عارف قوربانی
-
لە کارنامەی هەر نۆ کابینەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بە بایەخەوە باس لە گرنگیپێدانی کەرتی کشتوکاڵ کراوە، تەنانەت وەک ستراتیجێکی ئابووریی بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەی داهات سەیرکراوە، هەر نۆ کابینەکە خۆیان پابەندکردووە بە گرنگیپێدان و هاندانی جووتیاران بۆ زیادکردنی بەرهەمی خۆماڵی، کەچی کەرتی کشتوکاڵ ئەگەر خراپتر نەبووبێ، گەشەی ئەوتۆشی نەکردووە. دوای بیست و هەشت ساڵ حوکمڕانیی کوردی، دوای بەڕێکردنی نۆ کابینە کە هەر نۆیان بەڵێنی باشکردنی ئەم کەرتەیان داوە، کەچی هێشتا زۆربەی پێداویستییەکانی رۆژانەی هاووڵاتیان لە بەروبوومی کشتوکاڵی، لە دەرەوەی کوردستان و وڵاتانی دەروجیران هاوردە دەکرێت. لەکاتێکدا ژینگە و سروشتی کوردستان بەجۆرێکە، نەک دەتوانرا پێداویستی ناوخۆ، بەڵکو دەتوانرا کوردستان بەرهەمێکی زۆر بنێرێتە دەرەوە و بیکاتە سەرچاوەیەکی بەهێزی بەدەستهێنانی داهات بۆ خەڵک و حکومەتەکەی.
بەڵام بەپێچەوانەوە، داهاتێکی زۆری کوردستان دەچێتە دەرەوە بۆ کڕینی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. کێشەکەش ئەوەیە تاوەکو ئێستا حکومەت لە هۆکارە سادەو راستەقینەکەی رۆحی گەشەکردنی ئەم کەرتە یان هۆکاری شکستەکەی نەگەیشتووە، لەکاتێکدا ساڵانە پلانی جۆراوجۆری هەبووە بۆ گەشەکردنی و پارەی لێ خەرجکردووە. ستراتیجی هاندانی هەبووە بۆ جووتیاران، کەچی هەر بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە.
هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەم کەرتە چەندی پەیوەندی بەشێوازی زانستیکردن و هاندان و کۆمەککردنەوە هەیە، زۆر لەوانە زیاتر پێویستی بە دۆزینەوەی بازاڕ هەیە.
هیچ پلان و ستراتیجێک سەرکەوتوو نابێ بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ ئەگەر لەپێشدا سەرچاوەی ساخکردنەوەی بەرهەمەکەت بۆ مسۆگەر نەکردبێ. کێشەی کەرتی کشتوکاڵ لە کوردستان ئەمەیە، کە بازاڕی ساخکردنەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی دەستەبەر نەکراوە. وادەزانن هەر پێویستە لە ناوخۆ ساخبکرێتەوە، بازاڕی ناوخۆیی هەم بچووکە و هەم دەرەقەتی هەرزانیی بەرهەمی تورکی و ئێرانی نایەت، بۆیە دەبینی بەرهەمی خۆماڵی شکستدەهێنێ و سەرکەوتوو نابێ.
لەهەر کۆمەڵگەیەکی جووتیارییدا ئەرکی حکومەت بە پلەی یەکەم دۆزینەوەی بازاڕە، کە بازاڕی ساخکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی دەستەبەر بوو، خەڵک خۆی گەشە بە کەرتی کشتوکاڵی دەدات و بەرهەم زیاد دەکات. بۆ ئەمەش هیچ وڵاتێک نییە تەنیا چاوی لەوەبێ بە ساخکردنەوەی بەرهەم لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا پەرە بە کشتوکاڵ بدات، بەڵکو پەنا دەباتە بەر دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی. ئەو جووڵە بازرگانییانەی هەموو جیهانی پێکەوە گرێداوە لەو پێویستییەوە سەرچاوەی گرتووە.
کوردستان لەمەدا زۆر لەدوایە، هەموو شتێک هاوردەی کوردستان دەکات، بەڵام نەیتوانیوە کەڵک لەو کرانەوەیەی جیهان ببینێ تاوەکو بەرهەمەکانی بخاتە ئەو بازاڕە جیهانییەوە.
ئێستا دونیا بەدوای جۆرایەتی باشدا دەگەڕێت، بەتایبەت دوای کۆرۆنا ئەولەویەتی جیهان دەگۆڕێت بۆ خۆراکی باش. کوردستان دەتوانێ ئەمە بکاتە دەرفەت بۆ گەشەکردنی کەرتی کشتوکاڵ و بیکاتە بەهێزترین سەرچاوەی داهات.
ناکرێ هەر چاومان لە نەوت بێ، کە هیچ ئاسۆیەک نییە لە داهاتوودا وەک سەرچاوەیەکی سەقامگیر بۆ هیچ وڵاتێک مایەی ئابوورییەکی دڵنیایی بێ.لەجیاتی زێڕی رەش، کوردستان دەرفەتی هەیە بە زێڕی سەوز سەرچاوەیەکی سەقامگیریی ئابووری دەستەبەر بکات.
رەنگە ئێستا خەڵکی کوردستان ئەم قسەیەیان بەلاوە سەیربێ یان باوەڕ نەکەن، کە بڵێم نرخی یەک کیلۆ کەرەوز گرانترە لە نرخی یەک بەرمیل نەوت. بەڵام ئەو کوردانەی لە ئەوروپا دەژین یان هاتووچۆی ئەوروپا دەکەن دەزانن و بەچاوی خۆیان دەیبینن لە مارکێتە گەورەکانی وڵاتانی ئەوروپا سەت گرام کەرەوز بە پێنج دۆلارە، واتە یەک کیلۆ بە پەنجا دۆلار.
ئەمە هەر بۆ کەرەوز وانییە، بۆ شویت و مەعدەنووس، بۆ هەنجیر و کاڵەک و هەنار و پیاز و کولەکەو باینجانیش بەراوردەکە بە کوردستان هەر بەو جۆرەیە.
دەیان جار لای بەقاڵەکانی خۆمان چوار کیلۆ و پێنج کیۆ کولەکەم کڕیوە بە یەک هەزار دینار، ئەی دەبێ لە عەلوە بە چەند بێ یاخود بە چەند لە جووتیارەکەی بکڕنەوە، بەڵام لە ئەوروپا هەر کیلۆیەکی چەندین دۆلارە.
ئەمڕۆ پیشەسازیی کشتوکاڵ بایەخی ئابووری زۆر زۆرە، کوردستان دەتوانێ وابکات کشتوکاڵ بکاتە سەرچاوەی بژێویی هەموو خەڵکی کوردستان، چ بە رەخساندنی دەرفەتی کار و بە داهاتی بەروبوومەکەشی حکومەت لە نەوت و داهاتی ناوخۆ زیاتری دەستبکەوێت.
خوا سروشت و ژینگەیەکی لەباری پێبەخشیوین ، تەنیا شتێک کە پێویستبێ حکومەت بیکات کردنەوەی کەناڵی پەیوەندییە بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا، ئەو بەرهەمەی لە کوردستان بەرهەمدێت لە رووی تام و بڕی پرۆتین و ڤیتامین، زۆر جیاوازە لەو بەرهەمانەی لە وڵاتانی دیکەوە دەگەیێنرێنە ئەوروپا یان لە ئەوروپا خۆی بەرهەمدەهێنرێن.
لە هەموو ئەوروپا هەنارێکت دەستناکەوێ تامی هەناری هەڵەبجە بدات، یان هەنجیری ئاکرێ، ئەمە بۆ هەموو جۆرەکانی بەرهەمی کشتوکاڵی و بۆ هەموو ناوچەکان هەر وایە.
ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێ دەرگای ئەم بازاڕانە بەڕووی کوردستاندا بکاتەوە، سەوزە و میوەی کوردستان بگەیێنێتە بازاڕەکانی ئەوروپا و میوە بفرۆشێ، زۆر لەو داهاتە زیاتری دەستدەکەوێ کە لە فرۆشی نەوت دەستیدەکەوێ.
جووتیاریش لەڕێگەی دەستەبەربوونی بازاڕی بەرهەمی کشتوکاڵییەوە روو دەکاتەوە زەویوزار، نەک بە رێنمایی و هاندان. ئەگەر بازاڕێک نەبێ بەرهەمەکەی ساخ بکاتەوە، بێگومان پشت دەکاتە ئەو کەرتەو بەدوای کارێکدا دەگەڕێ بژێویی دەستەبەر بکات. پێویستە ئەم لۆژیکەی جووتیارێک بۆ حکومەتیش ببێتە وانە، کە پیشەسازیی وزە و کەرتەکانی دیکە نەبنە سەرچاوەی بژێویی هاووڵاتییەکانت، رووبکەرە کارێکی دیکە. میوەو سەوزەی کوردستان بگەیێنەرە بازاڕەکانی ئەوروپا زیاترت دەستدەکەوێ لەوەی نەوت دەگەیێنیتە دەستیان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق