پەشێو لەسەر دۆخی كوردستان بێدەنگی شكاند

ليست هناك تعليقات


له‌ نوسینێكیدا شاعیری دیاری كورد عه‌بدوڵڵا په‌شێو له‌باره‌ی دۆخی سیاسی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ: ئەوپەڕی دەبەنگییە تۆ سیستێمێکی جێگیر و متمانەپێکراوی بانکت نەبێ، کەچی ڕووقایمانە باسی گەشەی ئابووری و سەرمایەگوزاری بکەی و تەلارێکت ناو نابێ وەزارەتی دارایی و ئابووری، نەخوێندەوارییە بە درێژایی ٣٠ ساڵی ڕەبەق یەک سەرژمێریی دووپێ و چوارپێیەکانی وڵاتت نەکردبێ، کەچی (وەزارەتی پلاندانان)ت هەبێ.

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیر:
"ئەوپەڕی دەبەنگییە تۆ سیستێمێکی جێگیر و متمانەپێکراوی بانکت نەبێ، کەچی ڕووقایمانە باسی گەشەی ئابووری و سەرمایەگوزاری بکەی و تەلارێکت ناو نابێ وەزارەتی دارایی و ئابووری!
کارەساتە تۆ کەرتی گشتیی تەندروستیت وێرانکردبێ، نەخۆشخانەی چڵێسی تایبەتت بەردابێتە گیانی گەلێکی دەردەدار، دابینکردنی ئامێر و دەرمانت بە قاچاخچییان سپاردبێ، ئاوت جێی گومان و کارەبات دەمدەمی و گڕەگڕی جێنەرەیتەر (مۆلیدە)ی ژاردەرفرتێنت بێسرەوت بێ، کەچی باسی تەندروستیی بکەیت و وەزارەتێکیشت بەو ناوە بۆ دۆست و ئەحباب دانابێ.
نەخوێندەوارییە بە درێژایی ٣٠ ساڵی ڕەبەق یەک سەرژمێریی دووپێ و چوارپێیەکانی وڵاتت نەکردبێ، کەچی (وەزارەتی پلاندانان)ت هەبێ!
تۆ ڕێوبانت هی سەردەمی مەلیک و قاسم و سەدام بێ، نە میترۆیەکت هەبێ نە ترامێک، نە ڕێیەکی ئاسنت هەبێ نە باسێکی کەرتی گشتی، نە تۆڕێکی سەردەمیانەی هاتوچۆی نێوان شارانت هەبێ نە پۆستەخانەیەکی سەردەمیانەی دەوڵەت، کەچی چەند وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکت بۆ ئەو سێکتەرانەی خزمەگوزاری قیتکردبێتەوە!
تۆ لەسەردەمی شۆڕشی زانیاری و جەنگی بێبەزەییانەی فەرهەنگ و زماناندا، هێشتا تاکە فەرهەنگێکی گشتیی زمانی نەتەوەت نەبێ، کە سادەترین مەرجی زانستیی تێدا بێ.
تۆ شکۆی زمانت تێکشکاندبێ، ڕێنووست لەباربردبێ، تاکە کەناڵێکت نەبێ دوو ڕستەی ڕەوانی کوردیی لە دەم دەرچێ، تۆ.. تۆ.. زانکۆ و فێرگەی کەرتی گشتیت وێران کردبێ، وڵاتت بە قوتابخانەی عاجباتیی ئەمریکایی و فەڕەنسایی و ئینگلیزی و سویدی و تورکی و عەرەبی و چی و چی تەنی بێ، کەچی، هێندە بلیمەت بیت، تەلارێک بۆ (ئەکادیمیا) و دوو تەلاریش بۆ (پەروەردە) و (ڕۆشنبیری)ی کوردی تەرخان بکەی!
تۆ دەیان ساڵ ڕەوەیەک نەهەنگی تێرنەخۆرە و مافیای سەرسەری و چەنەبازی دەستوپێسپیت بە ناوی (حیزب) لە سامانی گشتی بەردابێ و ژیانێکی شاهانە و کەڵەگایانەت بۆیان مسۆگەر کردبێت، لەولاش کارمەندانی کارزانی ڕاستەقینە برسی بن، کەچی تەلارێکی پۆشتە و پەرداخیشت بۆ (داد) ئاوا کردبێ!"




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif