ئەمە گەورەترین گەندەڵی ڕۆژانەیە لە عێراقدا

ليست هناك تعليقات


لەوکاتەوە جووڵەکانی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە لوتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکاردا روون بووەتەوە، دەرکەوتووە کە بابەتە ئابوورییەکان، پێشینەی کارەکانی کازمییە، بەتایبەت کە فۆکەسی زۆری لەسەر چوار دۆسێی سەرەکی کردووە کە بریتین لە: رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکان، لەناوبردنی گەندەڵی، هەڵوەشاندنەوەی قەڵەمڕەوی گرووپە چەکدارییەکان بەسەر دەروازەکاندا و پشتگیریکردنی پیشەسازیی ناوخۆیی.

هەرچۆنێک دەست بۆ ئەو دۆسێیانە ببرێت، دواجار رێگەی هەموویان دەچێتەوە بەردەرگای بانکی ناوەندیی عێراق، بەتایبەت لە پرۆسەی "هەڕاجی رۆژانەی دراو" یان ئەوەی بە خستنەڕووی رۆژانەی دۆلار لە عێراقدا ناودەبرێت. بۆ گەیشتن بەو رێگایانەی دواجار دەگەنە بەردەم دەرگای بانکی ناوەندیی عێراق، کازمی پێویستی بەهاوکاریی عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق هەیە.

سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن ئەو دوو پیاوە (کازمی و عەلاق) پەیوەندییەکی تووندوتۆڵیان هەیە، ئەمەش دەبێتە ئاسانکاریی بۆ سەرکەوتنی کازمی لەو پلانەدا کە دەیەوێت دەستی بۆ ببات.

هێشتا ئاسۆی سەرکەوتنی کازمی لەو دۆسێیەدا،دەرنەکەوتووە، بەتایبەت کە ئەندامانی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، باسی ئەوە دەکەن بانکی ناوەندیی عێراق، سوود لە خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی وەردەگرێت "وەک دەستەیەکی سەربەخۆ"، لە کارلێک نەکردن لەگەڵ ئەو کێشانەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن دەیوروژێنن.

بیرۆکەی سەرەکی بابەتی هەڕاجکردنی پارە، بریتییە لە پرۆسەیەکی رۆژانە کە تێیدا بانکی ناوەندیی عێراق، دۆلار بە بانکە ئەهلییەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەفرۆشێت، لەپێناو بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەناردەکردنی کاڵا بازرگانییەکاندا بۆ ناو عێراق. ئەم پرۆسەیە رۆژانە بەشێوەیەکی جێگیر لە 180 ملیۆن دۆلاردا خۆی دەبینێتەوە.

پرۆسەکە بۆ ئەوەیە بانکی ناوەندی، رۆژانە بڕێکی بەرچاوی دۆلار بخاتە بازاڕەکانی عێراقەوە، بەنرخی جێگیری 118 هەزار دیناری عێراقی بەرامبەر هەر 100 دۆلاری ئەمریکی، ئەمەش جیا لە دەستەبەرکردنی بوونی دراوی قورس بەدەستی بازرگانەکان، هێشتنەوەی بڕی بەرچاوی دۆلار لە بازاڕی دراوی عێراقیدا مسۆگەر دەکات و بەوەش هەڵچوون و داچوونی گەورەی نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقیدا، رادەگرێت.

پرۆسەکە لەسەرەتاوە بۆ سوودگەیاندن بە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دراو هێنراوەتە ئاراوە، بەڵام ماوەیەکی بەرچاوە گومان لە چەندین کەسایەتی سیاسیی دەسەڵاتدار دەکرێت، بەڕاوەستانەوە لە پشت ئەو بانکانەوە، کە رۆژانە بڕی زۆری دۆلار لە بانکی ناوەندی دەکڕنەوە و بۆ کاری گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە بەکاریدەهێنن.

بانکە ئەهلییەکان، هەموو رۆژ دۆلار بەنرخێکی جێگیر دەکڕنەوە، لە کاتێکدا بەنرخی بازاڕ دەیفرۆشنەوە و ئەوەش وا دەکات ئەوان بۆ فرۆشتنەوەی هەر سەد دۆلارێک، لانی کەم پێنج هەزار دیناری عێراقی قازانج بکەن. گەندەڵییە گەورەکە لێرەدا نییە کە پارەکەی بانکی ناوەندی بەتەنیا بە چەند بانکێکی ئەهلی دیاریکراو دەفرۆشرێت کە سەر بە بەرپرسە باڵاکانی وڵاتن. بەڵکو لێکۆڵینەوە ئەمریکییەکان گومانیان لە پرۆسەی زۆر گەورەتری گەندەڵی لەو پرۆسە رۆژانەیەی "هەڕاجی دۆلاردا هەیە".

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، پێشتر چەندین بانکی عێراقی - کە لە هەڕاجە رۆژانەکەدا بەشدارن- لە لیستی سزاکانی خۆیدا داناوە و گومانی گەورەی لە کارەکانیان هەیە.

پسپۆرانی ئابووری دەڵێن خستنەڕووی رۆژانەی دۆلار، بووەتە سەرچاوەی بەتاڵانبردنی دۆلار لە عێراقدا و کارەکە لەلایەن چەند بانکێکی دیاریکراوەوە دەستیبەسەردا گیراوە و قازانجی گەورەی تێدا دەکەن. زۆرینەی ئابووریناسەکان پێیانوایە ئەو پرۆسە رۆژانەیە کە لە 2003ەوە دەستیپێکردووە، تائێستا فرۆشتنی زیاتر لە 500 ملیار دۆلاری لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە تێدا کراوە. ئەوەش پارەیەکی خەیاڵی، خستووەتە بەردەستی بانکە مۆنۆپۆڵکارەکانی پرۆسەی کڕینەوەی دۆلار.

واشنتن و رێکخستنی هەڕاجی دۆلار

بابەتی هەڕاجکردنی رۆژانەی دۆلار، جێگەی گومان و پرسیارە، بەتایبەت کە زۆرجار ئەوە دووبارە دەبێتەوە، کە واشنتن توانای رێکخستنی جوڵەی دارایی بانکی ناوەندیی عێراقی هەیە، چونکە هەموو حەواڵەکردنێکی گەورەی پارە بۆ ئەو بانکە، لە رێگەی بانگی فیدراڵیی ئەمریکییەوە دەکرێت.

نزیکەکانی ئێران، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، بە لەبەرچاوگرتنی وەڵامدانەوەی خێرای بۆ هەر بڕیارێکی سزادانی ئێران، کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا بەرامبەر ئەو وڵاتە دەریدەکات، بەتایبەت ئەو بڕیارانەی سەرکردەی گرووپە میلیشیا پەیوەندیدارەکانی ئێران دەگرێتەوە.

نزیکەکانی عەلاق، ئەو "تۆمەتبارکردنانە" رەتدەکەنەوە و دەڵێن یەکێک لە ئاڵۆزترین کارەکانی بانکی ناوەندی، پارێزگاریکردنە لە بەردەوامبوونی چوونی دۆلار بۆ بازاڕی ناوخۆیی، لەپێناو رێگریکردن لە هەر پێشهاتێک کە ببێتە هۆکار بۆ سەپاندنی سزا بەسەر عێراقدا، ئەگەر دەستبەجێ وەڵامی داخوازی و بڕیارەکانی ئەمریکا نەداتەوە.

بەڵام پێناچی بابەتەکە تەنیا بەڕێوەبردنی ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و تاران بێت، زۆر کەسی شارەزا، بانکی ناوەندیی عێراق بە بەڕێوەبردنی "پرۆسەی هاوسەنگیی گەندەڵی" لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئێران لە عیراق، تۆمەتبار دەکەن. رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا دەڵێ، ئەگەر هەیە ئەمریکا تێوەگلابێت لە ئاسانکاری بۆ بانکی ناوەندی. لە کاتێکدا ئەمە یەکەمجار نییە ئەو تۆمەتە ئاراستەی بەرپرسانی ئەمریکی دەکرێت.

ئیدارەی ئەمریکا تۆمەتباردەکرێت بە چاوپۆشی لە چوونی پارە لە عێراقەوە بۆ ئێران. راپۆرتێکی رۆژنامە ئەمریکییەکە دەڵێت: "وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، زۆرینەی کات چاوپۆشی لە پرۆسەکانی شوشتنەوەی پارە لە عێراقدا دەکات". راپۆرتەکە بە ئاشکرا بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق تۆمەتباردەکات، لە چاوپۆشی لەو بانکانەی بوونەتە رووکەشی تیرۆریستەکان، لە بەشداریکردن لە هەڕاجی رۆژانەی دۆلاردا.

واشنتن گوشارەکانی سەر ئێران کەمدەکاتەوە

عەبدولڕەحمان مەشهەدانی، پسپۆری ئابووریی سیاسی دەڵێ "هەموو پرۆسە داراییەکانی عێراق، لەلایەن ئەمریکاوە چاودێری دەکرێت، بەڵام چاوپۆشیی ئاشکرا هەیە". روونیدەکاتەوە "ئێستا عێراق بووەتە دەروازەی کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر ئێران، ئەمەش بە ئاگاداری ئەمریکا".

ئەو کە قسەی بۆ رۆژنامەی ئیندپێندێنتی عەرەبی کردووە، ئاشکرایدەکات "لەپرۆسەی خستنەڕووی رۆژانەی دۆلاردا، چەندین بانکی لوبنانی و ئێرانی بەشدارن و ئەو بانکانە رۆژانە 5 تا 8 ملیۆن دۆلار دەکڕنەوە".

ئەو ئاشکرایدەکات کە "مامەڵە بازرگانییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران، لە رێگەی سیستمێکی بانکییەوە ناکرێت، ئەمەش لەبەر سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێران، بۆیە زۆرینەی کارەکان بە پارەدانی کاش دەکرێت".

روونیدەکاتەوە "لە بابەتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکاندان لە نێوان عێراق و ئێراندا، ژمارەی سەیر بەرچاو دەکەوێت، لەوانەش هاوردەکردنی بڕی زۆری گوڵ، تەماتە و شووتی بە نرخی زۆر گرانتر لە نرخی بازاڕەکانی عێراق و بەبڕی زۆر زیاتر لەوەی عێراق پێویستی پێیەتی".

شوشتنەوەی پارە لە هەڕاجە رۆژانەکاندا

لەبارەی شوشتنەوەی پارەوە، لەو پرۆسەیەدا کە بانکی ناوەندیی عێراق بۆ فرۆشتنی رۆژانەی دۆلار دەیکات، مەشهەدانی دەڵێ: "پێموایە بڕی بەکارهێنانی پارەی شوشتراوە لە فرۆشتنە رۆژانەییەکانی بانکی ناوەندی 15٪ دەبێت". ئاشکرایدەکات کە "لە 2010ەوە ئاشکرابووە کە خستنەڕووی رۆژانەی دۆلار لە عێراقدا، بووەتە دەروازەی سەرەکی گەندەڵی و شوشتنەوەی پارە".

ئەو دڵنیایە لەوەی لایەنی سیاسی دەسەڵاتدار، لە پشت ئەو بانکانەوەن کە بەشی رۆژانەی بەردەوامیان لە کڕینەوەی دۆلاری بانکی ناوەندیدا هەیە. ئەوان ئێستا بوونەتە دەروازە بۆ حەواڵەکردنی پارە و بەشێکی زۆری کارەکانیان گومانی سپیکردنەوەی پارەی لەسەرە.

مامۆستا پسپۆرەکەی ئابووری سیاسی، پێیوایە بانکی ناوەندیی عێراق، هەرچەندە بەرپرسیاریەتی مامەڵە گوماناوییەکانی لە خۆی دوورخستووەتەوە و خۆی بەبێگوناح لە پرۆسەکەدا ناودەبات، بەڵام ناکرێ وا بەئاسانی لە چوارچێوەی بەرپرسیاریەتییەکە بچێتە دەرەوە.

ئەو روونیدەکاتەوە کە بانکەکە پێویستە لەسەری "پرۆسەی وردبینی ئەنجام بدات، پاشئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا گومان لە پرۆسەی هەڕاجکردنی پارە، چەندینجار وروژێنرا و پرۆسەکە بووەتە گۆڕەپانێکی گەندەڵی، کە پێویستە هەموو بانکێکی جێی گومانی لێ دوور بخرێتەوە".

درێژەی دەداتێ کە "بەڵگەی زۆر هەن لەسەر پێشکێشکردنی ناوی کۆمپانیای وەهمی لەلایەن بانکەکانەوە. پێویستە ئەو بانکانە رەوانەی دەستەی دەستپاکی بکرێن. کاتێک ئەوە ناکرێت و بانکەکە رێوشوێنی تووند ناگرێتە بەر، گومانی گەورە لەسەر کارەکانی دروست دەبێت.

پارەدارکردنی گرووپە چەکدارەکان

پێشتر کۆمیسیۆنی ئەوروپا، عێراقی لەپاڵ چەند وڵاتێکی دیکەدا دانا، لە نێو لیستی ئەو وڵاتانەی مەترسی دارایی لەسەر یەکێتیی ئەوروپا دروستدەکەن، بەهۆی کەمتەرخەمی لە قەڵاچۆکردنی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر.

هەستیاریی لە دۆسێی خستنەڕووی رۆژانەی دۆلار، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تاکە دەرچەیە بۆ بردنی دراوی قورس بۆ دەرەوەی وڵات. بەڵام ئێستا تۆمەتبارکردنەکان بەتەنیا لەوە دەرچووە، چونکە دەگوترێ پرۆسە رۆژانەکە، بووەتە سەرچاوەی پارەدارکردنی گرووپە چەکدارەکان.

سەلام سمیسم، پسپۆری ئابووری، بە ئیندپێندێنتی عەرەبی راگەیاندووە "هەڕاجکردنی دۆلار بووەتە رووکەشی بەتاڵانبردنی دۆلار لە عێراقدا، هەلێکیشە بۆ بەدەستهێنانی قازانج لە پارەی گەندەڵی، لە بەرژەوەندی لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکان کە کۆنترۆڵی بانکە ناوخۆییەکانیان کردووە".

ئەو زیاتر روونیدەکاتەوە کە "رێککارییەکانی کارپێکراوی دراو، شەفافیەتی پێویستی تێدا نییە بۆ چاودێریکردنی وڵات، لە رووی پێویستییەکانی لە هەناردەکردنەوە، ئەمەش پرسیاری زۆر دروستدەکات لەبارەی کردنەوەی ئەو مۆڵەتانەی تایبەت بە هەناردەکردن لە وەزارەتی بازرگانی دەدرێن، بۆچی لایەنە چاودێرییەکان، بەدواداچوون بۆ ئەو مۆڵەتانەی بازرگانی ناکەن؟". 

زیاتر پرسیار دەوروژێنێت "نازانین فەرمانگەی سپیکردنەوەی پارە لە بانکی ناوەندی، چ رۆڵێکی هەیە لە بەدواداچوونی ئەو بابەتانە".

سیمسم ئاماژە بەوە دەدات یەکێک لە هۆکارەکانی کێشەکان دەگاتە ئەو راستییەی "کە ناکرێ پێمانوابێت سەرکردەکانی بانکی ناوەندی و ئەوانیدیکەش، لە بابەتی پشکی لایەن و گرووپەکانەوە دوورن".

بانکی ناوەندی، تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە

ئیحسان شمران، بەڕێوبەری فەرمانگەی ژمێریاری لە بانکی ناوەندیی عێراق، رەتیدەکاتەوە بانکەکە هیچ پەیوەندییەکی بە پرۆسە گوماناوییەکانی حەواڵەکردنی پارەوە هەبێت لە دەرەوەی یاساکان. روونیدەکاتەوە "بەپێی یاساکانی بانکی ناوەندی، پرۆسەی فرۆشتنی دۆلار لە بەرامبەر دیناردا، لە رێگەی فرۆشتنی ئاسانەوە دەکرێت، بەبێ دروستکردنی هیچ ئاڵۆزییەک لە پرۆسەکەدا".

ئەویش قسەی بۆ ئیندپێندێنتی عەرەبی کردووە و دەڵێ "بانکە بازرگانییەکان، داوای کڕینی دۆلار بۆ کڕیارەکانیان پێشکێشدەکەن بەپێی بەڵگەنامە و مۆڵەتەکانی بازرگانی، پاشان بەپێی رێککارییەکانی بانکەکە، دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی پارەکان دەکرێت، بەنەبوونی گومانی شوشتنەوەی پارە، یان پارەدارکردنی تیرۆر. دوای ئەوە بانکی ناوەندی، دینار لە بانکەکە وەردەگرێت و دۆلاری لە بری دەداتێ". ئاشکرایدەکات دوای ماوەیەک لەو کارە "بانکە ئەهلییەکە، راپۆرتێک لەبارەی چۆنیەتی پرۆسەی فرۆشتنەوەی دۆلارەکە بە کۆمپانیا بازرگانییەکان، دەداتە بانکی ناوەندی".

شمران دەڵێت ئەو گومانانەی پەیوەندییان بەنەهاتنی کەلوپەلەوە هەیە، لە بری ئەو پارەیەی بانکەکە بەناوی مامەڵەی بازرگانییەوە، بە بانکە ئەهلی و بازرگانییەکانی دەفرۆشێت، ئەرکی لایەن و دامەزراوەکانی دیکەیە بۆ گەیشتن بەڕاستی کارەکە، لە نێویاندا دەسەڵاتی گومرگی و وەزارەتی بازرگانی، کە مۆڵەتی هاوردەکردن دەدات، لەگەڵ دەستەی گشتی باجەکان کە نووسینگەیەکی لە نێو گومرگدا هەیە.

ئەو دەڵێ گەورەترین یاری بەپارە، لە دەروازە سنوورییەکان دەکرێت، چونکە هەندێک لە فەرمانبەرانی دەروازەکان، بازرگان ناچاردەکەن، بڕی کەمتر لە کەلوپەل هاوردە بکات کە پێویستیەتی یان داوای دەکات. وەک ئەو دەڵێ "ئەو پرۆسەیە دەبێتە هۆی ئەوەی گەندەڵەکان نزیکەی چوار ئەوەندەیان دەستبکەوێت کە لە باجەکانی گومرگدا دەستیان دەکەوێت"، هیواشی خواست "دەستەی دەروازەکان چاودێری و رێککاری بۆ سەرپێچییەکان و پرۆسەکانی گۆڕینی جۆری کاڵا هاوردەکراوەکان بکات، چونکە ئەوە سەرەتای گەندەڵییەکانن".

لە ماوەی رابردوودا چەندین راپۆرت و ژمارەی گەورە بڵاوکرانەوە، لەبارەی ئەو کەلوپەلانەوە کە عێراق هاوردەی کردوون. بەڵگەنامە فەرمییەکان روونیانکردەوە کە هەندێک کەلوپەلی هاوردەکراو، هەزار هێندە زیاتر هێنراوەتە عێراقەوە بەبەراورد بە ساڵانی پێشوو، لە نێویاندا هاوردەکردنی تەماتە لە ئێرانەوە لە ساڵی 2017دا کە بەبەهای 1.66 ملیار دۆلار بووە.

شمران دەڵێ: "بانک پسپۆر نییە لە دەستنیشانکردنی پێویستیی عێراق بۆ هەر کاڵایەک کە پێویستە هەناردە بکرێت، ئەوە بەرپرسیاریەتی لایەنە کشتوکاڵییەکانە و لەسەر بنەمای بڕیارەکانی ئەوانیش بانک کاردەکات".

ئەو ئاشکرایدەکات کە تاوەکو ساڵی 2003، لە عێراق زۆرینەی کاڵا هەناردەکراوەکان "بەپێی پێویستییەکانی بەکارهێنان" دەهاتنە ناو وڵاتەوە و وەزارەتی بازرگانیش لەسەر ئەو بنەمایە مۆڵەتی کۆمپانیاکانی بازرگانی دەدا، بەڵام لەو ساڵە بەدواوە ئەو سیستمە نەماوە.

شمران دەڵێ، پرۆسەکانی حەواڵەی بانکی ناوەندیی عێراق زۆر تووندە و لە ژێر چاودێری بانکی فیدڕاڵی ئەمریکادایە کە رێوشوێنی تووندی بۆ بەدواداچوونی پارە هەیە، ئەمە جیا لە بوونی نووسینگەی قەڵاچۆکردنی سپیکردنەوەی پارە. ئێمە بەسەر بانکەکانماندا پێویست کردووە کە یەکەی سکاڵاکردن لە پرۆسەکانی شوشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر کارا بکەن.

دەسەڵاتدارێکی بێ چاودێر

هەرچی ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە "زۆرینەی ئەندامانی لیژنەکە هاوڕان لەسەر ئەوەی پرۆسەی هەڕاجکردنی دراو، گومانی گەندەڵیی گەورەی لەسەرە". ئەو روونیدەکاتەوە ئەوەی رێگرە لە گرتنەبەری رێوشوێن، ئەوەیە کە "دەسەڵاتی دراو سەربەخۆیە و کەسی بەسەرەوە نییە".

ئەو زیاتر گوتویەتی "بەڵێنەکانی سەرۆکوەزیران بەرێکخستنەوەی دەروازەکان و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی هەندێک لە گرووپە داراییەکان و چالاککردنی پیشەسازی و دژایەتیکردنی گەندەڵی، بەشێوەیەکی راستەوخۆ بە بابەتی هەڕاجکردنی رۆژانەی دراوەوە دەبەسترێتەوە".

ئەحمەد حاجی رەشید پێیوایە "پەردەپۆشکردنێک هەیە لەم کەیسەدا، هەروەها وەڵامدانەوەی بانکی ناوەندی بە پرسیارەکان لەبارەی هەڕاجکردنی دراوەوە، لە سنووری ژمارەکان دەرناچێت، دەسەڵاتی یاسادانانیش لێنەهاتووە لەو بوارەدا".

هەڕاجکردنی دراو و کوژرانی چەلەبی

سەرەتای گومانەکان لەبارەی هەڕاجکردنی رۆژانەی دۆلارەوە، بۆ چەند ساڵێک لەمەوپێش دەگەڕێتەوە. کاتێک کۆچکردوو ئەحمەد چەلەبی، سەرۆکی ئەوکاتی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، چەندین دۆسێی لەبارەی هەڕاجکردنی رۆژانەی دۆلارەوە لە ساڵی 2015دا پێشکێشکرد. لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا.

لیژنەکە لە بڵاوکراوەیەکدا لە 10ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا، بیانووی دروستبوونی بۆ "لەبەرچاوگرتنی ئەو بەڵگەنامانەی چەلەبی پێشکێشیکردوون کە پەیوەندییان بە دۆسێیەکانی شوشتنەوەی پارە و بەقاچاخبردنی دراوی بیانی کڕدراو لە بانکی ناوەندیی عێراقەوە هەیە" گەڕاندەوە.

بڵاوکراوەکە روونیکردەوە کە "دەستەی لێکۆڵینەوەکە پێکهاتووە لە دادوەرانی دادگای لێکۆڵینەوەی دەستپاکی و تاوانی ئابووری، داواکاری گشتی نوێنەری دەبێت لە لیژنەی لێکۆڵینەوەکەدا، بۆ دەرخستنی داواکاری و بەدواداچوونەکانی. ئەم بڕیارەش لە رۆژی 10/11/2015ەوە جێبەجێدەکرێت".

دەستەی دەستپاکیی عێراق لە 11ی کانوونی یەکەمی 2019دا بڵاوکراوەیەکی راگەیاند، کە تێیدا باس لە وردەکارییەکانی دۆسێی یاسایی پەیوەست بە "هەڕاجی دراو" دەکات، تێیدا هاتووە "لەنێو بابەتەکاندا، دۆخی گەندەڵی گەورە لە کاری یەکێک لە بانکە ئەهلییەکاندا ئاشکرا بووە و ئاماژە هەیە بە بوونی بەقاچاخبردنی دراوی بیانی لە عێراقەوە بۆ دەرەوە، لە رێگەی کڕینەوەی دراوی بیانی لەلایەن بانکە ئەهلییەکەوە بەناوی کۆمپانیای هەناردەکاری کەلوپەلەوە".

دەستە دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە دوای بەدواداچوون و لێوردبوونەوە روون بووەوە کە "ئەو کۆمپانیایانە لە ساڵی 2004ەوە هیچ کاڵایەکیان نەهێناوەتە ناو عێراقەوە".

دەستەکە روونیدەکاتەوە کە "بابەتەکە چەندین بابەتی لە خۆ گرتووە، لەوانەش تەزویرکردن لەلایەن بانکە حکومی و ئەهلییەکان و چوونە ناو هەڕاجی فرۆشتنی دراو بەناوی کۆمپانیا و خاوەن ئەژمارەی تایبەتی بانک، بەبێئەوەی خاوەنەکانیان ئاگادار بن، هەروەها پێشکێشکردنی وەسڵی تەزویر، جیا لە سەرپێچی لە رێنوێنییەکانی بانکی ناوەندی، لە کاتی چوونە ناو هەڕاجکردنەکانی دراوەوە کە دژە لەگەڵ یاسای ژمارە 93ی ساڵی 2004 تایبەت بە شوشتنەوەی پارە".

ئەوکات لەیس شبر، سیاسەتمەداری عێراقی، ژمارەیەک توویتی کرد کە تێیدا دەڵێ "دوێنێ لە رێگەی رۆبێرت وۆرسی رۆژنامەڤانی بەناوبانگەوە، کە خاوەنی وتاری (عێراق لە ژێر دەسەڵاتی دزەکاندا) یە، تێیدا ئەو دۆسێ تەواوەم چنگکەوت کە ئەحمەد چەلەبی ئامادەی کردبوو، لەبارەی گەندەڵییەکانی هەڕاجکردنی دراو لە بانکی ناوەندی کە لە کۆتاییدا بوونە هۆی کوشتنی ئەو و داخستنی دۆسێیەکە بەیەکجاری".

ئەو دەڵێت "ماوەی دوو کاژێر سەرقاڵی خوێندنەوەی دۆسێیەکە بووم، گەیشتمە بڕوای تەواو کە سەری هەرە گەورەی گەندەڵی، ئەو هەڕاجکردنە گوماناوییە مەترسیدارەیە". روونیدەکاتەوە کە "دۆسێی گەندەڵی لەبارەی هەڕاجکردنی دراو کە رۆژانە بانکی ناوەندی ئەنجامیدەدات، تۆقێنەر و مەترسیدارە و بەهۆیەوە چەلەبی تیرۆرکرا".

لەیس شبر هەروەها دەڵێت: "ئەوەی گومانی تێدا نییە، ئەوەیە کە دۆسێیەکە چەندین ساڵە لەبەردەستی دەستەی دەستپاکیدایە و ئەو ناوانەشی لە دۆسێیەکەدا هاتوون، تائێستا لە جرت و فرت بەردەوامن، تەنانەت هەندێکیان حیزبی نوێیان دروستکردووە و هەندێکیان بوونەتە ئەندام پەرلەمان، دوای ئەوەی ملیۆنانیان خەرجکردووە، سەرە گەورەکانیش ئەوە هەر باسیان مەکە".

پرۆسەکە بەردەوامە

لە کاتێکدا ئابڵوقەی دارایی هەمەچەشنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران بەردەوامە، ئەو وڵاتە بەردەوامە لە دۆزینەوەی رێگە و شێوازی نوێ، بۆ سوودوەرگرتن لە ئابووریی عێراق.

لە 16ی حوزەیرانی ئەمساڵدا، عەبدولناسڕ هیممەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران ئاشکرایکرد وڵاتەکەی سەرچاوەی دارایی زۆری لە عێراقدا هەیە و لەگەڵ لایەنی عێراقیدا رێککەوتووە، ئەو پارانەی لە عێراقدا هەیەتی، لە رێگەی کڕینی کاڵاوە بەدەستیان بهێنێتەوە.

هیممەتی ئاشکرایکرد لەگەڵ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقدا، لەسەر هەموو وردەکارییەکانی ئەو رێککەوتنە گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی هاوبەش، گوتیشی پەیوەندییە دارایی و بانکییەکانیان لەگەڵ عێراقدا، لە رێگەی بانکی ناوەندیی ئێران و بانکەکانی دیکەوە گەشەپێدەدەن.

رێککەوتنی بانکە ناوەندییەکانی هەردوو وڵات، وەک ئەوەی چاودێران ئاماژەی پێدەدەن، بریتییە لە وەرگرتنەوەی قەرزی فرۆشتنی وزە و کارەبا لەلایەن ئێرانەوە بە عێراق، بە کاڵا و دۆلار، ئەوەش هەنگاوێکی باشدەبێت بۆ ئەوەی ئێران دراوی بیانی دەستبکەوێت.

خنکاندنی ئێران و دۆزینەوەی دەرچە

پێشتر ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران دانیبەوەدانابوو، کە وڵاتەکەی توانای گواستنەوەی پارەی نییە، بەهۆی ئەو ئابڵوقانەی خراوەتە سەر بانکە ئێرانییەکان.

جەهانگیری لە شوباتی رابردوودا بۆ ئاژانسی ئیسنای ئاشکراکرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رێگە نادات تەنانەت یەک دۆلاریش لە پارەکانی ئێران لە دەرەوە، بگەڕێنەوە ناو وڵاتەکە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پاشئەوەی بۆی دەرکەوت چەندین کۆمپانیای وەهمی و بە چەندین رێگەی جیاواز لە رێگەی دامەزراوەی جیاوازەوە، کە ئێران لە ناوچەکەدا دروستیکردوون، بەتایبەت لە عێراقدا، فێڵ لە سزا سەپێنراوەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران دەکەن، بڕیاریدا زیاتر دەستبخاتە بینەقاقای بانکە ئێرانییەکان بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی پارە بۆ ناو ئەو وڵاتە.

20 دامەزراوە بۆ پشتگیری سوپای پاسداران

جەنگ و ململانێ ئابووری و بانکییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە ماوەی رابردوودا هەڵچوونی زۆری بەخۆوە بینی، لە نیسانی رابردوودا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، سزای بەسەر 20 دامەزراوەی عێراقی و ئێرانیدا سەپاند، کە پشتگیری هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دەکەن، ئەمە جیا لە گواستنەوەی هاریکارییەکانی ئێران بۆ میلیشیا پشتگیریکراوەکانی لە عێراقدا، لەوانەش کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهل حەق.

بەبۆچوونی ئەمریکا، ئەو دامەزراوانە، کاری قاچاخچیەتی دەکەن لە بەندەری ئوم قەسر، هەروەها شوشتنەوەی پارە لە رێگەی کۆمپانیا عێراقییەکان، جیا لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە رژێمی سووریا و بەقاچاخبردنی چەک بۆ عێراق و یەمەن.

ئەمریکا دامەزراوەی "لیژنەی نۆژەنکردنەوەی مەزارگە پیرۆزەکان"ی عێراق، بەتێوەگلاوی گەورە لە کارە نایاساییەکانی ئێران ناودەبات. ئەو دامەزراوەیە کە لە رووکەشدا پارە بۆ نۆژەنکردنەوەی مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراقدا کۆدەکاتەوە، بووەتە رووکەش و پارەی بەدەستهاتوو بەچەندین رێگەی جیاواز بەناوی نۆژەنکردنەوەی مەزارگەکانەوە. رەوانەی ئێران دەکات. ئەمریکا دەڵێ لیژنەکە لە راستیدا ئێرانە، لەلایەن عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێرانەوە راستەوخۆ سەرپەرشتیدەکرێت و لە ساڵی 2003ەوە دامەزراوە. پارەی ئەو لیژنەیە، تەواوکەرێکی بەرچاوی بودجەی سوپای پاسدارانی ئێرانە.

کڕینەوەی دۆلار

ئێران بۆ دەستکەوتنی دراوی قورس، هەروەها بەدەستهێنانی بڕی زۆری دۆلار کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە زەحمەت بووە، کارێکی گەورە لەسەر بازاڕەکانی عێراق دەکات و کردوونی بە سەرچاوەی ئەو کارە (پێدەچێ رێککەوتنەکەی نێوان عەلاق و هیممەتی) بەشێکی بەیاساییکراوی پرۆسەکە بێت.

بازرگانە ئێرانییەکان، بە ئارەزووی خۆیان بە شارە جیاوازەکانی عێراقدا دەسووڕێنەوە، بە بڕی زۆر دۆلار لە بانک و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو دەکڕنەوە لە بەرامبەر ریالی ئێرانیدا، بەوەش سەرچاوەیەکی باشی دۆلاریان بۆ وڵاتەکەیان پەیدا کردووە، ئەو دۆلارە رۆژانە دەنێردرێتەوە بۆ ئێران.

ماڵپەری عەرەبییە نێت کە بەوردی باسی پرۆسەی کڕینەوەی دۆلاری کردووە، ئاشکرایدەکات کە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق، ریالی ئێرانی بە بازرگانە عێراقییەکان دەفرۆشن کە مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەکەن، بازرگانە ئێرانییەکان بڕی زۆری دۆلار لە شارەکانی عێراق و نووسینگە جیاوازەکانی شارەکاندا کۆدەکەنەوە، وەک سلێمانی و شاری هرات لە ئەفغانستان.

عێراق هەروەها بەدووەم گەورەترین کڕیاری گازی سروشتیی ئێران دادەنرێت، رۆژانە بڕێکی زۆر گازی سروشتی هەناردەی عێراق دەکات، جیا لە کارەباش. لە سەرەتای مانگی حوزەیراندا حکومەتی ئێران ئاشکرایکرد، بڕی 400 ملیۆن دۆلاری لە پارەی فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە لە عێراق وەرگرتووەتەوە.

کارە ناتەواوەکەی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێراندا

ئێستا هەموو ئەو کار و هەنگاوانە روونە کە ئێران بۆ خۆرزگارکردن لە سزاکانی سەری لەلایەن ئەمریکاوە، لە عێراقەوە پەیڕەوی دەکات. هوروژمی کڕینەوەی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا لەلایەن ئێرانییەکانەوە، بەردەوامبوونی چوونی بڕێکی زۆری دۆلاری کاش بۆ ئێران لەو پارانەی بانکی ناوەندیی عێراق بەناوی هەڕاجی رۆژانەی دۆلارەوە ئەنجامیدەدات، چەندین رێگەی جیاوازی دیکەش لە فێڵکردن لە سزا نێودەوڵەتییەکان، وایانکردووە کە سزاکانی سەر ئێران، کەموکورتی زۆریان تێدا بێت.

شارەزایان پێیانوایە کە راستە، سزاکان کاریگەریی لەسەر پەلهاویشتنەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دروستکردووە و مایەپوچبوونی لوبنان و داڕووخانی دارایی وڵاتەکەش، بەرئەنجامی هەڵمژینی ئابووری لوبنانە لەلایەن ئێرانەوە کە حیزبوڵڵا نوێنەرایەتی دەکات، بەڵام ئەو بازاڕە کراوەیەی لە عێراقدا بۆ ئێران لەسەر پشتە، وایکردووە تارادەیەکی بەرچاو کاریگەریی سزاکان کەمببێتەوە. بۆیە وەک شارەزایان دەڵێن، پەلبەستکردنی ئەو بازرگانییە، گوشین و بەرتەسککردنەوەی مامەڵەی ئێرانییەکان لە بازاڕەکانی باشووری عێراق، کاریگەریی دوو هێندەی سزاکان، لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێران دروستدەکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif