محەممەد حاجی محموود داوای جیابوونەوە لە عێراق دەکات

ليست هناك تعليقات

سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان پێیوایە "ئەو سازشەی ئێستا بۆ بەغدای دەكەین"، ئەگەر هێزە سیاسییەكانی کوردستان لەنێو خۆیاندا بۆ یەکدی بكەن باشترە. لە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەشیدا دەڵێت "دەبێت كاركردن بۆ سەربەخۆیی بەردەوام بێت، چونکە کاتێک لەگەڵ بەغدا رێکدەکەوین کە جیابیینەوە".

ئەمڕۆ 44 ساڵ بەسەر دامەزراندنی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتدا تێدەپەڕێت، لەو ساڵیادەدا محەممەد حاجی مەحموود، سكرتێری حیزبەکە بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پەیوەندیی حیزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان قسەی کرد. کاکە حەمە لەگەڵ ئەو بۆچوونە نییە، کە هەموو ئاراستەی كاركردنی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بێت. دەڵێت "ئەو سازشەی ئێستا بۆ بەغدا دەكرێت، حیزبەكان بۆ یەكدی بكەن زۆر باشترە ‌و ئەنجامیشی باشتر دەبێت".

حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرچاوەکانی داهاتی کەمیکردووە و بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران چاوەڕوانی رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا، بڕیاریشە بەونزیکانە شاندی هەرێمی کوردستان بچێتەوە بەغدا بۆ گفوگۆکردن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەتایبەت بودجە و مووچە. لەوبارەیەوە محەممەدی حاجی مەحموود دەڵێت "داهاتی كوردستان چەندبێت هەمووی كۆبكرێتەوەو بە شەفافی بخرێتە بەردەم میللەت ‌و دابەشبكرێت لەوە باشترە بڕۆین سازش بۆ بەغدا بكەین". دەشڵێت "من ناڵێم با شاند نەچێتە بەغدا، چونكە رێككەوتن لەهیچ كاتێكدا خراپ نییە، بەڵام چارەسەری ریشەیی كورد لە بەغدا نییە، كورد كاتێك دەتوانێ‌ لەگەڵ بەغدا رێکبكەوێت كە لێیجیابێتەوە".

سكرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان پەیامێکی بۆ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و دەڵێت بە یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكان دەتوانن دەستكەوتەكان ‌و قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان بپارێزن: "پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە، نە بۆ كەس هەیە موزایەدەی پێوە بكات، نە دەبێت كەسیش مامەڵەی لەسەر بكات".

لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغداش محەممەد حاجی محموود، دەڵێت "كورد لەگەڵ حكومەتی عێراق دۆسێیەکی هەیە ‌و بەرگری لێدەكات، بەڵام بەغدا لەگەڵ كورد كێشەی هەیەو هیچ كاتێك ئامادە نییە چارەسەری كێشەكان بکات".

حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1976دامەزراوە‌و ئەمڕۆ 8-8-2020 یادی 44 ساڵەی دەكاتەوە.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif