عێراق له‌نێوان ئێران و كه‌نداوی عه‌ره‌بیدا كامیان هه‌ڵده‌بژێرێت؟‌

ليست هناك تعليقات

مستەفا کازمی، ڕۆژی پێنجشەممە لە واشنتون ڕایگەیاند، ئەمریکا وڵاتەکەی هانداوە بۆئەوەی پەیوەندی خۆی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەهێزبکات بۆ ئەم مەبەستەش، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەم ڕووەوە زەمینەیان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوان بەرپرسانی عێراق و سعودییە و وڵاتانی کەنداو ڕێکخستووە. سعودییە دەیەوێت پرۆژەی زەبەلاح لە عێراق دەستپێبکات و جێ پێی خۆی لەو وڵاتە خۆشبکات و لەولاشەوە تا دێت زیاتر ئێران وەلا دەنرێت.

عێراق بەنیازە تا ٢٠٢٥ هاوردەی نەوت لە ئێران ڕاگرێت

ئیحسان ئیسماعیل، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، عێراق لە هەوڵدایە بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو ڕۆژانە حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت زیاد بکات، لەچاو ئێستادا کە ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل بەرهەمدەهێنێت. لەپاڵ ئەوەشدا هەوڵدەدات هاوردەی گاز لە وڵاتی ئێرانەوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ واتە تا ساڵی ٢٠٢٥ ڕاگرێت.
عێراق دووەم گەورەترین ئەندامی بەرهەمهێنەری نەوتە لە ئۆپیک، نزیکەی ٨٠٪ی هەموو پرۆژەکانی گازی خستووەتە گەڕ بەمەبەستی کەمکردنەوەی هاوکاری وەرگرتن و هاوردەکردنی سووتەمەنی لە ئێرانەوە. ئەمەش ڕاشکاوانە ئاماژە بەوەیە کە دەیەوێت ئەوەندەی لە توانایدایە ڕوو لە ئێران وەرگێڕێت.

سعودییە چۆن دێتە عێراق؟

عێراق لە هەوڵدایە تۆڕی کارەبا ببەستێتەوە بە تۆڕی کارەبای وڵاتی سعودیە و وڵاتانی کەنداو. سعودیە و عێراق بۆ ڕێککەوتن لەبارەی وردەکاری کۆتایی ئەم پرۆژەیەوە کەوتوونەتە گفتوگۆ.

ئەم پرۆژەیە، بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و پرۆژەی هاوبەشی نێوان عێراق، سعودیە و ژمارەیەکی دیکە لە وڵاتانی دیکە وەک کویت و ئیمارات، دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی عێراق لە هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە.

موستەفا کازمی لە سەفەرەکەی دواییدا لە واشنتن ئەم بابەتەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی حکومەتی ئەمریکا تاوتوێ کردووە. ئەمریکا هانی عێراق دەدات پەیوەندی خۆی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەهێزبکات و لە ئێران دوور بکەوێتەوە. بەگوێرەی وتەی عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق، پرۆژەی بەستنەوەی تۆڕی کارەبا لەگەڵ سعودییە لە قۆناغی کۆتاییدایە و پلانی دروستکردنی ئەم پرۆژەیە بەزوویی دەخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

وەزیری کارەبای عێراقیش ڕایگەیاند بەم زوانە تۆڕی کارەبای عێراق دەبەستنەوە بە تۆڕی کارەبای سعودیە و کوەیت. بەهەمان شێوەش وتەبێژی وەزارەتی وزەی سعودییەش ئەم بابەتەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاند ئەم پرۆژەیە لە قۆناغی کۆتایی و جێبەجێکردندایە.

وێڕای ئەمەش بەرپرسانی هەردوو وڵات لە گفتوگۆدان لەبارەی پرۆژەی دیکەوە، وەک پرۆژەی گەشەپێدانی وزە، بەبەهای ملیاران دۆلار. سعودیە لە هەوڵی سەرمایەگوزاری گەورەیە لە عێراق و گفتوگۆ لە نێوان هەردوولا دەستیپێکردووە لەبارەی سەرمایەگوزاری لە مەیدانی نەوتی "ارطاوی" لە عێراق بەبەهای ٢.٢ ملیار دۆلار و ئامانج لێی سوودوەرگرتنە لەو گازە زۆرە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. بەرپرسانی هەردوو وڵاتیش ئەم پرۆژەیان پشتڕاست کردووەتەوە. ئەمە وێڕای ئەوەی بەنیازن سەرمایەگوزاری هاوبەش بکەن بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خۆر.

سعودیە و عێراق بەنیازی دروستکردنی یاریگایەکی وەرزشی ١٠٠هەزار کەسیشن لە شاری بەغداد کە بەهاکەی یەک ملیار دۆلار دەبێت و لەلایەن کۆمپانیا سعودییەکانەوە بودجەی بۆ دابین دەکرێت و دروست دەکرێت.

وەزیری دارایی عێراق وتی بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق بە تۆڕی کارەبای سعودیە و هەندێک لە وڵاتانی دیکەی کەنداو بەم مانایەیە کە لە ساڵی داهاتووەوە هاوردەکردنی گاز و کارەبا لە ئێرانەوە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم دەکات.

هەڵبەتە عێراق بەدوای بەهێزکردنی پەیوەندی بازرگانی و ئابوورییە لەگەڵ سعودیە بۆئەوەی لەسەرەتادا تەرازووی بازرگانی خۆی لەگەڵ ئێران ڕێکبخات، ئێران و عێراق ساڵانە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار پەیوەندیی بازرگانی و ئابوورییان هەیە، لەکاتێکدا ڕێژەی ئاڵوگۆڕ لەنێوان سعودیە و عێراق کەمترە لە نیو ملیار دۆلار لە ساڵێکدا.


ئێران تورکیاشی لێ دەبێت

ڕێککەوتننامەی ئێران سەبارەت بە فرۆشتنی گاز بە وڵاتانی تورکیا، ٢٥ساڵە و لە ساڵی ٢٠٢٦ کۆتایی دێت. تورکیا تا پارساڵیش کڕیاری نیوەی گازی ئێران بوو، بەڵام لەم چەند ڕۆژەی دواییدا مەیدانێکی گازی لە دەریای ڕەشدا دۆزییەوە. ئەردۆگان ڕایگەیاند تا ساڵی ٢٠٢٣ ئەم مەیدانە ئامادەدەکرێت و هەر لەو ساڵەدا بەرهەمهێنانی گاز دەستپێدەکات.
ئەندامێکی ژووری بازرگانی تاران ئەمڕۆ وتی " تورکیا ئیتر گاز لە ئێران ناکڕێت"
حەمیدڕەزا ساڵحی، ئەندام لە ژووری بازرگانی تاران باسی لەوە کرد "بەهۆی دۆزینەوەی مەیدانی گاز لە دەریای ڕەش، تورکیا ئیتر گاز لە ئێران ناکڕێت. ئەنجامی ئەم دۆزینەوەیە ئەوە دەبێت کە تورکیا پێویستی بە ئێران نامێنێت و ئەگەری هەیە ڕێککەوتنی تازە لەگەڵ ئێران لەم بوارەدا نەبەستێت."
ڕاپۆرتی پەیسەر

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif