مامۆستایەك لەسەر ئەم دیاردەیە نامەیەك ئاراستەی وەزیری پەروەردە دەكات

ليست هناك تعليقات


مامۆستا ئالان تۆفیق ساڵح، نامەیەك ئاراستەی وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرئم دەكات سەبارەت بە دیاردەیەكی ناتەندروست كە وا دەكات بازرگانیانە مامەڵە لەگەڵ خوێندن و پەروەردەدا بكرێت و ئە مەش زیان بە داهاتووی ڕەوشی خوێندن و پەروەردە دەبێت
لە نامەكەدا م.ئالان تۆفیق دەڵێت:  ناوزەد کردنی قوتابیە دە یەکەمەکە بەسەرکەوتوو و بایەخدانێکی زیاد لە ڕادە پێیان حاڵەتی دەروونی خراپ بۆ خوێندکارەکانی ترو خێزانەکانیان دروست دەکات و دوور نیە کارەساتی لێنەکەوێتەوە.

دەقی نامەی مامۆستا ئالان تۆفیق

 نامەیەکی کراوە بۆبەڕێز وەزیری پەروەردە
پاش ڕێزو سڵاو..
بەڕێزان هەموو ساڵێک لەدوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی وزاری پۆلی ١٢ ، هەندێک مامۆستاو پەیمانگای نا حکومی هەڵدەستن بە بڵاوکردنەوەو پڕوپاگەندە کردن و جۆرێک لە شانازی کە گوایا یەکەمەکە لای ئەو مامۆستا وانەی تایبەتی خوێندووە یاخود لە پەیمانگاکەی ئەودا وانەی پێوتراوەتەوە، کە ئەمە وەکو دیاردەکی لێهاتووەو نابێت چی تر بەڕێزتان بێدەنگ بن لێی چونکە لەچەند ڕوویەکەوە کێشەدارە:
١- نادیدە گرتنی هەوڵ و ماندوو بوونی دەیان و سەدان مامۆستاکە ئەوقوتابییەیان پێگەیاندوەو پەروەردە کردووە لەیەکەم ڕۆژییەوە کە چۆتە باخچەی ساوایان هەتاوەکو پۆلی دوانزدە ، لەولاوە مامۆستایەک دێت و بێویژدانانە هەموو ماندوبوونەکانی ئەوان سفردەکاتەوەو خۆی دەکاتە پاڵەوان.
٢- بڵاوکردنەوەی تەنها نمرەی قوتابی نمرە بەرزو شاردنەوەی نمرە نزمەکان خۆی لە خۆیدا خۆڵ کردنە چاوو هەڵخڵەتاندنی تێدایە، ئەگەر نا با ئەو مامۆستایە یاخود پەیمانگایە نمرەی هەموو قوتابییەکانی بڵاوبکاتەوە یاخود ڕێژەی سەدی دەرچون و دەرنەچوون، کە ئەمەش دوورە لە ئاکاری مامۆستاو پەیامە پیرۆزەکانی کاری مامۆستایەتی.
٣ـ هەندێک مامۆستا تەنها نمرەی پەیمانگا ئەهلییەکەی یاخود قوتابیە تایبەتەکەی بڵاودەکاتەوەو قوتابخانە حکومییەکەی فەرامۆش دەکات کە ئەمەش بێبایەخکردنی قوتابخانەی حکومییەو ڕیکلامێکی بازرگانی بێ مۆڕاڵە بۆ خۆی و قوتابخانە ناحکومییەکان.
٤ـ ناوزەد کردنی قوتابیە دە یەکەمەکە بەسەرکەوتوو و بایەخدانێکی زیاد لە ڕادە پێیان حاڵەتی دەروونی خراپ بۆ خوێندکارەکانی ترو خێزانەکانیان دروست دەکات و دوور نیە کارەساتی لێنەکەوێتەوە.
بەڕێزان هەرلەم چوارچێوەیەدا حەز دەکەم بابەتێکی تر باسبکەم کە ئەمیش ساڵانە دووبارە دەبێتەوەو خەریکە دەبێتە دیاردەکەئەویش وەرگرتنی قوتابیە لە خوێندنگە ئەهلییەکان.
بەڕێزان ، ساڵانە لەکاتی وەرگرتنی قوتابی لە خوێندنگە ئەهلییەکاندا دوو دیاردەی خراپ ڕوو دەدەن:
١- زۆرێک لە خوێندنگەو پەیمانگا ئەهلییەکان تەنها خوێندکاركی نمرە بەرز (سەرو ٩٠) وەردەگرن کە ئەمە بۆخۆی جیاکاری و لەدەستدانی هەلی یەکسانە بۆ قوتابیان ، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە باشتروایە ڕێژەی وەرگرتنی خوێنکار بەپێی نمرەکان دیاریبکرێت ، بۆ نموونە ئاستی نمرەی٥٠-٦٠ ڕێژەی ٢٠٪ ی خوێندکارانی ئەو قوتابخانە ئەهلیە پێکبهێنن وەهەروەها بۆ ٦٠- ٧٠ و هەتا کۆتایی، وەچاودێری وردی ئەو قوتابخانانە بکرێت سەبارەت بە پابەند بوونیان.
٢- هەموو ساڵێک ئەو قوتابخانەوپەیمانگا ئەهلییانە ڕیکلام ئەکەن بۆ وەرگرتنی ئەو خوێندکارانەی کە نمرەیان لەسەرو ٩٥ ەوەیە بە خۆڕایی کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەتاڵ بوونی قوتابخانە حکومییەکان لە خوێندکاری ئاست بەرز و کەم بوونەوەی کێبڕکێ لەناو پۆلی قوتابخانە حکومییەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دوو ڕێگا هەیە :
١- ڕێگری کردن لەو قوتابخانە ناحکومییانە کە خوێندکاری نمرە بەرز بە خۆڕایی وەربگرن.
٢ـ دەرکردنی یاسا یاخود ڕێنمایی کە ڕێگە بگرێت لە خوێندکار کە لە پۆلی ١٢ وە لە قوتابخانەی حکومییەوە بگوازرێتەوە بۆ ئەهلی .

           لەگەڵ ئەوپەڕی هیوای سەرکەوتن بۆ بەڕێزتان

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif