کێ لە پشت تیرۆرکردنی چالاکوان، رۆژنامەنووسەكانی عێراقەوەیە؟‌

ليست هناك تعليقات

بۆ چوار مانگ دەچێت حکومەتەکەی کازمی دەستبەکار بووە، یەکێک لە بەڵێنەکانی کابینەکەی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی بوو بۆ هاوڵاتیان و بەتایبەت رۆژنامەنووس و چالاکوانان، بەڵام لەو کاتەوە تاکو ئێستا چەند رۆژنامەنووس، چالاکوان و نووسەرێکی دیار تیرۆر کران و هیچ کەسێکیش لەسەر ئەم تاوانانە سزا نەدران.

یەکەم تیرۆری گەورە
سەرەتای مانگی تەموز چەند چەکدارێک لە بەردەم ماڵەلەی خۆیدا دەستڕێژی گولەیان لە هاشم ئەلهاشمی، پسپۆڕ و شیکەوەرەی ئەمنیی کرد و تیرۆریان کرد، دوای رووداوەکە مستەفا کازمی بەڵێنی دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیانی کرد، بەڵام دوای چەند مانگێک هیچ شتێک لەم بارەیەوە ئاشکرا نەکرا.

هاشمی کە کەسێکی نزیک لە خودی مستەفا کازمی بوو، خوێنەکەی بە هەدەر رۆیشت، بۆیە ئیتر دەرکەوت هەرکەس لە عێراق کوژرا، زەحمەتە بکوژانی دەستگیربکرێن و دادگایی بکرێن، ئەمەش وەها دەکات گروپە چەکدارەکان زیاتر دەست کراوە بن و کێیان بوێت تیرۆری بکەن.

ریهام یەعقوب
هێشتا مستەفا کازمی بکوژانی هاشم ئەلهاشمی نەدۆزیەوە کە دەیوت تا نەیاندۆزێتەوە خەو ناچێتە چاوی، گروپە چەکدارەکان ریهام یەعقوبی ژنە چالاکوانیشیان تیرۆر کرد، تیرۆرکردنی ئەم چالاکوانە تەمەن ٣٠ ساڵانە لە کاتێکدا بوو کازمی لە گەشتەکەیدا بوو لە ئەمریکا، ئەمەش بە پەیامێکی گروپە چەکدارەکان بۆ کازمی دانرا کە سنوری دەسەڵاتی خۆی و ئاستی نزیکییەکەی لە ئەمریکییەکان بزانێت.

وەک چۆن پەیمانی تۆڵەسەندنەوەی هاشمی دا، مستەفا کازمی لەبەردەم خێزانەکەی ریهام لە شاری بەسرە، سوێندی خوارد تۆڵەی ریهام بکاتەوە و ئەو کەسانە بە سزا بەگەیەندرێت دەستیان لە تیرۆرکردنیدا هەبووە.

تەحسین ئوسامە خەفاجی
دوای مانگێک و ١٠ رۆژ لە کوشتنی هاشمی و لە ١٤ی ئاب، تەحسین ئوسامە خەفاجی چالاکوانی خۆپیشاندانەکانی بەسرە لە ناو سەنتەرێکی ئینتەرنێتدا کە خۆی خاوەندارییەتی کردووە، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لە ناوەڕاستی شاردا تیرۆرکرا، ئەمەش بوو بە دووەم پەیامی دیار و گەورە بۆ مستەفا کازمی.

خەفاجی دوای تیرۆرکردنی هاشم ئەلهاشمی دەیزانی ئیتر عێراق وڵاتێکی ئارام نییە بۆ خۆی و چالاکوانە ناڕازییەکانی دیکە، بەتایبەت دوای نەدۆزینەوەی بکەرانی تیرۆری هاشمی، بۆیە چەند رۆژێک پێش تیرۆرکردنی وتی، رۆژێک دێت سەردەبڕدرێن، خەفاجی سەرنەبڕدرا، بەڵام ٢٠ گولەی بێدەنگ بە جەستەیەوە نرا. خەفاجی کە هەمیشە رەخنەی لە حکومەت دەگرت لەبارەی کوشتنی چالاکوانانەوە، خۆشی بوو بە قوربانی دەستی گروپە چەکدارەکان.

بەڵێنی تۆڵە 
لە دوای هەموو ئەو تیرۆرکردنانەی لە سەردەمی کابینەکەیدا روویانداوە، مستەفا کازمی بە توندی سەرکۆنەی کردووە و بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی داوە، 
کازمی دوای تیرۆرکردنی هاشم ئەلهاشمی لەبەردەم خێزان و منداڵەکانیدا بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی دا، بەڵام دوای چەند مانگێک هیچ ئەنجامێک بەدەستنەهات.

کازمی دواتریش بەڵینی دا کە خوێنی خەفاجی و ریهام یەعقوب بە هەدەر ناچێت و تۆڵەیان بۆ دەکاتەوە، بەڵام خوێنی ئەوانیش رژا و هیچ کەسێکیش سزا نەدرا، بۆیە ئێستا چالاکوانان دەزانن حکومەت ناتوانێت بیانپارێزێت و بشکوژرێن ناتوانێت تۆڵەیان بۆ بکاتەوە و تاوانباران بە سزا بگەیەنێت.

پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران
لە دوای کوشتنی هاشمییەوە، زۆربەی تۆمەتەکان روویان لە ئێران و گروپە چەکدارەکانی نزیک و پەیوەست بە ئێران بوون، بەتایبەت کە هاشمی بە توندی رەخنەی لە گروپە چەکدارەکان دەگرت و شیکردنەوەکانیشی دەربارەی حەشدی شەعبی – نزیک ئێران بەرپرسانی حەشد و ئێرانییەکانی توڕە دەکرد.

تیرۆرکردنی ریهام یەعقوب هێندەی دیکە گومانەکانی لەسەر ئێران و گروپە چەکدارەکان زیاد کرد، بەتایبەت کە دوو ساڵ پێش تیرۆرکردنی، هەوڵەکانی ناوزڕاندی ریهام بە فەرمی لەلایەن ئێرانەوە دەستیپێکرد.

تۆمەت لە ئێرانەوە
ئاژانسی میهر لە راپۆرتێکدا لە ساڵی ٢٠١٨، ناوی چەند چالاەکوانێکی عێراقی بڵاوکردەوە کە بەشدارن لە فراوانکردنی خۆپیشاندانەکان و بە دۆست و نزیکی ئەمریکا ناوی بردبوون. 

ریهام یەعقوب لە ناو لیستەکەدا ناوی هێنراوە، بە ئاشکرا بە بەکرێگیرا و و دۆستی ئەمریکییەکان ناوی هێنراوە کە لەگەڵ کوسوڵخانەی ئەمریکادا کار دەکات، ئەمەش ریهامی خستە ناو ئامانجی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تارانەوە، تەنانەت لە پێش کوشتنی بە نامەوە هەڕەشەی لێکرا و بە بەکرێگیراوی ئەمریکا ناویان بردووە.

بەشێکی زۆری شیکەرەوە عێراقییەکان کە دوورن لە هەژموونی ئێرانەوە، تاران تۆمەتبار دەکەن بە کوشتنی ئەو چالاکوان و نووسەرانەی کە هەوڵی بونیادنانی عێراقێکی سەربەخۆ دەدەن و دژی دەستێوەردانی ئێرانن لە کاروباری وڵات.

فشاری زیاتر

دوای ئەوەی مستەفا کازمی رایگەیاند، عێراق نابێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێکانی نێوان وڵاتان، چالاکوانە نزیکەکانی کازمی روبەڕووی هەڕەشە و کوشتن بوونەوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی زیاتری کازمی لە ئەمریکا و گرێبەستەکانی لەگەڵ وڵاتای کەنداو لە بواری وزە و کارەبا، هێندەی دیکە کابینەکەی رووبەڕووی فشاری زیاتر بوونەوە.

دوای سەردانەکەی بۆ واشنتۆن و گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری نەوت و کارەبا، چاوەڕوان دەکرێت فشارەکان لەسەر کازمی زیاتر ببن و دوور نییە چەند کەسێکی دیکە نەبنە قوربانی تیرۆری دەست گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران.

دۆزەخی عەقڵەکان
زۆرێک لە عێراقییەکان پێیان وابوو دوای رووخانی رژێمەکەی سەدام حسێن عێراق دەبێت بە بەهشتی عێراقییەکان و وڵاتی ئارامیی بۆ عەقڵە دیارەکانی وڵات، بەڵا لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ عێراق بوو بە دۆزەخی ئەو سەدان عاقڵ و خوێندەوارەی خزمەتی هاوڵاتیانیان دەکرد و پایەی زانستی وڵاتیان راگرتبوو.

تەنها لە ساڵی ٢٠٠٣ تاکو کۆتایی ٢٠٠٦ ناوی ١٤٢ دکتۆر، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕ بڵاوکرایەوە کە کوژراون و بوون بە قوربانی ململانێکانی دوای سەردەمی بەعس.
ڕاپۆرتی پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif