ڕاپۆرت: ئەو شۆخوشەنگەی ژمارەکەی خۆی نەدا بە ترەمپ

ليست هناك تعليقات

لەگەڵ بەربژێرکردنەوەی دۆناڵد ترەمپ (سەرۆکی ئێستای ئەمریکا) لەلایەن پارتی کۆمارییەوە، بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵات لە کۆتایی ئەمساڵدا، جارێکی دیکە میلانیا ترەمپ، هاوژینی سەرۆک و خانمی یەکەمی وڵات، قسە و باسی لەسەر رۆڵی خۆی لە سیاسەتی وڵاتدا، وروژاند.

سێشەممەی رابردوو لە دووەم شەوی کۆنگرەی پارتی کۆماریی ئەمریکادا، میلانیا ترەمپ قسەی بۆ ئامادەبووانی کۆنگرەکە کرد و داوایکرد ئەمریکا قووڵ بیر لە "هەڵچوونە رەگەزپەرستییەکانی وڵاتەکە" بکاتەوە. ئەم لێدوانە بە یەکێک لە کەمترین لێدوانە ئاشکراکانی میلانیا لەبارەی سیاسەت و دۆخی رووداوەکانی وڵات دادەنرێت، لە کاتێکدا ئەو لە چوار ساڵی رابردوودا، خانمی یەکەمی وڵات و نزیکترین کەسی بڕیاربەدەستی یەکەمی ئەمریکا بووە.

ئێستا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەنگاو بەرەو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، بەر لە کۆتایی ئەمساڵ دەنێت. قسە و باس و بۆچوونی زۆر لەبارەی رۆڵی سیاسیانەی میلانیاوە دەکرێت، بەتایبەت کە کتێبێکی نوێ، باس لە رۆڵە نهێنییەکەی ئەو خانمە لە سیاسەتی وڵاتدا دەکات.

ئەو شۆخوشەنگەی ژمارەکەی خۆی نەدا بە ترەمپ

ساڵی 1998، دۆناڵد ترەمپ، یەک لە دیاترین کەسایەتیی و بزنسمانە سەرکەوتووەکانی ئەمریکا بوو. ئەو بە پڕۆژە زەبەلاحەکانی وەبەرهێنان و ئیمپراتۆریەتی بیناسازی، سامانێکی گەورەی پێکەوەنابوو. هەمیشە وەک بزنسمانێکی سەرکێش و پارەدار لەسەر تەلەڤزیۆنەکان دەردەکەوت و قسەکانی ئەو، لەبارەی خەون و کارکردنەوە بۆ دەوڵەمەندبوون و داهێنان لە وەبەرهێناندا، سەرنجی هەمووانی رادەکێشا.

دۆناڵد لە زۆر بۆنەی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەردەکەوت، هەندێکجار قسەی سەرنجڕاکێشی دەکرد. ئەوەش وایکردبوو ئەو کەسایەتییەکی ناسراوی خاوەن کاریزمای خۆشەویستی هەمووان بێت، بەتایبەت ئەو خانمانەی خەونیان بە سامانی زۆر و دەوڵەمەندییەوە دەدیت. ئاسانترین کار بۆ ترەمپ ئەوکات داواکردنی ژمارە تەلەفۆنی یەکێک لەو خانمانە بوو کە لە بۆنەکاندا دەردەکەوتن.

لە ئاهەنگێکدا لە نیویۆرک، ترەمپ چاوی بە خانمێکی گەنجی شۆخوشەنگی سەرنجڕاکێش کەوت، ئەو خانمە لاوە ئەوکات تەمەنی 28 ساڵ بوو، نمایشکارێکی سەرنجڕاکێشی جلوبەرگ و خاوەن زەردەخەنەیەکی جادوویی بێوێنە بوو. ئەو خانمە میلانیا بوو، هەر زوو سەرنجی ترەمپی راکێشا، بە ئاسانی داوای ژمارە تەلەفۆنەکەی لێکرد، ئەویش بە ئاسانی گوتی نەخێر. وشەیەک ئەو رۆژگارە ترەمپ زۆر کەم گوێی لێ بووبوو. بەڵام میلانیا ئەوەی گوت، وێڕای ئەوەش ترەمپی بەدڵشکاوی بەڕێنەکرد، پێیگوت: "من ژمارەکەی خۆمت نادەمێ، تۆ ژمارەکەی خۆتم بدەرێ و من پەیوەندیت پێوە دەکەم".

ئەوە سەرەتایەکی دڵخۆشکەر بوو بۆ بزنسمانە گەورەکەی خاوەنی "تاوەری ترەمپ" و میراتگر و بونیادنەری سامانە گەورەکەی ماڵباتەکەی. دوای حەوت ساڵ لەو رووداوەی ئاهەنگەکەی نیویۆرک، میلانیا و ترەمپ لە کۆمەڵگە نیشتەجێبوونە گەورەکەی ترەمپدا لە فلۆریدا، هاوسەرگیرییان کرد. ساڵانێک پاش ئەوە میلانیا بووە خانمی یەکەمی ئەمریکا.

خانمی یەکەمی وڵات

میلانیا ئێستا تەمەنی 50 ساڵە، چوار ساڵی تەواوی لە کۆشکی سپیدا و وەک خانمی یەکەمی وڵات بەسەربردووە. ئەو هەمیشە ژیانی خۆی بۆ هاوژینەکەی و سەرکەوتنەکانی تەرخانکردبوو، خۆی بە جاکی کییندی، خانمی یەکەم و هاوژینی جۆن کینیدی (سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا) چوواندووە.

لەوکاتەوەی لە ساڵی 1999دا، بۆ یەکەمجار ترەمپ ویستی خۆی بۆ گەیشتنە ترۆپکی دەسەڵات لە ئەمریکادا راگەیاندووە، میلانیا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "من کەسێکی تەقلیدی دەبم لە کۆشکی سپیدا، وەک بیتی فۆرد یان جاکی کینیدی".

بیتی فۆرد و جاکی کینیدی، کە پێش میلانیا پۆستی هاوسەری سەرۆکی وڵات و خانمی یەکەمی وڵاتیان تاقیکردەوە، رۆژانی کۆشکی سپییان بەخۆپارێزی و پابەندبوون بە ئاکارە تەقلیدییەکانی کۆمەڵگەی خۆپارێزی ئەمریکاوە دووپاتکردەوە.

ئێستا و پاش چوار ساڵ لە کۆشکی سپی، میلانیا گەرچی خۆپارێزانە و تەقلیدییانە دەردەکەوێت، بەڵام هەموو کاتیش بەو شێوەیە نەبووە، چونکە ئەو یەکەم خانمی یەکەمی وڵاتە، پێشتر وێنەی رووتی لە یەکێک لە گۆڤارەکاندا بڵاوکراوەتەوە.

لە دوا پێشبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا لە 2016، تید کروز کە رکابەری ناو پارتی کۆماری بوو بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی پارتەکە لەسەر بەربژێربوون بۆ سەرۆکایەتی وڵات، هەلی وێنەکانی میلانیای لە دژی ترەمپ، قۆستەوە و لایەنگرەکانی کارکردنی میلانیایان وەک نمایشکاری جلوبەرگ لە دژی بەکارهێنا و لەسەر وێنەیەکی رووتی میلانیا، ئەم دەستەواژەیەیان چاپکرد "میلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی داهاتووی وڵات بناسن، یان دەنگ بە تید کروز بدەن".

بەهۆی وتارێکەوە کە ئەوی بە کرێکاری سێکس لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، ناوبردووە، میلانیا ساڵی 2017 سکاڵای لەسەر رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی تۆمارکرد. رۆژنامەکە دواتر رازیبوو قەرەبووی میلانیا بکاتەوە و داوای لێبووردنیشی لێبکات.

لە سلۆڤینیاوە بۆ نیویۆرک

میلانیا کانڤاس، لە ماڵباتێکی خۆشگوزارەنی ناوچەی فسیڤنیتسا، کە شارۆچکەیەکی بچووکی ماوەی یەک کاژێر دوورە لە لیۆبلیانای پایتەختی سلۆڤینیا، لەدایکبووە.

ڤیکتۆری باوکی بەڕێوەبەری شارۆچکەیەکی نزیکی ئەوێ بووە، بەرلەوەی ببێتە ئۆتۆمبێلفرۆشێکی سەرکەوتوو. ئەمیلیای دایکی، دیزاینەری چاپکراوەکان بووە و لەگەڵ یەکێک لە براندەکانی جلوبەرگدا کاریکردووە.

میلانیا دیزاین و بیناسازی لە لیۆبلیانا خوێندووە. لە ماڵپەری ئەلیکترۆنی خۆی، وای نووسیبوو کە میلانیا بڕوانامەی زانکۆی بەدەستهێناوە، بەڵام دواتر ئاشکرابوو کە ئەو لە ساڵی یەکەمی خوێندندا، زانکۆکەی بەجێهێشتووە، دواتر ماڵپەرەکە داخرا.

لە تەمەنی 18 ساڵیدا، گرێبەستێکی لەگەڵ ئاژانسێکی جلوبەرگدا لە میلان واژووکرد، دەستی بە گەشتکردن بە ئەوروپا و ئەمریکادا کرد، لە چەندین گۆڤاری گرنگدا دەرکەوت و بەشداری چەندین هەڵمەتی گرنگی کرد. هەر ئەو پیشەیە بوو ئەو و ترەمپی لە هەفتەی نمایشی جلوبەرگدا لە نیویۆرک، بەیەک ناساند.

زانیارییەکان لەبارەی میلانیاوە دەڵێن، ئەویش هاوشێوەی هاوژینەکەی، هەرگیز کحولی نەخواردووەتەوە. بەشداری ئەو شەوە ئاهەنگانە ناکات کە تا درەنگانی بەرەبەیان دەخایەنن، خاوەنی براندی تایبەتی خشڵی خۆی بووە، دەگوترێ کە خۆی دیزاینەری هەندێک لەو خشڵانە بووە کە بەرهەمیهێناون.

لەسەرەتادا و دوای سەرکەوتنی دۆناڵد لە هەڵبژاردنەکاندا، میلانیا لەگەڵ هاوژینەکەیدا رووی نەکردە کۆشکی سپی لە واشنتنی پایتەخت، بەڵکو لە نیویۆرک مایەوە تائەوکاتەی بارۆنی کوڕی کۆرسی خوێندنی تەواوکرد. ساڵی 2017 میلانیا چووە پاڵ هاوژینەکەی لە کۆشکی سپی. لەو کاتەوەی لەوێیە، میلانیا هاوکاری هاوژینەکەیەتی لە دیزاینکردنی یادەکانی سەری ساڵدا.

کاتێک ترەمپ، هێرشی بۆ سەر پەنابەران دەستپێکرد، ئەو رایگەیاند کە هەموو کات پابەندی یاسا و رێوشوێنەکانی تایبەت بەنیشتەجێبوون بووە لە ئەمریکادا. ئەو لە چاوپێکەوتنی گۆڤاری هاربەرس بازار، گوتی "هەرگیز بە خەیاڵمدا نەهاتووە بەبێ دۆکۆمێنت و رێگەپێدانی فەرمی، لێرە بمێنمەوە. پێویستە جێبەجێکەری یاسا و رێساکان بین، هەموو چەند مانگ جارێک سەردانی ئەوروپام کردووە، بۆ ئەوەی ڤیزای نوێ وەربگرمەوە".

لە تەمووزی ئەمساڵدا، لە وڵاتەکەی خۆی (سلۆڤینیا)، پەیکەرێک بۆ خانمی یەکەمی ئەمریکا دروستکرا، شێوەی پەیکەرەکە لە شێوەی کەسایەتییەکانی فیلمی ئەنیمەیشنی 'سەنفورەکان' دەچوو، ئەوە پۆلیسی وڵاتی ناچارکرد لێکۆڵینەوە بکات.

"هاوژینەکەم بڕیارە سیاسییەکان دەدات"

میلانیا خۆی لە مشتومڕە سیاسییەکان پاراستووە، تەنیا لە پاڵ هاوسەرەکەیدا لە بۆنە گشتییەکاندا ئامادە دەبێت، ساڵی 2016 لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی "من بڕیارمداوە نەچمە ناو بواری سیاسەتەوە، سیاسەت کاری مێردەکەمە".

ساتە گرنگەکە بۆ دەرکەوتنی میلانیا لە هەڵمەتەکانی ساڵی 2016دا هات، کاتێک لە کۆنگرەی گشتی پارتی کۆماریی ئەو ساڵەدا هاتە سەر ستەیج بۆ ئەوەی وەک خانمی یەکەمی داهاتووی وڵات، وتارێک پێشکێش بکات، بەڵام رووداوەکە بەباشی تێنەپەڕی.

چاودێران زۆر زوو، هەستیان بەلەیەکچوونێکی زۆر کرد لە نێوان وتارەکەی میلانیا و وتاری میشێل ئۆباما (خانمی یەکەمی پێشووی وڵات)، ئەوە بە دزییەکی ئەدەبیی گەورە ناونرا.

ساڵی 2018، لە کاتی سەردانیکردنی سەنتەرێکی دەستبەسەرکردنی منداڵانی پەنابەردا، چاکەتێکی لەبەرکردبوو کە لەسەری نووسرابوو 'من گوێ نادەمێ، تۆ گوێ دەدەیتێ؟'، ئەوە هەڵایەکی گەورەی نایەوە.

دواتر راگەیەنرا کە میلانیا، ئەو چاکەتەی وەک وەڵام بۆ رەوتی چەپڕەو پۆشیووە کە بەردەوام رەخنەی لێدەگرن. ئەو بە کەناڵی 'ئەی بی سی' گوت "ویستم پێیان بڵێم، من گوێ بە قسەکانتان نادەم".



تائێستاش، زۆر شت هەن لەبارەی میلانیاوە ئاشکرا نەکراون، چونکە ئەو وەک خانمەکانی پێشوو نییە لە کۆشکی سپیدا. گۆڤاری GQ دەڵێ، ئەو زۆرجار ئامۆژگاری و رێنوێنی بە هاوژینەکەی دەدات لە بڕیارە سیاسییەکاندا، کەچی بێدەنگە و ناوەڕۆکی ئامۆژگارییەکانی ئاشکرا ناکات.

میلانیا لەوبارەیەوە گوتویەتی: "تائێستا کەس نەیزانیوە ئامۆژگارییەکان چین، لە داهاتووشدا کەس نایزانێت، ئەوە شتێکی تایبەتە بە خۆم و هاوژینەکەم".

ئەو کتێبەی زۆر نهێنی ئاشکرا کردووە

ماری جۆردۆن، رۆژنامەڤانی بەناوبانگی رۆژنامەی 'واشنتن پۆست' و براوەی خەڵاتی پۆلتەرز، لە ناوەڕاستی تەمووزی ئەمساڵدا، کتێبێکی بەناوی "هونەری دەستەوارەکەی.. چیرۆکە نەگێڕدراوەکەی میلانیا ترەمپ" بڵاوکردەوە، کە باسی لە رۆڵە سیاسییەکەی میلانیا کردووە لە کۆشکی سپیدا.

بەپشتبەستن بە چاوپێکەوتنی زیاتر لە 100 کەس لە پێنج وڵات، ئەو نووسەرە وێنەیەکی نەزانراو لەسەر میلانیا پێشاندەدات. چونکە لە کاتێکدا وێنە باوەکە لەسەری بریتییە لەوەی کە ئافرەتێکی گۆشەگیر و دوور لە گەمە سیاسییەکانی واشنتنە، کتێبەکە دەریدەخات کە میلانیا کەسێکی پشتپەردەی کاریگەرە و تەنیا ئەوە نییە کە لە بازنەی هەرە نزیکی سەرۆکدایە، بەڵکو لە چەندین بڕیاری گرنگدا، تاکە راوێژکاری سەرۆک بووە.

میلانیا بەدرێژایی ژیانی بەئەنقەست خۆی بە تەمومژاوی هێشتووەتەوە، چەندین دۆکۆمێنت و بەڵگەی وێنەدار، دەریدەخەن ئەو، کەسە رووکەشە بێدەنگەکە نییە.

ماری جۆردان بەدواداچوونی بۆ ژیانی میلانیا کردووە لە سلۆڤینیاوە، تاوەکو ئەو دانیشتن و گفتوگۆ درێژانەی لەگەڵ ترەمپدا روویاندا و دواجار ژیانی هاوژینی لێبەرهەمهات.

جۆردان هەموو ئەو رۆڵە سەرەکییانەی میلانیای لە ژیانی ترەمپدا دەستنیشانکردووە، کە ئەو پێش کۆشکی سپی و پاش کۆشکی سپی، رۆڵی گەورەی تێیاندا هەبووە.

هەندێک سەرچاوە لە دەرەوەی کتێبەکەی جۆردانەوە باسی ئەوە دەکەن، لە ساڵانی رابردوودا و دوای ئەوەی میلانیا کەوتە ژێر گوشارەوە، بەهۆی دەرکەوتنی سیاسییانەی ئیڤانکای کچی ترەمپ، ئەو پەنای بۆ دەرکەوتن لە ناوەندە سیاسییەکاندا برد و لە کۆشکی سپیدا، چەندین ئێوارە خوان و کۆبوونەوەی لەگەڵ سیاسەتمەدار و دەستڕۆیشتووەکانی ناو کۆشکی سپیدا، بۆ زیاتر قوڵبوونەوە لە سیاسەتدا کردووە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif