگەڵ بڕیاربەدەستانی ئێستای گۆڕان دەمانگەیەنێتە بنبەست.

جەماوەر ی گۆڕانخوازی خۆشەویست..
ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان هەمومان بەردەوامین لەسەر ئەو بەڵێنانەی لە هەڵبژاردنەکانی 2018 بۆ بەدەستهێنانی متمانەتان داومانە و، دژی هەر لادانێک دەبین لە پرەنسیپە بنچینەییەکانی گۆڕان بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی کەرامەتمەندانە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم و، بەردەوامین لەسەر ئەو
ئامانج و بەڵێنانەی کە لە سەرەتاوە گۆڕان بە خەڵکی کوردستانی داوە.

فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
20/ 8/ 2020

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif