مرۆڤ لە دۆخی چاوەڕوانیدا مرۆڤێكی ڕاستەقینە نییە

ليست هناك تعليقات

بەختیار عەلی
-
دەبێت ئاگاداری ئەوەبین جەلادەت لە شاری سۆزانییە زەردەكاندا كەسێكە لە چاوەڕوانی مەرگ یان ڕزگاربووندا دەژی، مرۆڤیش لە دۆخی چاوەڕوانیدا مرۆڤێكی ڕاستەقینە نییە، مرۆڤ لە كاتی چاوەڕوانیدا لە منداڵێك دەچێت ھێشتا لەدایك نەبووبێت، ھیچ شتێك وەك چاوەڕوانی ماھییەتی مرۆڤ زەوتناكات.

چاوەڕوانی مانای ئەوەی ھێشتا ئەو ھەلومەرجانە لەدایك نەبوون كە مرۆڤ تێیدا جەوھەری خۆی ئاشكرابكات، ھێشتا مرۆڤ ناتوانێت بڕیار لەسەر بڕیارە گەورەكانی خۆی بدات، جەلادەت لەناو ئاوارەكاندا تێدەگات كە ئەو ناتوانێت تا مردن لە چاوەڕوانیدا دانیشێت، دیارە زەحمەتە بۆ مرۆڤێكی بێپشت و پەنای وەك ئەو لە سفرەوە دەست پێبكات.

ڕاستە ئەو شارە شاری خۆیەتی، ئەو نیشتمانە نیشتمانی خۆیەتی، مرۆڤەكان ھەمان زمانی ئەو قسەدەكەن، بەڵام لەوێ جگە لەو منداڵانەی لە قوڕوچڵپاودا یاریدەكەن دڵی بە ھیچ شتێكی دی خۆش نییە، ئەوێ كچێكی وەك دالیا سیراجەدینی لێ نییە، دكتۆرێكی وەك موسا بابەكی لێ نییە كۆمەكی پێبكەن و ڕێگای نیشانبدەن.

ڕۆژێك مەفرەزەیەكی پزیشكان ڕوو لە چادرگەكەی ئەوان دەكەن، لە ژێر درەختێكدا چادرێك ھەڵدەدەن و دەكەونە پێشوازی نەخۆشەكان. جەلادەتی كۆتر كە ھەمیشە وێنەی دكتۆر موسای بابەكی لە خەیاڵدایە، بە یادی ئەوەوە دەچێت بۆ بینینی ئەو پزیشكانەی كە پێیوایە لەوانەیە سێبەرێك لە سێبەرەكانی ڕۆحی موسای بابەكیان لابدۆزێتەوە، بەڵام لەبری دۆزینەوەی مرۆڤێكی وەك موسای بابەك، ھەندێك گەنجی لە خۆبایی دەبینێتەوە كە لە ژێر لێویانەوە بە لوتێكی منگن لێی دەپرسن: ھا ... كاكە چیت دەوێت؟. لەو دكتۆرانە بوون لە بری ئەوەی مرۆڤ چاكبكەنەوە، ھەر بینینیان مرۆڤیان نەخۆش دەخست.

جەلادەت پاشەوپاش لە ژێر ئەو چادرە دێتەدەرێ و تێدەگات ھەندێجار ئەو ڤێحوڕمەتییەی پیاوە بەڕێزەكانی نیشتمان بە مرۆڤی دەكەن، كەمتر نییە لەو بێحوڕمەتییەی جەلادەكان لە غەریبیدا پێتدەكەن. ئەو ماوە كورتە بەس بوو تێبگات سەختترین جۆری ئاوارەیی ئاوارەیی نییە لە نیشتمان، بەڵكو ئاوارەییە لە مرۆڤەكانی دی.

لە ڕۆمانی «شاری مۆسیقارە سپییەكان»ەوە
لاپەڕە: ٣١٥-٣١٦

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif